Erbil 14°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 14:58

نێچیرڤان بارزانی: هەر 30 رۆژ جارێک مووچەیەک دەدرێت

ره‌نگه‌ له‌ كاتێكی تردا وه‌زاره‌تێكی دیكه‌ پێش بكه‌وێت
کوردستان TV
#7
100%

نێچیرڤان بارزانی رایده‌گه‌ێنێ، ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ گرنگه‌، ھه‌ر ٣٠ رۆژ جارێك مووچه‌ بدرێت، له‌م چه‌ند مانگه‌دا وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌و خشته‌یه‌یان رێكخستووه‌ و، مووچه‌كانیان دابه‌شكردووه‌ .

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ، دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی سازكرد و تیایدا ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو..

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند:  له‌ ٣٠ـی ئه‌یلوول ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ھه‌یه‌ و له‌واده‌ی خۆی ئه‌نجام ده‌درێت و، كه‌سیش به‌ فه‌رمی داوای دواخستنی نه‌كردووه‌، ھه‌رچی ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی ھه‌رێمی كوردستانیشه‌ له‌ دیراسه‌كردندایه‌ و له‌گه‌ڵ به‌غداش له‌ دوای ھه‌ڵبژاردن به‌رده‌وامین. ئێمه‌ ھه‌ر پرۆسه‌یه‌كمان پێ په‌سه‌نده‌ كه‌ ھه‌مووان له‌سه‌ری رێكبكه‌ون و، حه‌زیش ده‌كه‌ین كه‌ ھه‌موو ئه‌و لیسته‌ كوردستانییانه‌ی كه‌ كورسیان ھه‌یه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شداری بكه‌ین و، به‌تایبه‌تی ئێمه‌ و یه‌كێتی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌یه‌ك تیم دانوستان ده‌كه‌ین.

گوتیشی: كۆبوونه‌وه‌كانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌رده‌وامه‌ و ئه‌مڕۆش كۆبوونه‌وه‌مان ھه‌یه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كورد به‌ یه‌ك ھه‌ڵوێست له‌ به‌غدا به‌شدار بێت. شته‌كان له‌ به‌غدا روون نیین، ئه‌نجامی فه‌رمیی ھه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ په‌سه‌ند نه‌كراون، ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ كه‌ ده‌بێت بكرێت و، دواتر زیاتر بوار بۆ ھاوپه‌یمانییه‌تی ده‌كرێته‌وه‌. ئێمه‌ نامانه‌وێت جارێ په‌له‌ بكه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ھه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ به‌غدا به‌رده‌وامین و، له‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌شدار ده‌بین.

له‌ باره‌ی دواكه‌وتنی مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران گوتی: ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ گرنگه‌، ھه‌ر ٣٠ رۆژ جارێك مووچه‌ بدرێت، له‌م چه‌ند مانگه‌دا وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌و خشته‌یه‌یان رێكخستووه‌ و، مووچه‌كانیان دابه‌شكردووه‌ له‌ ٣٠ رۆژ جارێكدا، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ھه‌ر ٣٠ ڕۆژ جارێك مووچه‌یه‌ك بدرێت. ئاگاداری ئه‌و نیگه‌رانییانه‌م به‌ڵام دڵنیایان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ نابێت ئه‌مه‌ ببێته‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی، ره‌نگه‌ له‌ كاتێكیتردا وه‌زاره‌تێكی دیكه‌ پێش بكه‌وێت، هیچ مه‌به‌ست نییه‌ كه‌ ئه‌وان دواخرابن.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، له‌سه‌ر ئه‌و كۆگایانه‌ی چه‌ك كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك ته‌قیووه‌ته‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئاگادارین و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر ھێڵین تاكو له‌ رێگه‌ی لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ راستی و دروستی بابه‌ته‌كه‌ بزانین، ھێشتا زووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ین و با تۆزێك چاوه‌ڕێ بكه‌ین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.