Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 06:36

مه‌رگی دڵداری شاعیر له‌شیعرێکی زه‌ینه‌ب خاندا

به‌كه‌سێكی دڵ به‌ڕه‌حم و میهره‌بان ده‌یناسێنێت
کوردستان TV
100%

ن/ سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

لااوندنه‌وه‌و شینگێڕان وه‌ك دۆخێكی ده‌روونی و هه‌ستێكی غه‌مگین، كه‌ده‌ره‌نجامی ڕووداوێكی دڵته‌زێن یان كۆست و خه‌مێكه‌، ڕه‌گێكی درێژی له‌نێومێژووی گه‌لی كوردهه‌یه‌ و سه‌ره‌تاكانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ داستان و گێڕانه‌وه‌و حیكایه‌ته‌ میللی و فۆلكلۆرییه‌كان.

كه‌تیایدا مرۆڤ له‌به‌رامبه‌ر كۆستی له‌ده‌ستدانی ئازیزێكیدا، لاواندنه‌وه‌ و شینی كردوه‌و له‌ڕێگه‌ی ئه‌وده‌ربڕینانه‌وه‌،گوزارشتی له‌وهه‌سته‌ غه‌مگینییه‌ی خۆی كردووه‌. كوردبه‌درێژایی مێژوو ڕووبه‌ڕووی نه‌هامه‌تی و چه‌وسانه‌وه‌ی زۆربۆته‌وه‌،ئیدی تاڕاده‌یه‌كی زۆرئه‌ده‌به‌كه‌شی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وكاره‌ساتانه‌بووه‌.

 بۆیه‌ ده‌بینین له‌ئه‌زموونی شیعری كوردیدا، گوزارشت كردن له‌كاره‌ساته‌كان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناخۆشییه‌كانی ژیان، وه‌ك گوتارێك ئاماده‌یی هه‌بووه‌، كه‌بێگومان شین و لاوانه‌وه‌ش وه‌ك هونه‌رێك ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و گوزارشتكردنه‌وه‌، ئێستاش هونه‌ره‌كانی شین و لاواندنه‌وه‌ی ئازیزه‌كانییان له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه‌ له‌ بۆنه‌و پرسه‌كان ده‌بینرێت. كه‌ڕه‌نگه‌ له‌ئاستی هونه‌ری و بونیادی واتاییدا، له‌ئاستێكی ساده‌ دابن.

 وه‌لێ له‌ناوه‌ڕۆكدا گوزارشت له‌وكۆسته‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش شینی خوشك بۆبراكه‌ی. له‌وڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ یه‌كێك له‌وشیعرانه‌ی هه‌ڵگری ئه‌وگوتاره‌یه‌، شیعرێكی (زه‌ینه‌ب خان)ی ژنه‌ شاعیری دیاری كورده‌ كه‌بۆ مه‌رگی دڵداری شاعیری نووسیوه‌. له‌ڕاستیدا نه‌ك ته‌نها ئه‌وشیعره‌، هه‌موو شیعره‌كانی نێو ئه‌ودیوانه‌ شایسته‌ی له‌سه‌ر وه‌ستانن. چونكه‌ شیعره‌كان له‌ئاستی فۆڕم وناوه‌ڕۆكدا، گوتارو مانا، شیعری جوانن. خوێنه‌ر كاتێ ئه‌وشیعرانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، به‌رتوانای شیعری شاعیرێكی ژن ده‌كه‌وێت كه‌له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، شیعری نووسیوه‌ وتوانای شیعری له‌شاعیره‌ پیاوه‌كان كه‌مترنه‌بووه‌. به‌ڵكوبه‌شیعر گوزارشتی له‌بارودۆخی كۆمه‌لگای ئه‌وكات كردووه‌و په‌یامێكی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ له‌شیعره‌كانی ده‌بینرێت.

