Erbil 25°C دووشەممە 23 ئەیلوول 22:27

نێچیرڤان بارزانی: بەرامبەر پیلانی دوژمنان وەستاینەوە و قەوارەی کوردستانمان پاراست

لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی هەولێر، بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی 184ی پارتی
کوردستان TV
#7
100%

 

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی گوتەیەکیدا کە لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی شاری هەولێر، بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی 184ی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشکەشی کرد، رای گەیاند، حکوومەتی عێراق بە جێبەجێ نەکردنی دەستوور، پەیوەندیتان لەگەڵ کوردستان تێکدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10\5\2018، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی کەرنەڤاڵی جەماوەریی خەڵکی زاخۆ بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی 184ی پارتی، رای گەیاند: ”دڵنیا بن لەوەی دۆخی ئابووری لە کوردستان لە پێش شەڕی داعش چۆن بوو، زۆر باشتری دەکەین. پاشەکەوتی مووچەمان زۆر کەمکردۆتەوە، پشت بەخوا داهاتی کوردستان زیاد دەبێ و پاشەکەوتی مووچە بە تەواوی نایەڵین“.


دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی:

ئامادەبووانی بەڕێز

کوردستانییانی خۆشەویست
ئێوەی بەڕێز کە لەم گردبوونەوە جەماوەرییە ئامادەن، یان لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە سەیرمان دەکەن و گوێمان لێ دەگرن، ئێوارەتان باش و هەموو لایەکتان بەخێر بێن سەرچاوان.

ڕێز و سڵاو و خۆشەویستیی جەنابی سەرۆک بارزانیم بۆ هەموو لایەکتان پێیە و هەموو بەخێر بێن.

خۆشەویستان

ئێمە کەمتر لە دوو ڕۆژمان ماوە بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراقی فیدرالدا. ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی کوردستان ڕووداوێکی گرنگە کە ڕەنگە هاوپەیمانێتیی سیاسیی تازە لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا دروست ببن، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و ژیانی خەڵک دەبێ.
کێشەی کوردستان کە لە عێراق ناوی کێشەی کوردییە، ئێستا ئەو کێشەیە، وەک کێشەیەک بۆ گەلی کوردستان دەمێنێتەوە.

بەپێی دەستووری عێراقیش چارەسەر نەکراوە، ئەو دەستوورەی ساڵی ٢٠٠٥ پێکەوە نوسیمان و دەنگمان بۆ دا. لەبەر جێبەجێ نەکردنی دەستوور، ئێستا کێشەکە ناوەکەی بۆ کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا گۆڕا.

ئێمە لێرە بە هەموو هاوبەشە عێراقییەکانمان دەڵێین، بە جێبەجێنەکردنی دەستوور پەیوەندیتان لەگەڵ کوردستان لاواز کرد. بڕیاری باری ئەمنیی عێراق و دەسەڵاتی نیشتمانیی عێراقتان تێکدا، لە ئەنجامدا زۆرترین ڕێژەی نەخوێندەواری و بێکاری و هەژاری لە عێراق دروست بوو. ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانان کە چاودێریی نووسینەوەی دەستووری عێراقیان دەکرد، چەندینجار لەکاتی دامەزراندنی حکوومەتەکانی عێراق بەڵێنیان دا کە چاودێریی جێبەجێکردنی دەستوور دەکەن. لێرەوە پێیان دەڵێین لەپێش چاوتانە بە بەڵگەوە کە دەستووری عێراق جێبەجێ نەکرا. ئیتر نابێ چیتر جێبەجێنەکردنی دەستوور پشتگوێ بخەن. چونکە تێکچوونی دۆخی ئەمنی کاریگەریی خراپ لە ناوچەکە و عێراق و کوردستان جێدەهێڵێت.

کێشەی سەرەکیی ئێمە جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ گەلی عێراق دەنگیان بۆ دا.

لە سەردەمی برێمەرەوە کە 12 ساڵ زیاترە، داوای چارەسەری دەستووری بۆ چارەنووسی خاک و خەڵکی خۆمان دەکەین، لە چوارچێوەی عێراقدا.
کێشەی دووەمی ئێمە کێشەی بەشی کوردستانە لە داهاتی گشتی. نامانەوێ باسی ڕابردوو بکەین و کۆنە دەفتەر هەڵدەینەوە، بەڵام دەبێ باسی ئەوە بکەین کە بەغدا بەردەوام خۆی لە ئەرکەکانی لە ئاستی هەرێمی کوردستان دزیوەتەوە، هەندێک جاریش کێشەکانی کوردستانیان بۆ ململانێی خۆیان لە بەغدا بەکار هێناوە، یان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دژی هەرێمی کوردستان بەکاریان هێناوە.


