Erbil 34°C دووشەممە 23 ئەیلوول 16:30

مەسرور بارزانی : پێشمەرگە ئەنفالچی نین و ئەنفالچی بەزێنن و دوژمن بەزێن و خۆفرۆش بەزێنن

ئەگەر پارتی نەبا، ئەمڕۆ بە زمانی عەرەبی ستران و هۆزان بۆ داگیرکەرانی کوردستان ده‌وترا
کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌یاریگاى زاخۆی نێو ده‌وڵه‌تى مەسروور بارزانی  ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان له‌میانى به‌شدارى له‌ئاهه‌نگى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵكى زاخۆ ووتارێكى پێش كه‌ش به‌ئاماده‌بووان كرد ، له‌ووتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌ ڕه‌وشى ئێستاى كوردستان و پڕۆسه‌ى ڕیفراندۆم له‌به‌ڕێوه‌چوونى به‌سه‌ركه‌وتوویی دا ، مه‌سرور بارزانى له‌ووتاره‌كه‌یدا ڕاشیگه‌یاند : ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ به‌ زمانی کوردی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن و زماندرێژی دەکەن و تۆمەت و بوختان بۆ پارتی دەکەن، ئەگەر پارتی نەبا، هەمان کەس دەبووایە ئەمڕۆ بە زمانی عەرەبی ستران و هۆزان بۆ داگیرکەرانی کوردستان بگوتبا.
 

 دەقی ووتەکەی مەسروور بارزانی ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان 

 

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

خوشک و برایانی هێژا

کەسوکاری سەربڵندی شەهیدان

بنەماڵەی پێشمەرگە قارەمانەکان

خەڵکی دەڤەری زاخۆی دەلال

قارەمان و تێکۆشەر

شەهید پەروەر

ئێوە هەموو بەخێربێن سەرچاوان

کاتێک من هاتمە ئێرە، لە لای جەنابی سەرۆکەوە هاتم و فەرمانی کرد، لەباتی من سەلام لە هەموویان بکە و بڵێ هێشتا ئێوە هەمووتان دڵ و ڕۆحی منن.

خوشک و برایانی هێژا

لە ١٢ی ئەم مانگەدا، دەچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدانی ئێمە بۆ پەرلەمانی عێراق. ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە و پێویستە بزانن دەنگ بە کێ دەدەن و بۆچی دەنگ بەو کاندیدانە دەدەن. ئێمە هەموو دەزانین ئەوەی دەچێتە بەغدا دەبێ کەسێک بێت کە پارێزگاری لە مافی ئێوە و بەرگری لە مافی کوردستان بکات و نوێنەری ڕاستەقینەی دەنگی ئێوە بێت. بۆیە لەو باوەڕە دام خەڵکی دەڤەری زاخۆی خۆڕاگر، دەنگی خۆی بە لیستی شەهید و پێشمەرگە و پارێزگاری کوردستان و لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات.

خوشک و برایانی هێژا

ئێمە هەموو دەزانین، کە بە درێژایی مێژوو کورد چەندین شۆڕشی بۆ بەدەستهێنانی ماف و یەکسانی و ڕزگاریی میللەت و خاکی ئێمە کردووە. شۆڕش بۆ ئیمتیازات نەبووە، پێشمەرگە بۆ ئەوەی نەبووە کە ئەمڕۆ چاوی لە ئیمتیازات بێت لە پایتەختی هیچ وڵاتێکی دیکە، بەڵکوو بۆ مافی کورد و پارێزگاریکردن لە خاکی کوردستان بووە. بۆیە پێویستە هەموو بزانن کە دەبێ ئێمە بەرامبەر خوێنی ئەو شەهید و پێشمەرگانە وەفادار بین بەرامبەر خۆڕاگریی میللەتی ئێمە. دەبێ ئێمە وەفادار بین بەرامبەر ئەو خوێنەی شەهیدان داویانە و ئێمە ئەمڕۆ لێرە ئامادەین و داوا لە هەمووتان دەکەم، وەفادار بن بەرامبەر زەحمەتی پێشمەرگە و وەفادار بن بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان و دەنگ بە بەربژێرانی پارتی بدەن.

خوشک و برایانی هێژا

ئێمە پێش ماوەیەک ڕیفراندۆممان کرد، بۆ ئەوەمان بوو کە دەنگی میللەتی کورد بگات بە هەموو دونیا و نیشانی بدەین کە میللەتی ئێمە چی دەوێت. ڕیفراندۆمی ئێمە سەرکەوت چونکە زیاتر لە ٩٢.٧٪ی خەڵکی کوردستان دەنگیان پێدا و ئەوانەی دەڵێن ڕیفراندۆم شکستی هێنا، خۆیان شکستیان هێنا. چونکە ڕیفراندۆم سەرکەوتنێکی مێژوویی بوو. زۆر هەوڵ درا ڕیفراندۆم نەکرێ، بەڵام کە هیچیان پێ نەکرا، هەموو هەوڵێکیان دا کە ئەنجامی ڕیفراندۆم لە کاتێکی نزیکدا بەدەست نێت. ڕیفراندۆم کرا و ڕاستە کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم دروست کرا کە مەزنترین کۆسپ خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو بەرامبەر دەنگی ئێوە کرا. ئێمە ئەو خیانەتە هیچ کاتێک لەبیر ناکەین. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە بە دەنگی خۆتان سزای ئەو کەسانە بدەن کە بەشدار بوون لەو خیانەتە و وەفادار بن بەرامبەر بەو پەیامەی میللەتی ئێمە دای و ئەو خوێنەی پێشمەرگە ڕشتی.

