یه‌كێك له‌و هۆرمۆنانه‌ی له‌كاتی دووچاربوونی ئافره‌تی دووگیان به‌فشاری ده‌روونی ڕژاندنی زیاد ده‌كات (كۆرتیزۆل (Cortisol،كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه زیاد ده‌كات كاریگه‌ری خراپ بكاته سه‌ر سستمی به‌رگری سروشتی كۆرپه‌له، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپ ده‌كاته سه‌ر ته‌ندروستی گشتی جه‌سته.
دووچارهاتنی دایكی دووگیان به فشاری ده‌روونیی به‌رده‌وام وا له كۆرپه‌له ده‌كات جووڵه‌ی زیاتر و بێت و كه‌متر له بارێكی جێگیردا بێت، هه‌تا فشاره ده‌روونییه‌كه زیاتر بێت له‌سه‌ر دایكی دووگیان هێنده جێگیری باری كۆرپه‌له كه‌مده‌كات و زیاتر ده‌جوڵێت، واته له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كۆرپه‌له له بارێكی هێمنیدا بێت، هۆرمۆنه‌كانی دایك له‌ڕێی وێڵاشه‌وه كۆرپه‌له‌كه بێزار ده‌كات و ده‌یخه‌نه دڵه‌ڕاوكێوه، به‌رده‌وامی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش وا له كۆرپه‌له ده‌كات كه پاش له‌دایكبوون منداڵێكی نائارام و توڕه ده‌ربچێت، به‌ئاسانی هێور نه‌بێته‌وه، به‌ئاسانی نه‌خه‌وێت، جوڵه‌ی زۆر ده‌بێت، ئازار و گرژی ناوسكی تووشببێت.
یه‌كێك له‌و توێژینه‌وه به‌ناوبانگانه‌ی له‌م بواره‌دا ئه‌نجامدراوه ده‌ریخستووه كه (١٦٪)ی ئه‌و منداڵانه‌ی دایكیان له‌كاتی دووگیانی‌دا دووچاری فشاری ده‌روونی به‌هێز هاتوون، له قۆناغی منداڵییاندا دووچاری هه‌ناسه ته‌نگی هاتوون.
توێژینه‌وه‌یه‌كی دیكه كه له وڵاتی دانیمارك ئه‌نجامدراوه له‌لایه‌ن تیمێكی پزیشكییه‌وه به سه‌رۆكایه‌تی دكتۆر (دوریپ هانسن)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه كاریان له‌سه‌ر تۆماری (٣٥٦٠) ئافره‌تی دووگیاندا كردووه كه له‌نێوان ساڵانی (١٩٨٠ - ١٩٩٢)دا منداڵیان بووه، به‌پێی تۆماره پزیشكییه‌كانیان ئه‌م ئافره‌تانه به‌ر له‌ساته‌وه‌ختی منداڵبونیان هه‌تا (١٦) مانگ پێشتر كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری فشاری ده‌روونی به‌هێزه‌وه، به‌هۆی چه‌ند فاكته‌رێكه‌وه، وه‌ك (له‌ده‌ستدانی كار، جیابوونه‌وه له هاوسه‌ر، مردنی كه‌سێكی خۆشه‌ویست یان نزیك، ده‌ركه‌وتنی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له كه‌سێكی نزیك و …تد)، تیمی توێژینه‌وه‌كه ئه‌م ئافره‌تانه‌یان به‌راورد كردووه به (٢٠٠٠٠) ئافره‌تی دووگیانی تر كه منداڵیان بووه به‌ڵام نه‌كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری فشاری ده‌روونی به‌هێزه‌وه، له‌ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وتووه كه شێواوی له‌و منداڵانه‌ی له ئافره‌تانی گروپی یه‌كه‌م له‌دایكبوون دووهێنده‌ی ئه‌و منداڵانه‌یه كه له ئافره‌تانی گروپی دووه‌م له‌دایكبوون، له‌نموونه‌ی ئه‌و شێواوییانه (قڵیشی لێو، یان قڵیشی ده‌م، …تد). ئه‌نجامی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كانی پێش خۆی پشتڕاست كرده‌وه به‌وه‌ی دووچاربوونی ئافره‌تی دووگیان به فشاری ده‌روونی به‌هێز كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر كۆرپه‌له دروست ده‌كات.