كه‌ئامانج لێی پێشخستنی كۆمه‌لگایه‌. بێگومان ئه‌مه‌ش زاده‌ی ئه‌و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یه‌ی ئه‌وشاره‌یه‌ كه‌ ئه‌و شاعیره‌ تیایدا ژیاوه‌ كه‌به‌شاری ئه‌دیبان و ڕۆشنبیران ناسراوه‌. بۆیه‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌وشیعرانه‌ و چاپكردنیان له‌دیوانێكدا، ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ ده‌كاته‌وه‌ بۆخوێنه‌ران به‌ڕووی شاعیرێكی گومناوی ژن، كه‌توانایه‌كی شیعریانه‌ی جوانی هه‌بووه‌و ئه‌مه‌ش له‌شیعره‌كانیدا ده‌بینرێت. له‌شیعری (شیوه‌نی دڵدار)دا زه‌ینه‌ب خان شیوه‌ن بۆمه‌رگی دڵدارده‌كات و له‌شیعرێكدا كه‌ته‌نها له‌ده‌دێڕ پێكهاتووه‌، گوزارشتی له‌هه‌ست وسۆزی خۆی كردووه‌له‌دوای مه‌رگی براكه‌ی. مردنی دڵداری شاعیر نه‌ك ته‌نها بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی، به‌ڵكو بۆگه‌لی كوردیش جێگه‌ی نیگه‌رانی و پرسیاربوو. چونكه‌له‌لایه‌كه‌وه‌ مردنه‌كه‌ی كتوپڕبوو، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ دڵدارله‌ته‌مه‌نێكی یه‌كجارگه‌نجی ماڵئاوایی له‌ژیان كردوو گه‌رمه‌رگ مه‌ودای دابوایه‌، ده‌یان شیعری دیكه‌ی هاوشێوه‌ی(ئه‌ی ڕه‌قیب)و(خه‌نده‌كه‌ی بای)ده‌نووسین، هه‌میشه‌ش مه‌رگی ئازیزان له‌ته‌مه‌نێكی زوودا، پترمایه‌ی خه‌م و كه‌سه‌ری قوڵه‌. بۆیه‌ مه‌رگی دڵداریش بۆزه‌ینه‌ب خان وه‌ك شاعیرێك شۆكێكی ده‌روونی گه‌وره‌ بووه‌، كه‌تیایدا له‌ڕێگه‌ی ئه‌و شیعره‌وه‌ گوزارشتی له‌وخه‌مه‌ی خۆی كردووه‌.له‌وده‌قه‌دا، په‌یوه‌ندی شاعیر به‌مه‌رگی دڵدار، په‌یوه‌ندی خوشك و برایه‌ك نییه‌،به‌ڵكوپه‌یوه‌ندی دوو مرۆڤه‌. ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌ت له‌وه‌ده‌كات كه‌شاعیر شین بۆ مه‌رگی مرۆڤێك ده‌كات به‌رله‌براكه‌ی، واته‌ دنیابینی شاعیردنیابینییه‌كی مرۆڤانه‌یه‌.

 ڕووداوه‌كه‌ لێره‌دا مه‌رگی مرۆڤێكه‌، كه‌له‌ته‌مه‌نێكی گه‌نجی ده‌مرێت،به‌ڵام مرۆڤێك به‌مردنی هه‌ر له‌ خۆی و خوشكه‌كه‌ی ناچێت، به‌ڵكو له‌گشت توێژه‌كانی دیكه‌ش ده‌چێت، چونكه‌ دڵدار شاعیر و هاوكات ده‌رچووی كۆلیژی مافیش بووه‌.

 ئه‌مه‌ش ئه‌و شوناسه‌ به‌ومرۆڤه‌ ده‌به‌حشێت كه‌ئه‌وه‌ی مردووه‌ كه‌سێكی ئاسایی نییه‌، به‌ڵكو ڕۆشنبیرێك مردووه‌. به‌تایبه‌تیش له‌زه‌مه‌نێك كه‌زه‌مه‌نی دواكه‌وتوویی كۆمه‌لگه‌ بووه‌.بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌یدا شاعیر ده‌ڵێت:_

شه‌هسواری عه‌رشی كوردو یونسی دڵدارم ڕۆ

قه‌له‌می عیلم وئه‌ده‌ب و شكۆفه‌ی به‌هارم ڕۆ..

