Erbil 9°C چوارشەممە 01 کانوونی دووەم 19:04

راگه‌یه‌نراوێک له‌ ده‌زگای سه‌ته‌لایتی کوردستان

هێزێكی چه‌كدار په‌لاماری په‌یامنێرمان هێڤی هیواو وێنه‌گره‌كه‌ی دابان سه‌روه‌ر مه‌حمودیان دا و دوای لێدان و ئازاردان و سووكایه‌تی پێكردنیان
کوردستان TV
100%

له‌ كاتێكدا ستافی كاری كوردستان تی ڤی رۆژانه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌ركی خۆیان بۆ روماڵكردنی هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌دا، به‌ داخه‌وه‌ به‌ شێوازی ناشارستانیانه‌و دوور له‌ هه‌موو به‌هاو یاسا و داب و نه‌ریتێك به‌ جۆره‌ها شێواز ده‌كرێنه‌ ئامانج و له‌لایه‌ن چه‌كدار و هێزی ئه‌منییه‌وه‌ په‌لامار ده‌درێن و رێگریی له‌ كاركردنیان ده‌كرێت.

له‌ كاتی رووماڵكردنی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ به‌كره‌جۆ له رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌ به‌ بێ هیچ پاساوێك هێزێكی چه‌كدار رێگرییان له‌ په‌یامنێرمان شیلان  فه‌ره‌ج و وێنه‌گه‌ره‌كه‌ی توانا قادر كرد و په‌لاماریان دان و دوای لێدان و ئازاردانیان كامێراو مۆبایله‌كانیشیان شكاندن. هه‌ر له‌ هه‌مان رۆژ كۆمه‌ڵێك چه‌كداری لایه‌نێك كه‌ بۆ ده‌نگدان هاتبوون له‌ بنكه‌ی ده‌نگدانی ئه‌حمه‌دی خانی له‌ هه‌ولێر په‌لاماری په‌یامنێرمان ئامانج سالحیان داو كه‌لوپه‌له‌كانیان لێ زه‌وت كرد و سه‌ریشیان شكاند.

هه‌روه‌ها له‌ رۆژی 11ی ئه‌م مانگه‌ش له‌ كاتی رووماڵكردنی ده‌نگدانی هاووڵاتیانی تاراوگه‌ له‌ شاری ستوكهۆلم له‌ سوید هه‌ندێك لایه‌نی نه‌ناسراو په‌لاماری په‌یامنێرمان چه‌تۆ ساڵح و ستافه‌كه‌یان داو ئازارێكی زۆریان پێگه‌یاندو كامێره‌كه‌شیان شكاند.

له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردنی گشتیش له‌ 12/5 و له‌ شاری سلێمانی جارێكی دیكه‌ له‌ بنكه‌ی شاریا، هێزێكی چه‌كدار په‌لاماری په‌یامنێرمان هێڤی هیواو وێنه‌گره‌كه‌ی دابان سه‌روه‌ر مه‌حمودیان دا و دوای لێدان و ئازاردان و سووكایه‌تی پێكردنیان، كامێراو كه‌لوپه‌له‌كانیشیان بردووه‌.

ئێمه‌ له‌ ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌مجۆره‌ كرده‌وه‌ نامرۆڤانه‌و ناشارستانی و نایاساییانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ په‌یامنێر و وێنه‌گر و ستافی كاركردنمان له‌م شوێنانه ده‌كرێن‌، داوا له‌ لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیدار له‌ كۆمیسیۆن و حكومه‌تی هه‌رێم و داموده‌زگاكانی و حزب و لایه‌نه‌كان و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ناوخۆ و جیهانیش ده‌كه‌ین كه‌ چیتر له‌م پێشێلكارییانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ راگه‌یاندكارانمان بێده‌نگ نه‌بن و ئیجرائاتی پێویست به‌رامبه‌ریان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بتوانن كارو ئه‌ركی خۆیان وه‌ك پێویست جێبه‌جێ بكه‌ن و ئه‌م لایه‌نانه‌ش چی دیكه‌ جورئه‌ت نه‌كه‌ن مه‌یدانی كاری راگه‌یاندكاران بكه‌ن به‌ دارستان و هه‌رچی خۆیان پێیان خۆشبێت بیكه‌ن و به‌ بێ لێپرسینه‌وه‌و سزادان تێپه‌ڕ بێت.

ئێمه‌ له‌ كاتێكدا بۆ هه‌موو لایه‌ك دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ شانازی ده‌كه‌ین یه‌كه‌مین ته‌له‌ڤزیۆنی ئاسمانی كوردستانین و خاوه‌ن مێژوویه‌كی دوورو درێژین له‌ كاری پیشه‌یی خۆمان، سورین له‌سه‌ر گه‌یاندنی په‌یامی مرۆڤ دۆستی و نیشتمانی و ئه‌مجۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌شسورترمان ده‌كات له‌ به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌ركی خۆمان به‌ راستگۆیی و به‌رپرسیارییه‌تی و پابه‌ندیی نیشتمانی و گواستنه‌وه‌ی راستیه‌كان بۆ خه‌ڵكی كوردستان و جیهان.

ئێمه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ رێكاری یاسایی ده‌گرینه‌ به‌ر داواش له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوان و ده‌ستدرێژییانه‌ بكه‌ن و رێكاری توندیش بگرنه‌ به‌ر بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌یان و پاراستنی گیان و سه‌لامه‌تی كارمه‌ندانی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان و سه‌رجه‌م راگه‌یاندكاران.

هیوای سه‌لامه‌تی و شیفا بۆ په‌یامنێر و وێنه‌گر و ستافه‌كانمان ده‌خوازین، ده‌ستخۆشیشیان لێ ده‌كه‌ین كه‌ بوێرانه‌ و پێشمه‌رگانه‌ ئه‌رك و كاری پیشه‌یی خۆیان به‌ به‌رده‌وامی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

 

ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان

12/5/2018

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.