دوای ئەم هەڵبژاردنە، کە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق دروست دەکرێ، ئێمە بۆ ماف و بەشی کوردستان لە داهاتی گشتی، دەگەڕێینەوە عێراق و دەست بە دانوستاندن دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییانەی کە تائێستاجێبەجێ نەکراوە. دەمانەوێ بەشە بودجەی کوردستان بە تەواوی بدرێ و مووچە و پێویستییەکانی پێشمەرگە دابین بکرێ و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی مافەکانیان پێ بدرێ. عێراق پابەندییەکانی بەرامبەر بە فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات و جیاوازی نەکات.

دەمانەوێ هەروەک لە دەستووری عێراقدا هاتووە، دەستەی گشتیی چاودێریکردنی دابەشکردنی داهاتە فیدرالییەکان دروست بکرێ و بەشی کوردستان لە قەرزی نێودەوڵەتی و یەدەگی نەختینەیی عێراق بدرێ و بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکانی کوردستان تەرخان بکرێ. دەمانەوێ قەرەبووی ناوچە زیانلێکراوتووەکانی دەست سەردەمی بەعس بکرێتەوە کە لەلایەن دادگای تاوانەکانی عێراقەوە دیاری کراون.

دەمانەوێ بەپێی دەستوور نەوت و غاز بەرهەم بهێنین و سیاسەتی ستراتیژیی نەوت و غازی عێراق بە هاوبەشی دابنێین، وەک لە دەستووردا هاتووە.

دڵنییاین ئێمە دەتوانین باری ئابووریی خەڵکی کوردستان باش بکەین و هەنگاوی باشمان لەمبارەیەوە ناوە، لەبەر ئەوەی خاوەن مافین و ڕاستی و حەق بەلای ئێمەدایە، دڵنیا بن کە لە ئەنجامدا هەر کوردستان سەردەکەوێت و باری ئابووریی کوردستانیش بەرەو باشی دەڕوات.

دڵنیا بن لەوەی دۆخی ئابووری لە کوردستان لە پێش شەڕی داعش چۆن بوو، زۆر باشتری دەکەین. پاشەکەوتی مووچەمان زۆر کەمکردۆتەوە، پشت بەخوا داهاتی کوردستان زیاد دەبێ و پاشەکەوتی مووچە بە تەواوی نایەڵین.

لە کابینەی پێنجەمدا پێشینەی هاوسەرگیری و جووتیارانمان خستە نێو بودجەوە و دەتوانین ئەو پێشینانە دەست پێ بکەینەوە، ئەگەر ئارامی و تەباییمان هەبێ، باری داراییمان باشتر دەبێ.

لە شەڕی داعش، زۆر ناوچەی کوردستان زەربەی گەورەیان بەرکەوت، لە سەرووی هەموویانەوە شنگال کە ئەو بێویژدانییەی لەو ناوچەیە بەرامبەر بە خوشک و برایانی ئێزدی کرا، گەلی کوردستانی تووشی شۆک کرد. داوا دەکەین چاوێکی بەرپرسیارانەی لەئاست ئەو کارەساتە گەورەیە هەبێ کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند.

دەمانەوێ حکوومەتی عێراق دۆخی ناوچە دابڕاوەکان بکاتەوە و قەرەبووی خەڵکی شنگال و مەخموور و دەشتی نەینەوا و سەعدیە و جەلەولا و خورماتوو بکاتەوە و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک هاوکار دەبین.

بەڕێزان
ڕاستە نوێنەرانی گەلی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقدا زۆرینە نین، بەڵام دەستووری عێراق، عەرەب و کوردی وەک دوو نەتەوەی یەکسان و شەریک لە عێراق ناساندووە،بەپێی دەستوور دەبێ بنەمای تەوافوق لە بەڕێوەبردنی کارەکانی عێراقدا پەیڕەو بکرێ کە لە ئەنجامی جێبەجێنەکردنی دەستووردا، کورد و زۆر لە پێکهاتەکان هەست بە دوورخستنەوە دەکەن.

