له‌دوای به‌كۆتا هاتنى پرۆسه‌ى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و وه‌راگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه ، پارتى دیمو‌كراتى كوردستان توانى سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره تۆمار بكات له‌سه‌ر ئاستى عێراق له‌پله‌ى چواره‌م دایه و له‌سه‌ر ئاستى كوردستان له‌پله‌ى یه‌كه‌م دێت .
ئه‌مرۆ شه‌ممه 19 - 5 - 2018 نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان په‌یامی سه‌ركه‌وتن و پیرۆزبایی بڵاو كرده‌وه كه‌تێیدا پیرۆزبایی له ته‌واوى ئه‌ندامانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ده‌كات ، نێچیرڤان بارزانى جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنه‌كه‌ى گەڕاندەوە بۆ بەرگریكردنی پارتی لە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان، پابەندبوونی پارتی به ڕێبازی نیشتمانیانەی بارزانیی نەمرو خەباتی بەردەوامی جەنابی سەرۆك بارزانى لەپێناو ئامانجەكانی گەلی كوردستاندا
دەقی پەیامی سەركەوتن و پیرۆزباییی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
جەماوەری خۆشه‌ویست و تێكۆشەری پارتى
ئەم سەركەوتنە سه‌ره‌تا له خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و له پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان، ئینجا لە هەموو ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان و تێكڕاى گه‌لى كوردستان پیرۆز دەكەم. ئەم سەركەوتنە دیموكراسییە گەورەیە لەو بارودۆخە هەستیارەدا بۆ پارتی زۆر واتادارە. بەرهەمی خەباتی پارتی و بەرگریی پارتییە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكانی گەلی كوردستان و بەرهەمی خەباتی بەردەوامی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی یە لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستاندا.
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، مەكتەبی سیاسی، ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی، ئه‌نجومه‌نه‌كانى سه‌ركردایه‌تیى پارتى له پارێزگاكان، مەكتەبەكانی پارتی، ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رى و پیشه‌ییه‌كان، هەموو ئەو هەڤاڵانەی سەرپەرشتیی كەمپینەكانی هەڵبژاردنیان دەكرد لە پارێزگاكاندا، هەموو لق و ناوچە و ڕێكخراو و بنكه‌كەكان، ئەوپەڕی چالاكییان نواند بۆ سەرخستنی لیستی پارتیمان. كار و خەباتی هەموویان و ئەرككێشانی هەموو دەنگدەرانی پارتی، جێگەی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینه. لە هەمان كاتدا ڕۆڵی ڕاگەیاندنی پارتیمان و چالاكیی گەنجانی پارتی لە هەموو بوارەكان و شێوازەكانی تازەی كاركردن لەپێناو سەرخستنی لیستی پارتیدا، بەرز دەنرخێنین. هەموو كاندیدەكانی لیستی 184ی پارتی و كاركردن و هەوڵ و ماندووبوونیان، جێگەی ڕێزی بەردەوامى سەركردایەتیی پارتین.
سوپاسى ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م كه به‌شدارییه‌كى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ئاستى عێراق تۆمار كرد و مافى دیموكراسیانه‌ى خۆیان به‌كار هێنا، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌موو داموده‌زگا حكوومییه په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌م كه له به‌ڕێوه‌چوونى ئارام و سه‌ركه‌وتووانه‌ى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردندا، ڕۆڵێكى گه‌وره‌یان گێڕا.
لەو باوەڕەداین كە هەموو بەرپرس و ئۆرگانەكان و ئەندامانی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە هێزوەرگرتن لەو سەركەوتنە تازەیە، كارێكی زۆرتر دەكەن بۆ سەركەوتنی گەورەتری پارتی. خەباتی پارتی و درێژەپێدانی ڕێبازی بارزانیی نەمر و پابەندبوونی بەردەوامی بە ئامانجە پیرۆزەكانی گەلی كوردستانه‌وه، هەمیشە وزەیەكی نوێی خەباتكردن دەداتە ئەندامان و جەماوەری پارتی.
نوێنەرە سەركەوتووەكانی پارتی وەك هەمیشە پابەند دەبن بە خەونەكانی شەهیدان و ئامانجەكانمان و بەرگریكاری دڵسۆز دەبن لە بەرژەوەندییەكانی هەموو گەلی كوردستان و بەرگری لە مافەكانی هەموو خەڵكی عێراق دەكەن لە پەرلەمانی عێراقدا.
كوردستانیانی خۆشەویست،
هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی میللی، دوای بەخشینی شەهیدێكی زۆر و كارەساتی زۆری شەڕ و دوای ماوەیەكی كەم لە شكستپێهێنان و هەڵوەشاندنەوەی هەوڵ و هێرشەكانی نەهێشتنی قەوارەی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستان، توانی بە ئارامییەكی زۆره‌وه، سەركەوتووانە پرۆسەی گەورەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدات، ئەوەش نیشانەی هۆشیاری و بەرزیی هەستی نیشتمانیی خەڵكی كوردستانە.
ئێمە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی گەلی كوردستانەوە، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین هەموو ناكۆكییە ناوخۆییەكان وەلاوە بنێن و لەپێناو دابینكردنی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، ئامادە بن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ بەمەبەستی دانانی كارنامەیەكی هاوبەش لەپێناو بەشدارییەكی بەهێزی كوردستان لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا. پارتی بۆ ئەم مەبەستە لە ئێستاوە ئامادەیە بۆ هەموو گفتوگۆ و كارێكی هاوبەش.
گەلی خۆشەویستی عێراق،
پیرۆزباییی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقتان لێدەكەم، هیوادارین ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە ببنە مایەی دروستبوونی پەرلەمان و حكوومەتێكی تازەی ئەوتۆ لە عێراقدا كە دەستوور جێبەجێ بكات و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و هەموو ئەو مافانەی هاووڵاتیانی عێراق كە لە دەستووردا هاتوون، دابین بكات. ئومێدەوارین ئەو هەڵبژاردنە ببێتەوە سەرەتایەك بۆ دروستكردنەوەیەكی نیشتمانیانەی هەموو دەزگا دەوڵەتی و حكوومییەكانی عێراق كە ڕەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بن.
ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆكردنێكی بنیاتنەرانە لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ دروستكردنی حكوومەتێكی هاوبەش كە تەوافوق و شه‌راكه‌ت و پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكاتە بنچینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و كاروباری عێراق، بەو شێوەیەش دەتوانین هەموو كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراق چارەسەر بكەین.
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
19/5/2018
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.