Erbil 13°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 05:04

وته‌بێژی خاوه‌ن پشکه‌کانی چاڤیلاند: سه‌رۆکی نه‌وه‌ی نوێ ئێمه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و پاره‌کانی ئێمه‌ی بۆ دامه‌زراندنی حزبه‌که‌ی به‌کارهێناوه‌

كاتێك‌ داوای پشكه‌كانیان ده‌كه‌ن، پێیان ده‌گوترێت پڕۆژه‌كه‌ شكستی هێناوه‌
کوردستان TV
#7
100%


جارێكی‌ دیكه‌ به‌شێك له‌خاوه‌ن پشكه‌كانی‌ چاڤی‌ لاند له‌به‌رده‌م پڕۆژه‌كه‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجام داو داوایان له‌به‌رپرسانی‌ كۆمپانیاكه‌ كرد چاره‌نوسیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وان ده‌ڵێن: له‌ 2012وه‌ ته‌نها دوو جار قازازنجیان له‌پشكه‌كانیان وه‌رگرتووه‌و، چه‌ند جارێكیش كارتیان پێ داون بۆ یاری‌ كردن له‌ پڕۆژه‌كه‌ ڕێو شوێنی‌ یاسایشیان گرتۆته‌ به‌ر، به‌ڵام دادگاش نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بكات.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، وته‌بێژی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤیلاند له‌شاری سلێمانی رایگه‌یاند، ئه‌و پاره‌ی بۆ پرۆژه‌ی چاڤیلاند داماننابوو، هیچمان لێ قازانج نه‌كرد و بگره‌ ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌رجیشمانكرد بۆمان نه‌گه‌ڕێندرایه‌وه‌‌.

ماكوان حه‌مه‌ فه‌ره‌ج، وته‌بێژی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤیلاند گوتی: سه‌رۆكی نه‌وه‌ی نوێ ئێمه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و هه‌موو پاره‌كانی ئێمه‌ی بۆ دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌ی به‌كارهێنا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ پرۆژه‌ی چاڤیلاند شاسوار عه‌بدولواحید ده‌ستی به‌سه‌ر پشك و پاره‌كانی زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌سدا گرتووه‌ و، تائێستا 250 سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆماركراوه‌، به‌ڵام هیچ كه‌س و لایه‌نێك به‌ده‌م داواكاری و سكاڵاكانمانه‌وه‌ نه‌هاتووه‌.

ناوبراو دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئێستا پارێزه‌ره‌كه‌شمان ناتوانێت داكۆكی له‌ مافه‌كانمان بكات، چونكه‌ به‌به‌رده‌وامی هه‌ره‌شه‌ی لێده‌كرێت و فشاری زۆری خراوه‌ته‌ سه‌ر، بۆیه‌ له‌كه‌یسه‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه‌، گوتیشی، "تائێستا چه‌ندین جار سه‌ردانی دادگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانمان كردووه‌، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه‌ ده‌ستاوده‌ستمان پێ ده‌كه‌ن و به‌ راشكاوانه‌ش پێمان ده‌ڵێن، ئێمه‌ خۆمان له‌شه‌ڕی ئه‌و كابرایه‌ شاسوار عه‌بدولواحید ناده‌ین.

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ دوای ئه‌و هه‌موو هه‌وڵه‌ بێ ئه‌نجامانه‌مان نازانین روو بكه‌ینه‌ كوێ بۆ ئه‌وه‌ی پشك و پاره‌كانمان بگه‌ڕێنینه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ له‌مه‌ودوا به‌رامبه‌ر ئه‌و فرت و فێڵانه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید بێده‌نگ نابین و خۆمان داكۆكی له‌مافه‌كانمان ده‌كه‌ین و تا مافه‌كانمان به‌ده‌ست ده‌هێنین، هه‌میشه‌ روو له‌ كامێراكانی راگه‌یاندن ده‌كه‌ین.

له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا، ماكوان حه‌مه‌ فه‌ره‌ج ده‌می قسه‌كانی له‌ شاسوار عه‌بدولواحید كرد و گوتی، "ئه‌گه‌ر چاڤیلاند شكستی هێنابێت، ئه‌ی بۆچی هێشتا كار ده‌كات؟"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك‌ داوای پشكه‌كانیان ده‌كه‌ن، پێیان ده‌گوترێت پڕۆژه‌كه‌ شكستی هێناوه‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.