سیاسەتی زۆرینە و کەمینە سیاسەتێکی چەوتە و داهاتووی نییە، کێشەمان لەگەڵ ئەو سیاسەتە بووە، ئەگینا گەلی عێراق بۆ ئێمە برا و هاوبەشە وەک گەل، هەمیشە باوەشی کوردستان لە هەموو دۆخێکدا بۆ پێشوازییان کراوەیە و کراوە دەبێ. لایەنی کوردستانی کە بەگوێرەی قەوارەی خۆی چووەتە بەغدا، بەشدارییەکی بەرپرسیارانەی لە حکوومەتی فیدرال کردووە. هیچ ڕۆژێک ڕیگەمان بە خۆمان نەداوە بەشێک بین لە کێشە مەزهەبییەکان، بەڵام گەلی کوردستان مافی خۆی بە باشی لە بەغدا وەرنەگرتووەتەوە.

ئێمە وەک گەلی کوردستان فێر بووین هەموو ڕۆژێک لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ بەغدا بکەینەوە، پاش هەڵبژاردنی دووسبەی جارێکی دیکە دەمانەوێ لاپەڕەیەکی نوێ بکەینەوە. داوا لە لایەنە براوەکانی عێراق دەکەین، چاوێک بە مێژوودا بگێڕنەوە، مێژوو دەڵێ ئەو کەسەی خێری بۆ کوردستان نەویستووە، خێریشی لە خۆی نەدیوە.

گەلی کوردستان گەلێکی پاک و ڕەوشتبەرزە لە سیاسەتدا، ١٠٠ ساڵە کوردستانیان بە عێراقەوە لکاندووە و لەسەر خاکی خۆمان زوڵممان لێ دەکەن، بەڵام ئێمە لەگەڵ گەلی عێراق وەک گەل درز نەکەوتووەتە نێوانمان. کێشەمان لەگەڵ گەلی عەرەب و تورکمان و ئێزدی و مەسیحی نییە، داوا لە برایانی بەغدا دەکەین، وەڵامی خۆشەویستیمان بە خۆشەویستی بدەنەوە.

کوردستانییانی خۆشەویست
با بێینە سەر دەفتەری ناوخۆیی

لەم لایەنەوە ئێمە لە کوردستان وتارمان دیارە و لاپەڕەی کۆن هەڵنادەینەوە، داوا دەکەین لایەنەکانی کوردستان دەست لە دروشمی دژایەتیی پارتی هەڵگرن، ئەوەندە ئاسان نەچنە ناو باوەشێکەوە لە پێناو دژایەتیی پارتیدا ئەوەندە ئاسان نەچنە هەموو باوەشێکەوە.چونکە دیرۆکی ٧٢ ساڵی ڕابردوو نەیگوتووە لایەنێک یان کەسێک خێری لە دژایەتیی پارتی دیوە.


بەڕێزان زۆر درێژە لیستی ئەوانەی بەرامبەر بە پارتی دۆڕاون، زۆر کەمە ژمارەی ئەوانەی توانیویانە تەنیا گرەوێکی بچووکیش لە پارتی ببەنەوە. داوا لەو لایەنانە دەکەم، تاقیکردنەوەی فاشیل دووبارە نەکەنەوە، پەیامی ئاشتییانەی پارتی بۆ یەکڕیزی و تەبایی قەبوڵ بکەن باشترە لە سیاسەتی چەوتیان بەرامبەر بە پارتی. با ئەوەندە خۆڵ نەکەنە چاوی خەڵک و چاویان کوێر نەکەن، چونکە خۆشیان دەزانن ئەو سیاسەتە چەوتە ئێمە وەک کوردستان بارێکی گەورەمان لەسەر شانە، بەرژەوەندیی دونیایی و ڕق و کینەی کوێرانە تەمەنیان کورتە.