هەڤاڵان

هەوڵێکی زۆر هەیە کە ئەمڕۆ وەک بەرنامەی رابردووی ئەوان کە دەیانویست ڕیفراندۆم نەکرێ یان ئەنجامەکەی بەدی نەیەت، ئەمڕۆش هەوڵ دەدەن پارتی سەرکەوتن بەدەست نەهێنێت، بەڵام ئەمڕۆ ئەمە لەبەردەم دەنگی ئێوەیە و ئێوە دەتوانن دەنگی خۆتان بدەن و سەری پارتی چەندە بڵندە، بڵندتر ببێت.

 

خوشک و برایانی هێژا
ئەو هەڵبژاردنە بۆ ئێمە تەحەدایە، چونکە زۆرن ئەوانەی دەیانەوێ مافی میللەتمان نێتە دەست، ئێمەش بە هەر ڕێگەیەک بێت، بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی مافی میللەتی خۆمان. ئەمڕۆ بەو هەڵبژاردنە دەبێ ئەو نوێنەرانە هەڵبژێرین کە لە بەغدا لەسەر بنەما دەستوورییەکانی عێراق، پارێزگاری لە مافی دەستووری و نیشتمانیی ئێوە بکەن، ئەمڕۆ لە هەر کوێیەک بێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە پارێزگاریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان. پشتیوانیی ئێوە و پشتیوانیی خوا و پشتیوانیی جەنابی سەرۆک، ئێمە بە هەموو ناحەزانی نیشان دەدەین کە پارتی یەکەمە و هەر یەکەم دەمێنێتەوە.

هەڤاڵانی هێژا
ئێمە خاوەنی مێژووێکی پڕسەروەری و شەهیدان و ئەنفالانین، چ بستێک لە خاکی کوردستان نییە کە خوێنی شەهیدانی ئێوەی تێدا نەڕژابێت. ئەوانەی ئەمڕۆ دژایەتیی پارتی دەکەن، دەزانن تەنیا حزب کە بەردەوامە لەسەر بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، پارتییە. چەندە ئەوان هەوڵدەدەن پارتی بشکێنن، هێندە ڕۆژ بەڕۆژ پارتی بەهێزتر دەبێت و لەم هەڵبژاردنەش بە پشتیوانیی ئێوە نیشانی هەمووانی دەدەین.

ئەمڕۆ پارتی بە تەنیا نەبووەتە ئامانجی ناحەزانی کوردستان، زیاتر لە ١٠٠ ساڵە ئێمە بەردەوام لە خەبات داین، پاش شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و بەدەستهێنانی فیدرالی و دروستکردنی پەرلەمان و حکوومەت و بەرگریکردن لە کیانی هەرێمی کوردستان و دواجار تێکشکاندنی داعش و دوایین جاریش، لە پردێ، مەخموور، تەلسقۆف و سحێلا، هەموو شایەتی ئەوەن کە ڕۆڵەی پارتی، خوشک و برایانی ئێوە و پێشمەرگەی پارتی چ قارەمانێتییەکیان کرد و هەتا پارتی مابێت، کیانی کوردستان دەمێنێت و بەردەوام دەبێت.

 

خوشک و برایانی هێژا
پارتی لە خەباتی خۆیدا بەردەوام دەبێت، خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ ئێوەدایە و هیچکاتێک ئێوە جێناهێڵێت و سەرمان بە یەکەوە بڵندە. دەبێ بزانن کاتێک دوژمن محاوەلە دەکات پارتی بشکێنێت، دیارە هەموو ئامانجیان ئەوەیە کە خەونی ناحەزان بهێننە دی و کیانی کوردستان نەهێڵن و پارتی لاواز بکات، بەڵام ئێمە میللەتی خۆمان و جەماوەری خۆمان هەیە کە بەردەوام بەرگری لە پارتی دەکەن. ئەگەر لەبەر پارتی نەبا، ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ زمانی کوردی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن و زماندرێژی دەکەن و تۆمەت و بوختان بۆ پارتی دەکەن، ئەگەر پارتی نەبا، هەمان کەس دەبووایە ئەمڕۆ بە زمانی عەرەبی ستران و هۆزان بۆ داگیرکەرانی کوردستان بگوتبا.

 

هەڤاڵانی هێژا
مێژوو نایەتە گۆڕین و ڕاستی نایەتە شاردنەوە و خیانەتی کەسیش ون نابێت. ئەوانەی ئەوڕۆ پێیان باش نییە باسی دەستکەوتیان بکەن، چونکە دەستکەوتیان نییە، بەڵێنی داهاتوو بە ئێوە دەدەن، چونکە هیچ شانازییەکیان نییە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی دەستپێکردنی شۆڕشی خۆی تا ئەمڕۆ، بە خوێنی شەهیدانی ئێمە کە ئەم وڵاتەی پێ ئاودراوە، شانازییەکانی زۆرن. ئێمە وەک پارتی، هەڵگری ئاڵای مافی چارەنووسی گەلی کوردستانین. پارتی هەڵگری سەربەخۆیی کوردستانە و ئەو کەسانەی دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، دوو جۆرن، یان حاکمێکی ستەمکار و داگیرکەرن، یان کەسانێکن کە قەبوڵ دەکەن بە زەلیلی بژین و سەرشۆڕی قەبوڵ بکەن، ئێمە لەوانە نین و پارتی ژیانی سەربڵندی و ڕزگاریی کوردستانی مەبەستە.
خەڵکێک هەیە بێڕێزی بەرامبەر پێشمەرگە دەکات، لێرە لە جێگەی ئێوە هەمووان دەیڵێمەوە، پێشمەرگە قارەمانن و هەڵگری مافی چارەنووسن و پارێزگاری کوردستانن و پێشمەرگە ئەنفالچی نین و ئەنفالچی بەزێنن و دوژمن بەزێن و خۆفرۆش بەزێنن.

 

 

شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.