بێگومان، وه‌ك دیاره‌ دڵدار له‌ هه‌ڕه‌تی گه‌نجیه‌تیدا كۆچی دوای ده‌كات. لێره‌وه‌ش شاعیر مه‌رگی دڵدارده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌شكۆفه‌ی به‌هار. ساتی كرانه‌وه‌ی شكۆفه‌، ساتێكی كورت و ڕاگوزه‌ره‌، به‌هاریش وه‌ك یه‌كێك له‌ چواروه‌رزه‌كانی ساڵ، گه‌رچی جوانترین وسه‌رنجراكێشترین وه‌رزی ساڵه‌ لای مرۆڤ له‌ڕووی ڕوحی و ده‌روونییه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌ویش ته‌مه‌نی كورته‌، واته‌ وه‌رزێكه‌، به‌زوویی ده‌ست پێده‌كات و به‌ خێراییش كۆتایی دێت. له‌ڕوانگه‌ی زه‌ینه‌ب خانی شاعیر، مه‌رگی براكه‌ی هاوشێوه‌ی شكۆڤه‌ی به‌هاربووه‌،به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ لێره‌دا له‌وه‌دایه‌، كه‌دوای كۆتایی هاتنی هه‌روه‌رزێكی به‌هار، به‌هارێكی دیكه‌ دێته‌وه‌. به‌ڵام مردنی مرۆڤ، كردارێكی حه‌تمییه‌و ئیدی تاهه‌تایه‌ ون ده‌بێت.به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مرێت هه‌ر ته‌نها مرۆڤێك نییه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵیشدا قه‌ڵه‌مێك ده‌مرێت.

 دیاره‌ قه‌ڵه‌میش هێمایه‌ بۆ خوێنده‌واری و فێركردن و هوشیاركردنه‌وی كۆمه‌ڵگه‌. كه‌واته‌ به‌مه‌رگی دڵدار كورد هه‌رته‌نها مرۆڤێك له‌ده‌ست نادا، به‌ڵكو ڕۆشنگه‌رێك و نوێخوازێك و كه‌سێكی هوشیاریش له‌ده‌ستده‌دا.

 لێره‌وه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌مرێت هه‌رته‌نها جه‌سته‌و بوونی مرۆڤێك نییه‌، به‌ڵكو شوناسی هزریشه‌. به‌مانایه‌كی تر، ئه‌وه‌ی ونده‌بێت ته‌نها جه‌سته‌ وژیانی مرۆڤێك نییه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵیشدا قه‌ڵه‌مێك و په‌یامێك ونده‌بن، كه‌ڕه‌نگه‌ هه‌زاران خۆزگه‌یان له‌ناخدا بێت.

 به‌ڵام پرسیارلێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئه‌ركی ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ هه‌رته‌نها بۆ ناسینه‌وه‌ی شوناسی كه‌سێك بووه‌ كه‌ناوی دڵداربووه‌؟ یاخود هه‌ڵگری ماناو ده‌لاله‌تی تربووه‌؟ به‌ده‌ربرینێكی تر، شاعیر بۆچی بۆمردنی شكۆفه‌ی ئه‌وبه‌هاره‌و ئه‌وقه‌ڵه‌مه‌ دڵ پڕ له‌حه‌سره‌ته‌؟هه‌رته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی برابچووكی بووه‌؟ یاخود په‌یوه‌ندی به‌پرسی تریشه‌وه‌ هه‌یه‌؟ له‌دوونیوه‌ دێڕی دوای ئه‌و دوودێرٍه‌ی یه‌كه‌مدا، خوێنه‌ر ئه‌ركی ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ ده‌بینێت كه‌ مردووه‌. بۆیه‌ ئه‌مجاره‌یان شاعیر ده‌ڵێت:_

سووره‌تی قه‌ومی خۆی كێشا بۆ ئه‌جیالی پاشی خۆی..

دڵ به‌ره‌حم ومیهره‌بان و سوارچاكی نازدارم ڕۆ..

لێره‌دا ئێمه‌ ئه‌ركی ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌له‌ سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌دا شاعیر به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ باسی له‌ده‌ستدانی ده‌كرد،ئه‌ویش كێشانی سووڕه‌تی قه‌ومی خۆی بووه‌، ئه‌ركی شاعیر ناساندنی نه‌ته‌وه‌و مێژووی گه‌له‌كه‌ی بووه‌، به‌نه‌وه‌ی دوای خۆی.