بۆیه دایكی دووگیان ده‌بێت به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ باره دهروونییهكهیدا بكات، ده‌بێت بزانێت كه دووچاربوونی ئه‌و به دڵه‌ڕاوكێ و فشاری ده‌روونی به‌رده‌وام، به‌ته‌نها خۆی (باج) ی ئه‌و حاڵه‌ته نادات به‌ڵكو ئه‌و كۆرپه‌له‌یه‌ی ئه‌و به‌درێژایی زیاتر له نۆ مانگ له هه‌ناویدا هه‌ڵیده‌گرێت و ئومێد و هیوایه‌كی زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنێت، ده‌بێته هاوبه‌شی ئه‌و دڵه‌ڕاوكێ و فشاره ده‌روونییه به‌رده‌وامانه‌ی ئه‌و.
بۆیه گرنگه ئافره‌تی دووگیان به‌درێژایی ماوه‌ی دووگیانییه‌كه‌ی خۆی بپارێزێت له به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و فشاره ده‌روونییه‌كان، جا سه‌رچاوه‌ی ئه‌م فشارانه بیركردنه‌وه‌ی نه‌رێنییانه‌ی خودی ئافره‌ته‌كه بێت، یان هۆكاری خێزانی بێت یاخود له‌چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی یان شوێنی كاركردنیدا بێت.
بێگومان به‌ده‌ر له په‌یڕه‌وكردنی چه‌ند ڕێوشوێنێك بۆ دووركه‌وتنه‌وه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی فشاره ده‌روونییه‌كان كه پێویسته ئافره‌تانی دووگیان بیگرنه‌به‌ر، به‌ڵام ڕه‌نگه هه‌ندێجار په‌یوه‌ندی نێوان دوو هاوسه‌ره‌كه ببێته مایه‌ی دروستبوونی فشاری ده‌روونی له‌سه‌ر ئافره‌تی دووگیان، بۆیه پێویسته ئه‌و پیاوانه‌ی هاوسه‌ره‌كانیان له قۆناغی دووگیانیدایه ڕه‌چاوی باری ده‌روونی هاوسه‌ره‌كانیان بكه‌ن و هه‌وڵبده‌ن ڕه‌وشێكی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئارام له‌ناو خێزاندا ده‌ستبه‌ر بكرێت. پێویسته پیاوان ڕه‌وشی دووگیانی هاوسه‌ره‌كانیان به‌هه‌ند وه‌ربگرن و ببنه هاوكار و پشتیوانێكی ده‌روونیی باش بۆیان، چونكه ده‌بێت پیاوانیش بزانن هه‌ر بارگرژییه‌ك له‌ڕه‌وشی خێزانی‌دا له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێته مایه‌ی دروستبوونی فشاری ده‌روونی له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كانیان و دواجار جگه له هاوسه‌ره‌كانیان، ئه‌و منداڵه‌ی چاوه‌ڕوانی هاتنه ژیان ده‌كه‌ن به‌هه‌مان شێوه زیانمه‌ند ده‌بن له‌و ڕه‌وشه.
توێژینه‌وه‌كان سه‌لماندوویانه كه فشاری ده‌روونی كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر دووگیانبوون و دوای ده‌خات، واته هه‌ندێ جار ئه‌و ئافره‌تانه‌ی ده‌یانه‌وێت دووگیان ببن له ماوه‌یه‌كی دیاری كراودا، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئافره‌ته به‌ره‌وڕووی فشاری ده‌روونی قورس ببێته‌وه ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه ده‌بێت كه دووگیانییه‌كه‌ی دوابكه‌وێت.
