لهبارهی پهلاماردان و سوكایهتیكردن له پهیامنێر و وێنهگری كوردستان تی ڤی له كاتی روماڵی دهنگدانی تایبهت بۆ ههڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق له سلێمانی، دهزگای سهتهلایتی كوردستان بهیاننامهیهكی بڵاوكردهوه ئهمه دهقهكهیهتی:
بەمەستی ڕوماڵ کردنی پیشهیی دهنگدانی تایبهت لە بنکەی روناکی لە گەرەکی بەکرەجۆ لە سلێمانی تیمێکی کوردستان تیڤی کە پێک هاتبون لە هەریەکە لە شیلان فەرەج پەیامنێری دەزگای سەتەلایتی کوردستان و توانا حەمە قادر وێنەگری دەزگامان چونە بنکەی ناوبراو ، بەڵام بەداخەوە لەلایەن هێزێکی ئەمنی كه بهشێكیان دەمامکداربوون، بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و ئەمنی پەلامار دران و ڕووبەڕووی لێدان و ئازاردان و سوکایەتی و جنێودان و تەشهیری زۆر بوونەوە و کامێرای کوردستان تیڤی و مۆبایلی پەیامنێرەکەشمان شکێنرا ، ئێمە لە دەزگای سەتەلایتی کوردستان ئەم جۆرە رێگریکردن و پەلاماردان و لێدان و ئازاردانانە ئیدانە دەکەین .
ئەمە یەکەمجار نیە ڕێگری لە تیمەکانمان دەکرێت و سوکایەتی و تەشهیریان پێ دەکرێت و پەلامار دەدرێن و لێیان دەدرێت ، لهوانهیه دواجاریش نابێت ، بەڵام ئەم جۆرە رەفتارە ناشارستانی و نایاساییانە ساردمان ناکاتەوە لە کاری میدیایی پرۆفیشناڵانەی خۆمان و لەو نەهجەی هەر لەسەرەتاوە پەیرەویمان کردوەو بەردەوامیش دەبین لەسەری کە نەهج و بەرنامەی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان و ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتیە ، هەر لەو پێناوەشدا قوربانیمان بە زۆر مافی خۆمان داوە لە پێناوی دروست نەبوونی نائارامی وئاڵۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی .
ئەم جۆرە رەفتارو پەلاماردانانە، ناشارستانیه و دووره لە ئازادی کاری میدیایی و دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت تا کەشێکی ئارام بۆ میدیاکاران و دەزگا میدیاییەکان برەخسێت بۆئەنجامدانی رۆماڵ و کاری رۆژنامەوانی .
ئێمە لە دەزگای سەتەلایتی کوردستان وێرای ئیدانە کردنی پەلاماردان و لێدان و ئازاردانی تیمی دەزگاکەمان هیوای ساغ و سەلامەتی و تەندروستی بۆ پەیامنێر و وێنەگرەکەمان دەخوازین و هەمو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان تیڤی بەردەوام دەبێت لە پیشەیی بون و راستگۆیی و گواستنەوەی دەنگ و رەنگی ئەوانەی کە پێویستە دەنگ و رەنگیان بگواسترێتەوە .
دەزگای سەتەلایتی کوردستان
10ی ئایاری 2018
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.