 بۆیه‌ كاتێ ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ ده‌ڕوات، ئه‌وناساندنه‌ش لێره‌دا كۆتایی دێت،به‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه‌ی شاعیریش كۆتاییان دێت كه‌ده‌شَ له‌وته‌مه‌نه‌ گه‌نجییه‌ی خۆیداخه‌ونی پێوه‌ بینیبن.

 به‌ڵام ئاخۆ مردن وه‌ك دواچاره‌نووسی هه‌مووبوونه‌وه‌رێك، ڕێگه‌ ده‌دا به‌و هه‌مووخه‌ونانه‌مان بگه‌ین؟ شاعیر له‌نیوه‌ دێڕی دووه‌مدا، وه‌سفی لایه‌نی كۆمه‌لایه‌تی و مرۆیی دلدار ده‌كات. بۆیه‌ به‌كه‌سێكی دڵ به‌ڕه‌حم و میهره‌بان ده‌یناسێنێت. دیاره‌ زه‌ینه‌ب خان خوشكی گه‌وره‌ی شاعیر بووه‌، وێرای ئه‌مه‌ش به‌منداڵی سه‌رپه‌رشتی و چاودێری دڵداری كردووه‌.

 بۆیه‌ ده‌شێ له‌نزیكه‌وه‌ له‌ سایكۆلۆژیه‌ت و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی دڵدارشاره‌زابێت.ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نزیكیه‌ش بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌دوای مردنی به‌و شیعره‌ لاونه‌وه‌ و شین بۆمه‌رگی براكه‌ی بكات. گه‌رسه‌رنج له‌مێژوو و زه‌مه‌نی نووسینی شیعره‌كه‌ش بده‌ین، ده‌بینین ئه‌وشیعره‌ له‌ساڵی 1948 نوسراوه‌. خودی دڵداری شاعیریش له‌مانگی تشرینی دووه‌می هه‌مان ساڵ كۆچی دوای كردووه‌.

 واته‌ نووسینی شیعره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ چه‌ند ڕۆژێكی كه‌می دوای مه‌رگی دڵدار. ئه‌مه‌ش ئاست و ئه‌ندازه‌ی كاریگه‌ریه‌تی مه‌رگی براكه‌ی به‌سه‌رژیانی زه‌ینه‌ب خانی شاعیرده‌رده‌خات.به‌وه‌ی كه‌ڕووداوه‌كه‌ بۆ ئه‌وهێنده‌ كاریگه‌ربووه‌، له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا و له‌ژێركاریگه‌ریه‌تی ڕووداوه‌كه‌، ئه‌وشیعره‌ ده‌نووسێت كه‌شین و لاوانه‌وه‌یه‌. دوای ئه‌مه‌، شاعیر فاكته‌ره‌كانی مردنی دڵدار باسده‌كات. ئه‌گه‌ر مردن دوا وێستگه‌ی ژیانی هه‌موومان بێت و هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موو بوونه‌وه‌رێكیش دواجار مردن دواچاره‌نووسیانه‌، ئه‌وا له‌ڕوانگه‌ی شاعیر مردنی دڵدار په‌یوه‌ندی به‌هۆكای تره‌وه‌ هه‌بووه‌.واته‌ هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ مرۆڤێك كۆتایی به‌ ژیانی دێت و ده‌مرێت. بۆیه‌ شاعیر له‌وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی شیعریدا،مردنی براكه‌ی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌جه‌هل و نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت. كاتێك ده‌ڵێت:_

له‌ حه‌سره‌ت جه‌هاله‌ت و له‌قه‌هری بێ ده‌وڵه‌تی كورد..

سه‌حه‌ت و روحی خۆی دانا..

فه‌خره‌ بۆئه‌و غه‌رقی حوببی نیشتمان بوو..