داوا لە خەڵی کوردستان دەکەم، گوێ لەو بانگەشانە نەگرن کە دەیانخەڵەتێنن، دەشزانم خەڵک هۆشیارن و ناخەڵەتێن، پارتی حزبی دوێنێ و پێرێ نییە کەس نییه‌ نه‌یناسێت. فەرموون سەیری ڕابردووی ئەم کوردستانە بکەن، کام دەستکەوت لە کوردستان هەیە کە دەستکەوتی پارتی نەبێ؟ یان کام دەستکەوت هەیە کە پشکی شێر بەر پارتی نەکەوێ بۆ جێبەجێکردنی ئەو دەستکەوتە؟ ئەوانەی ئەمڕۆ خەڵک دەخەڵەتێنن و بەردەوام قەوانی دژی حکوومەت و پارتی لێدەدەنەوە، لێرەوە لەگەڵ خەڵکی کوردستان لێیان دەپرسم، ئەرێ باشە ئێوە نەبوون تا دوێنێ دەهاتن داوای پۆست و پلەی حکوومیتان دەکرد؟ ئەرێ ئێوە نەبوون تا کۆتاییش لەگەڵ حکوومەت مانەوە، کەچی ئەمڕۆ ماوەیەکی کەم بەر لە تەواوبوونی حکوومەت لەو حکوومەتە کشانەوە؟ تەنها بۆ ئەوەی کشانەوەکەتان بکەن بە بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. پێتان وایە خەڵک هێندە بێئاگا و نەزانە کە تێناگات؟

پارتی هەر ئەوە نییە حزبێک بێت لە گۆڕەپانەکە، بەڵکوو خاوەنی پێناسەی کوردەواری و کوردپەروەرییە، پارتی حزبی کوردی موسوڵمان و ئێزدی و کاکەیی و فەیلی و حزبی تورکمان و کریستیانە کە هەموویان وەک یەک خۆیان بە خاوەنی ئەم حزبە و ئەم پارتییە دەزانن.

بەڕێزان لە سلێمانی گوتم شەڕ بە سلێمانی ناکەین، بەڵکوو شەڕ بۆ سلێمانی دەکەین. ئێمە باوەڕمان بەوەیە و لەبەر ئەوەش، سەرەڕای هەموو سەختییەکان، هەبوون و مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانمان پاراست و نەمانهێشت بەبیانووی پارێزگا، کوردستان لەت بکرێت.


پێم خۆشە حزبەکان لە سلێمانی کە گوێیان لەو پەیامە بوو، کاتێک گوتم هەندێک حزب لە سلێمانی ئیرهابی فیکری بەرامبەر بە جەماوەری پارتی ئەنجام دەدەن. دەمانەوێ خۆزگەی خەڵکی خۆشەویستیی خەڵکی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین لە ئاوەدانیدا جێ بهێڵین. پارتی حزبی دیپلۆماسیەتی نەرمە لە سیاسەتدا، تاوەکوو دانیشتن و گوێگرتن هەبێ، پەنا بۆ هیچ شێوازێکیتر نابەین. داوا لە حزبەکانی سلێمانی دەکەم، سوود لە تاقیکردنەوەی پارتی وەربگرن بۆ ئاشتی و یەکڕیزی و لەگەڵ پارتی هەناگاو بنێن.


ئەو وتە ناخۆشانەی لەم ماوەیەدا لەو خەڵکانەوە دەرچوون، تەنیا بە سوودی ناحەزانی دەرەکی تەواو دەبێ و ئەو لایەنانە خۆشیان زیاتر زەرەر دەکەن، دەبێ ئەوە بزانن کە پارتی خواردنی کەس نییە. لە پێناو یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لەبەغدا، داوا لە هەموو لایەنەکانی کوردستان دەکەم، دوای هەڵبژاردن ئامادەبن پێکەوە دابنیشین بۆ دانانی کارنامە و پلانی کوردستانیی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان. ئێمە لە ئێستاوە ئامادەین و هەموو هەوڵێکیشمان بۆ یەکڕیزی دەبێ.


خۆشەویستان داوا لە جەماوەری کوردستان و دەنگدەران دەکەم، بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن ویژدانی خۆیان بکەنە حەکەم، سەیری دوێنێ و ئەمڕۆش بکەن، ئەوەی پارتی لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئاوەدانی و ئابووری و ڕۆشنبیری ئەنجامی داوە، خەرمانێکە ئەوەندەی کێوی قەندیل و هەڵگورد مەزن و بەرزە.

