Erbil 7°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 23:20

چیرۆکه‌ تراژیایدییه‌کان له‌ نێو سینه‌مای کوردیدا

پڕن له‌ كاره‌سات و چیرۆكی مرۆیی كه‌ كه‌موێنه‌ن له‌ وڵاتانی دیكه‌دا
کوردستان TV
100%

 له‌ سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا و بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی ئابووری هه‌ر وڵاتێكدا، سینه‌مایه‌ك یان ، دامه‌زراوه‌یه‌كی هونه‌ری له‌دایك ده‌بێت، ئه‌و سینه‌مایه‌ش ده‌بێته‌ دایكی هونه‌ر له‌و وڵاته‌دا، چونكه‌ مۆركی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵده‌گرێت و به‌ سینه‌مای نیشتمان ناوزه‌ند ده‌كرێ.

 له‌هه‌مان كاتدا ئه‌و هونه‌ره‌ ده‌بێته‌ ئاوێنه‌ی ژیان له‌و وڵاته‌دا، به‌ جۆرێك خه‌م و كه‌سه‌ری نیشتمان له‌ چاوی كامێراكانی دا تۆمار ده‌كات، یاخوود هونه‌ر و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و پێشكه‌وتنی وڵات له‌ ڕووی ئاوه‌دانی و بیناكاری و به‌ چه‌ند گرته‌یه‌كی دیكۆمێنتی ده‌كاته‌ خامه‌ی فیلمێكی درێژ یان كورت، له‌وێشدا ناوه‌ستێت حه‌زی داهێنان زیاتر ده‌بن و تا ده‌گات به‌و ئاسته‌ی ڕۆژانێك له‌ فیستیڤاڵێكی نێوده‌وڵه‌تی و لۆكاڵی دا به‌رهه‌می ساڵ و ساڵانی پێشوو نمایش بكات.

 له‌ كوردستانی خۆشماندا هونه‌ری سینه‌ما تازه‌یه‌، به‌ڵام به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك كاری كردووه‌، توانیویه‌تی خه‌ونی به‌ جیهانیبوون نزیك بكاته‌وه‌، چونكه‌ ده‌یان به‌رهه‌می سینه‌مای هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ گه‌یشتن به‌ ڕكابه‌رییه‌كانی وڵاتانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاش، ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی مه‌زنه‌ له‌ مێژووی سینه‌مای كوردیدا، كه‌ توانراوه‌ به‌ هێز و بازووی هونه‌رمه‌ندان به‌ده‌ست بهێنرێت.

ئێمه‌ گه‌لێكین له‌ ته‌واوی بواره‌كاندا به‌ به‌راورد له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو له‌ سه‌ره‌تا داین، به‌ڵام ئه‌زموونێكمان له‌ هونه‌ری ڕه‌سه‌ن و كلتوور و دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ كاتێك كه‌ ڕووبه‌ڕووی ڕكابه‌رایه‌تی ده‌بینه‌وه‌ بێ ترس و گوێدانه‌ هیچ شتێك ده‌چینه‌ نێو قوڵایی ڕكابه‌رایه‌تیه‌كه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ ڕابردوودا له‌ هونه‌ری سینه‌مادا به‌شدار بووین له‌ چه‌ندین فیستیڤاڵی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستی ده‌یان وڵاتی خاوه‌ن ئه‌زموون، بگره‌ چه‌ند جارێكیش به‌ به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ كوردییه‌كان بووین به‌ خاوه‌نی خه‌ڵات، كه‌ ئه‌مه‌یش ده‌ستكه‌وتی نیشتمانێكه‌ به‌تایبه‌ت بۆ كورد، كه‌ ته‌نیا بۆ خۆی پشتیوانی خۆیه‌تی، له‌ هیچ لایه‌كه‌وه‌ ده‌ستی پشتیوانیی پێناگات، ته‌نانه‌ت له‌ سینه‌ماشدا داهێنان و جووڵه‌ هونه‌رییه‌كان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌زموونی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ده‌ن، بۆ دیاریكردنی ئه‌زموونی سینه‌ما له‌ نێو كورددا.

به‌رهه‌مه‌ كوردییه‌كانی ئێمه‌ش به‌وه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ له‌ وڵاتان كه‌ پڕن له‌ كاره‌سات و چیرۆكی مرۆیی كه‌ كه‌موێنه‌ن له‌ وڵاتانی دیكه‌دا، به‌تایبه‌ت گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، یان ده‌ستوور و داب و نه‌ریتی ئه‌و میلله‌ته‌، بۆیه‌ كه‌ ده‌گه‌ین به‌ فیستیڤاڵه‌كان خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه‌ زۆر به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ به‌رهه‌مه‌كانمان، چونكه‌ ده‌یانه‌وێت زیاتر له‌ باره‌ی كورده‌وه‌ بزانن، تاكه‌ ڕێگه‌ش بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ كلتوور و فه‌رهه‌نگی كوردی بینینی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجی منه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ناكرێت له‌ژێر په‌رده‌ی گێڕانه‌وه‌ی كاره‌سات و ئه‌و تراژیدیایانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و میلله‌ته‌ دا دێن ئێمه‌، گرته‌ی وه‌حشیگه‌رانه‌ نیشان بده‌ین، به‌ جۆرێك كه‌وا نیشان بدرێت كورد هێشتا له‌ ڕووی ئه‌قڵه‌وه‌ گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌، ته‌نیا له‌ بیناكاریی دا نه‌بێ، به‌نموونه‌ش له‌ هه‌ندێ له‌ به‌رهه‌مه‌ كوردییه‌كان هه‌وڵ دراوه‌ نموونه‌ی پیاوی كورد وا ناشیرین بكرێت كه‌ له‌ وڵاتان ڕق له‌ كورد هه‌ڵبگرن، ئه‌مه‌یش له‌ ئه‌نجامی كه‌م ئه‌زموونیی ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌دا ده‌بێت، كه‌ ده‌یه‌وێت بینه‌ر بۆ فیلمه‌كه‌ ڕابكێشێت، پیاوێكی دڵڕه‌ق ده‌كاته‌ پاڵه‌وانی به‌رهه‌مه‌كه‌ی كه‌ تاوانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دوور له‌ مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام ده‌دات.

ن/ شه‌خه‌وان مسته‌فا

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.