Erbil 13°C سێشەممە 14 کانوونی دووەم 18:15

سه‌رۆک بارزانى له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانکاری هاوبه‌شى فه‌تح و ده‌وڵه‌تى یاسا کۆبۆوه‌

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌
کوردستان TV
100%


 

ڕۆژی شەممە 7ـی 7ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی هاوبەشی دانوستاندنكاری هەردوو لیستی فەتح و دەوڵەتی یاسا كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە بنیاتانەوەی عێراق و هەروەها ئێش و ئازار و قوربانیدانی دەیانساڵەی گەلی كوردستان، جەختیان لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و هێزە عێراقییەكان و قوربانیدانی هاوبەش لەدژی دیكتاتۆرییەت كردەوە و، داوایان كرد كە لە عێراقدا هەموو لایەك بەیەكەوە قۆناغێكی تازە دەستپێبكەن و هەڵەكانی ڕابردوو دووبارە نەكەنەوە و لەپێناو گەییشتن بە سەقامگیری و شەراكەتی ڕاستەقینە تەحەدیاتی سیاسیی ئێستای عێراق تیبپەڕێنن وە ئەوەیشیان خستەڕوو كە بە بێ تەوافوق و شەراكەتی ڕاستەقینە ناتوانرێ پڕۆسەی سیاسی بەڕێوە بچێت و هیچ دەستكەوتێكیش بۆ هیچ لایەنێك ناهێتە دی.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا شاندی میوان ڕوانگەی سیاسیی لیستی فەتح و دەوڵەتی یاسایان بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و ڕۆشناییان خستەسەر بۆچوونی هەردوو لیستەكە بۆ پێكهێنانی كوتلەی گەورەی پارلەمانی و نووسینەوەی پڕۆگرامی ئیدارەی وڵات لە قۆناغی داهاتوودا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی تەحەدیاتەكان و جێبەجێكردنی دەستوور ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە پەیوەندییە مێژووییەكان و جێبەجێكردنی دەستوور و هەروەها لۆژیك و عەقلانیەت بكرێتە هەوێنی پڕۆسەی سیاسی و پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی لە پڕۆسەی سیاسیدا پەیڕەو بكرێت و لەژێر ڕۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپە كوتلەی گەورەی پارلەمانی دابمەزرێت و حكوومەی تازە پێكبهێنرێت و پێویستیشە هەموو لایەك بۆ ئەو مەنهەج و بنەمایانە بگەڕێنەوە كە لە دوای 2003 عێراقی تازەی لەسەر بنیاتنرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە كە لەو كۆبوونەوەیەدا فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.