ئێمە لە پارتی قەت نەمانگوتووە بێ هەڵەین و پەرێزمان بێ کەموکورتییە، کە کاردەکەین بە دڵنیاییەوە هەڵەش دەکەین، کەسێکیش هەڵەی نەبێ، نیشانەی ئەوەیە دانیشتووە، یان خەوتووە و کار ناکات، ئێوە جەماوەری خۆشەویستی کوردستان، ئێوە پشتی پارتە ڕەسەنەکەی خۆتان بگرن، ئەو پارتییەی خاوەن ورەیەکی پتەوە وەک پۆڵا، ئێمە جارێکیتر و دوای ئەم هەڵبژاردنە، بەخۆماندا دەچینەوە و کار لەسەر نەهێشتنی کەموکوڕییەکان دەکەین، زۆر بەرنامە بۆ داهاتوو.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان، خاوەنی دۆزێکی سیاسین و کۆمەڵێک کێشەمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا هەیە، ئەگەر بمانەوێ دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنین، دەبێ یەکگرتوو بین، هەندێک لایەن لە هەرێمی کوردستان وەک هەرزەکاری سیاسی، خەریکی کوتانەوەی ڕێگەی بەغدا بوون، وەک ئەوەی هەنگوینیان لەدار دۆزیوەتەوە، ئەو کێشانەی پێشتر باسمان کرد، کێشەی گشتین. حکوومەتی کوردستان وەک حکوومەت بەرپرسە لە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، ئەوەی ئەو حزبانە دەیکەن بە هاتوچۆی ڕێگەی بەغدا، پێچەوانەی یاسا و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە. دیاربوو لە بەغداش گوێیان لێ نەگرتن و هیچیان پێ نەدان و دەستبەتاڵ گەڕانەوە بۆ کوردستان.


لە کۆتاییشدا بەغدا و دونیاش بە پشتیوانیی ئێوە، بەخۆڕاگریی ئێوە و خوێنڕشتن و کۆڵنەدانی ئێوە.، کوڕەکانتان لە تلسقۆف و سحێلا و پردێ، دووبارە دونیا مامەڵەی لەگەڵ ئێمە کرد. دڵنیا بن تا پارتی خاوەنی ئەم جەماوەرە بێت، تا پارتی خاوەنی ئەم پشتگیرییە بێت، دیسانەوە مامەڵە هەر لەگەڵ پارتی دەکرێ.

ئەو هەڵسوکەوتانەی ئەم لایەنانە هەموویان، نیشانەی دوو شتە، یەکەم فەشەلی خۆیان لە سیاسەت، دووەم ڕق و کینەی کوێرانەیان بەرامبەر بە پارتی کە هەردووکیان وەک دوو نەخۆشی بکوژ وان بۆ ئەوانەی دەیکەن. بۆ خاوەنەکانیان. با لایەنەکانی دیکە بۆ بەرەی گەل و مافە رەواکانی بگەڕێنەوە، کە هاتنەوە ئەو بەرەیەش، پارتی دەبینن چونکە ئێستا و ئایندەش لە بەرەی گەلە و لە بەرەی گەل دەمێنێتەوە.

 

ئازیزان ئێمە دەزانین گەلی کوردستان لە دۆخێکی سەختی ئابووری دایە، خۆمان لە بەرپرسیارێتی نادزینەوە، هەرچەندە بەرپرسیارێتیی لە ئێمە گەورەتر، شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و سیاسەتی بەغدا بوو بەرامبەر هەرێمی کوردستان. خۆمان لە بەرپرسیارێتی نادزینەوە و بەڵێن دەدەین لە داهاتوودا ئەو دۆخە سەختە باش بکەین و دۆخەکە باشتر بووە و دڵنیابن لە ئایندەدا باشتر دەبێت. بەڵێن بێت لە ئێمەوە، تا بکرێت و ڕێی تێدەچێت، ڕێگەی بەغدا لە پێناو باشترکردنی ژیانی گەلەکەمان دەگرینە بەر. پەیوەندیمان لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری کوردستان لەگەڵ دونیای دەرەوە باشتر دەکەین. خەمبارین بە گرانبوونی باری ئابووریی خەڵک، بەڵام زۆرمان بڕیوە و کەمی ماوە و هەموو هەوڵێکمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەبێ.


ئەم بارە تا سەر وانابێت، ژیان و ئابووری لە کوردستان دەبوژێنینەوە، سوپاس بۆ خۆڕاگریتان، ئێمە بە بەرگریی پێشمەرگە و شەونخوونیی هێزەکانی ناوخۆ و ئێوە، بەرامبەر پیلانی دوژمنان وەستاینەوە و قەوارەی کوردستانمان پاراست.


