گرفتی گرانبوونی بەنزین لە هەرێمی كوردستاندا سەر هەڵدەداتەوە و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێریش كۆبوونەوەیەك لەو بارەیەوە دەكات و بڕیارە بۆ چارەكردنی گرفتەكە، چەند هەنگاوێك بگیرێنە بەر.
لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، گرفتی گرانبوونی بەنزین لە هەرێمی كوردستاندا سەری هەڵداوەتەوە و بەشێك لە هۆكاری گرانبوونی بەنزینیش پەیوەندیی بەو ڕێكارانەوە هەیە كە ڕێگە نادرێت كوالێتیی بەنزین لە ئاستێكی خراپدا بێتە كوردستانەوە، بەشێكی دیكەیش وەك چاودێرانی ئابووری باسی دەكەن، ململانێی نرخی بازاڕی ئازادە لەسەر هاوردەی بەنزین.
عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتیی كوردستان، گوتی: "ڕۆژی دووشەممەی حەفتەی دابێ، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەك لەو بارەیەوە دەكات، لیژنەی پیشەسازیی ئەنجومەنی پارێزگایش بۆ ئەم مەبەستە ڕاپۆرتی خۆی دەخاتە ڕوو و گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت".
ڕەشید گوتی: "یەكێك لە پێشنیازەكان ڕەنگە ئەوە بێت، كە تا ئەم قەیرانە تێدەپەڕێت، بەنزینخانە حكوومییەكان كارا بكرێنەوە و تایبەت بكرێن بە ئۆتۆمبێلی تەكسی، چونكە ئەوان لە دۆخێكی خراپدان و توانای ئەوەیان نییە ئەو پارەیە بدەنە بەنزین".
بە گوتەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، چەند هۆكارێك لە پشت گرانبوونی بەنزینەوەن، یەكێك لەوانە ڕێگەنەدانە بەو كۆمپانیایانەی كە بەنزینی كوالێتی نزم دەهێننە كوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.