گرنگترین ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی ئافره‌تی دووگیان پێویسته بیگرێته‌به‌ر له‌ماوه‌ی دووگیانی‌دا به‌مه‌به‌ستی دووركه‌وتنه‌وه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی فشاره ده‌روونییه‌كان:
١- دووگیانبوونی ئافره‌ت به‌پلان بێت یان بێ پلان، نابێت په‌شیمانی له‌دوابێت، بۆنموونه، ئافره‌ت نابێت دووچاری هه‌ستكردن به‌گوناه یان دڵه‌ڕاوكێ ببێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و یان هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌یویستووه ئه‌و دووگیانییه ڕووبدات، چونكه ئه‌م حاڵه‌ته فشارێكی ده‌روونی دروستده‌كات، بۆیه ده‌بێت حاڵه‌ته‌كه وه‌ك خۆی په‌سه‌ند بكرێت و نه‌كرێته گرفتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی له‌نێوان هاوسه‌راندا، ده‌بێت ئافره‌تی دووگیان چێژ ببینێت له دووگیانییه‌كه‌ی نه‌ك به كاره‌سات بیبینێت.
٢- ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌پاش بوونی چه‌ند كچێك ده‌یانه‌وێت كوڕێكیان ببێت، یان به‌پێچه‌وانه‌وه، كاتێك له‌ڕێی پزیشك و پشكنینه‌وه بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت ڕه‌گه‌زی كۆرپه‌له‌كه‌یان پێچه‌وانه‌ی خواستی خۆیانه (خواستی ئافره‌ته‌كه خۆی یان هاوسه‌ره‌كه‌ی)، ده‌بێت ڕه‌گه‌زی كۆرپه‌له‌كه (نێر بێت یان مێ) وه‌ك خۆی په‌سه‌ندی بكه‌ن، چونكه په‌سه‌ند نه‌كردنی ئه‌و ڕاستییه جگه له فشارێكی ده‌روونی (هه‌ندێجار سه‌خت) هیچی دیكه‌ی لێ سه‌وز نابێت. به‌داخه‌وه هه‌ندێجار ئه‌و خێزانانه‌ی كه چه‌ند كچێكیان هه‌یه و كوڕیان نابێت، له‌كاتی ده‌ركه‌وتنی ڕه‌گه‌زی كۆرپه‌كه له‌ڕێی پشكنینه‌وه كه هه‌ر كچه و كوڕیان نابێت، فشارێكی ده‌روونی قورس له‌سه‌ر ئافره‌ته‌كه دروست ده‌كه‌ن، هه‌ندێجار بۆچوون و ویستی پیاو هۆكاری ئه‌م فشاره ده‌روونییه‌ی ئافره‌ته. پزیشكێكی ئافره‌تی (سۆنار) بۆی گێڕامه‌وه كه زۆرینه‌ی ئافره‌تان له دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆردا ده‌ژین كاتێك دێن بۆئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی كۆرپه‌كه‌یان بزانن، هه‌ندێجار له‌كاتی ده‌ركه‌وتنی ڕه‌گه‌زی كۆرپه‌كه كاتێك هه‌واڵه‌كه‌یان ده‌ده‌مێ هه‌ندێكیان دووچاری شۆك ده‌بن، ئه‌م پزیشكه ده‌ڵێت، جاری وا هه‌یه ئافره‌ت ده‌ڵێت مێرده‌كه‌م پێی گوتوم ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش سكه‌كه‌ت كوڕ نه‌بێت ئه‌وا مه‌یه‌ره‌وه بۆ ماڵه‌وه و بچۆره‌وه ماڵی باوكت. ئافره‌ت هه‌یه هێنده ده‌كه‌وێته گێژاوێكی ده‌روونییه‌وه كه كاریگه‌ری زۆر خراپ له‌سه‌ر باری ده‌روونی دروستده‌كات، چونكه ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ئه‌گه‌ر هه‌ر كوڕی نه‌بێت ئه‌وا هاوسه‌ره‌كه‌ی هاوسه‌رگیری دووم بكات. له‌كاتێكدا كۆرپه‌له‌كه كچ بێت یان كوڕ ده‌بێت ببێته مایه‌ی به‌خته‌وه‌ری خێزان و دووهاوسهرهكه، بۆیه ده‌بێت هاوسه‌ران خۆیان به‌دوور بگرن له‌م بۆچوونه كۆنه‌په‌رستانه‌یه و ئه‌و مافه به‌خۆیان نه‌ده‌ن كه خواستێكی كۆنه‌په‌رستانه‌ی له‌مجۆره ببێته مایه‌ی فشاری ده‌روونی له‌سه‌ر ئافره‌تی دووگیان، به‌داخه‌وه هه‌ندێجار ماڵه خه‌زوران و كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی خێزان ده‌بنه مایه‌ی دروستبوونی فشاری ده‌روونی بۆ ئافره‌ته دووگیانه‌كه، بۆیه پێویسته هاوسه‌ره پیاوه‌كه به‌هه‌موو جۆرێك ڕێگه له‌و ده‌ستێوه‌ردانانه بگرێت.