هەرچی لەسەر ئەم خاکە هەیە، چ دەستکەوتی مادی و مەعنەوی بێت، هەموویان دەستکەوتی خۆڕاگریی ئێوەن، ئێمە تەنیا خزمەتکارێکی بچووکی ئێوەین، مێژووی کوردستان، مێژووی خۆتان و پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیدانی بنەماڵەکانی ئێوەیە. مێژووی ئەوانەیە کە بەر شاڵاوەکانی ئەنفال کەوتن و ئەوانەیە کە ڕەنج و قوربانییان دا، ئێمە لێرە یادیان دەکەینەوە و دەست لەسەر سنگ بۆیان دەچەمێینەوە.


دەمانەوێ سڵاو بنێرین بۆ ئەوانەی لە کۆن و نوێدا بەم وڵاتەدا ماندوو بوون، سڵاوی سەرۆک بارزانی لە گیانی ئەوانەی بەهیوای کوردستانەوە سەریان نایەوە.


سڵاو لە پیر و کاڵ، سڵاو لە ژن و منداڵی ئەم وڵاتە. سڵاو لە کرێکاران و کارمەندانی گشتی
سڵاو لە مامۆستایان و قوتابیان، سڵاو لە دکتۆر و ئەندازیاران
سڵاو لە هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشی ناوخۆ


دووبارە داواتان لێ دەکەم، جارێکی دیکە بۆ ناحەزانی ئەم وڵاتەی بسەلمێنن کە هەولێر هەر پارتییە و هەر پارتیش دەمێنێتەوە.


ڕۆژی شەممە بە هیواوە بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن. ئەمجارە پێویستە وەک هەموو جار، خاوەنی ورەی بەرز بن، دڵنیا بن کوردستان زیاتر لە جاران دەگەشێتەوە و بەرەو پێش دەڕوات. بۆ بەردەوامیی ئارامی و ئاسایش، بۆ بونیادنان و ئاوەدان کردنەوە، بۆ بەردەوامیی کار و کەسابەت و بەختەوەری، ڕۆژی شەممە، دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن. دەنگ بدەن بە لیستی ئەو شەهیدانەی لە پردێ و سحێلا و تلسقۆف، بە گیان و خوێنی خۆیان کوردستانیان پاراست و نەیانهێشت قەوارەی کوردستان بکەوێت.


دەنگ بە پارتی بدە، ئەگەر قارەمانیی پێشمەرگە جوامێرەکانی نەبووایە، ئێستا لەم وڵاتەدا ئارامی و سەقامگیری و کار و ژیان لەم وڵاتە نەدەما
دەنگدان بە پارتی نیشانەی ئەوەیە کە ترستان نابێ لە داهاتوو . پارتی بە بوێری دەمێنێتەوە و گۆڕەپانی خەبات بەرنادات تا هەموو ئەو دەستکەوتانە بەدەست نەهێنێت کە هەمووتان پێیوەی ماندوو بوون و خەباتتان بۆی کردووە.


دەنگدان بە پارتی دەنگدانە بە داهاتوو، لیستی ١٨٤ی پارتی لە پێناو دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستان، بۆ بەغدا دەگەڕێتەوە. بۆیە مافی خۆیانە و هەموو ئەوانەی لێرەن، مافی خۆیانە داوای دەنگدانتان لێ بکەن و بە پشتیوانیی ئێوە بۆ بەغدا بگەڕێنەوە.


خۆشەویستان خەمتان نەبێ، داهاتووی ئێوە بە دەست و قەڵەمی ئێوە دێنە دی. دەنگ بە ئێمە بدەن کە وەک قەڵا و منارە سەربەرزەکەی هەولێر، لەگەڵ ئێوە بووین و لەگەڵیشتان دەبین. پارتیی ئێمە خاوەنی گەورەترین شۆڕشی هاوچەرخ و ئەندازیاری گەورەترین سەروەرییە و ئەو حزبەیە زۆرترین شەهیدی لەم وڵاتە لە پێناو خەونەکانی گەلی کوردستان هەیە. پارتی خاوەنی سەروەرییە چونکە خاوەنی ئێوەیە.
ڕۆژانی ئێمە و ئێوە، ڕۆژی شەممە ٨ی بەیانییە
دەنگ بە لیستی 184ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.

دوایین قسەم ئەوەیە

داوا لە هەڤاڵانم لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دەکەم، کاک مەسروور و کاک ڕۆژ و هەمووان دەکەم، بفەرموونە سەر تەختەی شانۆ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.