 

دڵدار، له‌سۆنگه‌ی خه‌م خواردنی بۆ بوونی جه‌هل و هاوكات نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی، سه‌ره‌تا ته‌ندروستییه‌كه‌ی و دواجار ڕوحی خۆشی دانا، نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و دیارده‌ی نه‌خوێنده‌واری و ناهوشیاریی و دواكه‌وتوویی كۆمه‌لگه‌، ده‌بنه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی دڵدار بمرێت.

 ئه‌و چونكه‌ كه‌سێكی هوشیارو خوێنده‌واربووه‌، ئیدی له‌هه‌موو كه‌سێك زۆرتر دركی به‌دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی كردووه‌، هه‌میشه‌ بۆ ڕۆشنبیران و ڕووناكبیران، دیارده‌كانی كۆمه‌لگه‌ جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ گرتنن.

 ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی كه‌نه‌بوونی ده‌وڵه‌تیش هه‌ر ته‌نها خه‌ونی دڵدار نییه‌ له‌سه‌رده‌می خۆی، به‌ڵكو ئێستاش خه‌ونی ملیۆنان مرۆڤی كورده‌ كه‌به‌داخه‌وه‌ هه‌زارانیان هاوشێوه‌ی دڵدار ئه‌و خه‌مه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌نه‌ ژێر گل،به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ دڵدار ماوه‌ته‌وه‌ دوای مه‌رگی، سه‌رمایه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌یه‌ ئه‌ویش نعرۆبوونیه‌تی له‌ خۆشه‌ویستی نیشتمان.

 شاعیرێك دوای ئه‌وه‌ی هێنده‌ نیشتمانه‌كه‌ی خۆی خۆشده‌وێت، به‌داخه‌وه‌ به‌و ئاواته‌ ناگات و ده‌چێته‌ژێر گڵ.به‌ڵام شانازییه‌كی گه‌وره‌ دوای خۆی جێدێڵێت، كه‌غه‌رق بوونیه‌تی له‌ حوببی نیشتمان.ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ش ده‌بێته‌ شوناسێك بۆ ناسینه‌وه‌ی دڵداری شاعیر دوای مه‌رگی. له‌دوا كۆپڵه‌ی شیعره‌كه‌شیدا، زه‌ینه‌ب خان ڕووداوی مه‌رگی دڵدار، به‌خه‌مێكی گه‌وره‌ دائه‌نێت. خه‌مێك كه‌وه‌ك تیرێك جه‌رگ و قه‌لبی كون كون كردییه‌.هه‌روه‌ك خۆشی ده‌ڵێت:_

جه‌رگ و قه‌لبی كون كون كردم جه‌فای تیری هیجرانی ئه‌و..

هه‌ر به‌ قسه‌ و گوفتار خۆشه‌ بڵێم خه‌ونی هه‌زارم ڕۆ

شاعیر مه‌رگی براكه‌ی له‌وه‌ قوڵتر ده‌بینێت كه‌ به‌وشه‌ بتوانێ گوازرشتی لێبكات. به‌بڕوای ئه‌و ئه‌وه‌ كاره‌ساتێكه‌ زمان ناتوانێت وه‌سفی بكات. بۆیه‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ ته‌نها له‌ناخی خۆیدایه‌. ئه‌و به‌هۆی ئه‌و مه‌رگه‌وه‌، جه‌رگ و دڵی كون كون بووه‌. هاوكات نه‌ك خه‌ونێك هه‌زاران خه‌ونیشی له‌گه‌ڵ كۆچی براكه‌یدا هه‌ڵده‌وه‌رن. دیاره‌ زه‌ینه‌ب خان، هه‌م خوشكه‌ گه‌وره‌ی دڵدار و هه‌میش سه‌رپه‌رشتیارو به‌خێوكه‌ری بووه‌. بۆیه‌ له‌نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ڕوحی له‌گه‌ڵدا هه‌بووه‌ كه‌ دواجار به‌مه‌رگی، ئه‌و كاریگه‌ریه‌ته‌ قوڵه‌ جێده‌هیڵێت. له‌كۆتاییدا ده‌ستخۆشانه‌ له‌مامۆستا عه‌بدوڵا زه‌نگه‌نه‌ ده‌كه‌م بۆ كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی ئه‌و دیوانه‌ جوانه‌ی ژنه‌شاعیرێكی كوردی گومناو.

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.