کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند: لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە 12 ی ئایار ئەنجام دەدرێت، سەرجەم خاڵە سنوریەکانی نێوان هەرێم و کۆماری ئێران دادەخرێن.
لە ڕاگەیەندراوێكدا باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەشی عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاویکردۆتەوە ئەوە ئاشکرا دەکات کە ڕۆژی 12ی ئایار هەموو مەرزە هاوبەشەكانی نێوان ئێران و عێراق داخراو دەبن ئەوەش بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، "لە كاتژمێر 12ی شەوی ڕۆژی 11ی ئایارەوە تاوەكو كاتژمێر 12ی شەوی 12ی ئایار هەموو مەرزە هاوبەشەكانی نێوان ئێران و عێراق داخراو دەبن و هاووڵاتییان و گەشتیاران ناتوانن لەو ڕۆژەدا سەفەر بكەن.
کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ڕۆژی 12ی ئایار هەموو فەرمانگە دەوڵەتییەكانی عێراق پشوو دەبن و داوا لە هاووڵاتییانیش كراوە سەفەرەكانیان لەو ڕۆژەدا یان دوابخەن یان پێشیبخەن چونكە لەو ڕۆژەدا بە هیچ شێوەیەک هاتوچۆ لە سنوورە هاوبەشەكانی نێوان ئێران و عێراق ناكرێت.
دوێنیش بالیۆزخانەی ئێران لە بەغدا داوا لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات، لە رