Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 04:57

گوندی هات هات

ته‌مه‌نت له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی ئه‌م شاخانه‌یه‌
کوردستان TV
100%

چه‌ند ساڵێك بوو چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازیزانی ده‌كرد، هه‌موو رۆژێ‌ له‌ شاخه‌كه‌ به‌ سه‌ر ده‌كه‌وت و به‌ پارچه‌ شوشه‌یه‌كی شكاو كه‌ پاشماوه‌ی دووربینێكی سه‌ربازی رژێم بوو، ته‌ماشای رێگای ئاوایی ده‌كرد. هه‌ر رێبوارێك به‌ده‌رده‌كه‌وت پارچه‌ شوشه‌كه‌ی له‌به‌رچاوی ده‌گرت و ده‌یگوت هات، هات، هات ... نا ئه‌م جاره‌ش به‌ختم نه‌بوو ئه‌وان نه‌بوون. ساڵ هات و ساڵ ڕۆی ئه‌و له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وام بوو. ئیتر وای لێ‌ هات هه‌ر رێبواێكیش به‌وێدا تێده‌په‌ڕی به‌گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ ده‌ینگوت: هات، هات .... به‌م شێوه‌یه‌ بوو به‌ گاڵته‌جاری خه‌ڵك!! ڕۆژێك ته‌پ و تۆزێك له‌ دووره‌وه‌ به‌ده‌ركه‌وت. وه‌كو هه‌میشه‌ پارچه‌ شوشه‌كه‌ی خسته‌ به‌ر چاوی، به‌ده‌نگه‌ له‌رزۆكه‌كه‌ی گوتی : هاتن، هاتن، هاتن، ئیتر ئه‌م جاره‌ به‌ڕاستی هاتن.

زۆری پێنه‌چوو چوار ئۆتۆمبێل لێی نزیك بوونه‌وه‌، پیره‌ژن نه‌یده‌زانی چی روویداوه‌، ده‌بێ‌ ئه‌مانه‌ كێ‌ بن؟ سوور ده‌یزانی سه‌ربازانی ڕژێم نین، چونكه‌ له‌مێژ بو رژێم ڕوخا بوو. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بینی كۆمه‌ڵێك چه‌كدار له‌ ئۆتۆمبێله‌كان دابه‌زین، یه‌كێكیان له‌هه‌موویان به‌ته‌مه‌نتر بوو، به‌ جلی ئه‌فه‌ندییه‌وه‌ كه‌ پاسه‌وانێكیش به‌دوایه‌وه‌ی بوو له‌پیره‌ ژنه‌ نیزیك كه‌وته‌وه‌، پیره‌ژن به‌ووردی ته‌ماشای پیاوه‌كه‌ی كرد پیاوه‌كه‌ به‌ده‌نگێكی گڕه‌وه‌ گوتی: هێشتا لێره‌ ماوی؟ ماشه‌ڵا به‌چاو نه‌چی ته‌مه‌نت له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی ئه‌م شاخانه‌یه‌. هه‌رچی پیاوه‌كه‌ له‌پیره‌ژن نزیك ده‌بووه‌وه‌ پیره‌ژنه‌كه‌ هێدی هێدی به‌ره‌و دواوه‌ ده‌كشایه‌وه‌، له‌پرێكا له‌شاخه‌كه‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌، له‌ كاتی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ هاواری ده‌كرد هاتن، هاتن.

ده‌ووری شاخه‌كه‌ به‌ تێلدڕ پاوانكرا. ڕۆژی پاشتر ڕۆژنامه‌كان بڵاویان كرده‌ وه‌ پیرژنه‌ شێته‌كه‌ی گوندی هات هات دوایی چه‌ند ساڵ چاوه‌ڕوانی خۆی له‌شاخه‌كه‌ فرێدایه‌ خواره‌وه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ كۆتایی به‌ چاوه‌ڕوانیه‌كه‌ی هێنا !

 ن/ ئازاد ئه‌رگوشی

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

 

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.