٣- ده‌بێت ئافره‌تی دووگیان بزانێت كه دووگیانی ته‌نها ڕووداوێكی بایۆلۆژی نییه، له‌هه‌مان كاتدا باری ده‌روونی ئارام و دوور له دڵه‌ڕاوكێ و فشاری ده‌روونی پێویسته، فه‌راهه‌م بوونی ئه‌و ڕه‌وشه ده‌روونییه دووگیانییه‌كی ئاسووده مسۆگه‌ر ده‌كات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنیشی بۆ سه‌ر كۆرپه‌له‌ی ئێستا و منداڵی ئایینده ده‌بێت، بۆیه ده‌بێت دایكی دووگیان چه‌نده گرنگی به باری ته‌ندروستی كۆرپه‌له‌كه و ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی و واده‌ی له‌دایكبوونه‌كه‌ی و ئاماده‌كارییه‌كان ده‌دات، ئه‌وه‌نده گرنگی به‌باری ده‌روونی خۆی بدات و ژینگه‌ی یه‌كه‌می كۆرپه‌له‌كه‌ی كه بریتییه له منداڵدانی دایك بكاته ژینگه‌یه‌كی ئارام و هێمن بۆی.
٤- هاوسه‌ری ئافره‌تی دووگیان به‌هه‌مان شێوه له‌دابینكردنی ڕه‌وشی ده‌روونی ئارام و له‌بار بۆ هاوسه‌ره دووگیانه‌كه‌ی، ئه‌ركی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ و ده‌بێت به‌رده‌وام دڵنیایی و سۆز و خۆشه‌ویستی ببه‌خشێته هاوسه‌ره دووگیانه‌كه‌ی و خۆی به‌دوور بگرێت له وروژاندنی نه‌رێنیانه.
٥- بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره ده‌روونییه‌كانی پێویسته ئافره‌تی دووگیان به‌پێی ڕێنماییه‌كانی پزیشك وه‌رزشی گونجاو بكات، هه‌روه‌ها ده‌بێت گرنگی زۆر به ڕاهێنانه‌كانی خۆخاوكردنه‌وه بدرێت.
٦- نابێت ئافره‌تی دووگیان به‌رده‌وام ته‌لقینی نه‌رێنیانه‌ی خۆی بكات، ده‌بێت گه‌شبینانه له ته‌ندروستی خۆی و منداڵه‌كه‌ی بڕوانێت.
٧- گرنگیدان به چالاكی به‌سوود و په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و شتانه‌ی ئارامی و شادمانی پێده‌به‌خشن.
٨- خۆدوورخستنه‌وه له‌هه‌ر شتێك ده‌بێته مایه‌ی دروستبوونی فشار و دڵه‌ڕاوكێ.
٩- ده‌ربڕینی ئه‌و شتانه‌ی نائارامی ده‌كه‌ن، یان له‌لای ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی باشی له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه، یان له‌لای پزیشكه تایبه‌ته‌كه‌ی.
ن/ سامان سیوه‌یلی
كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.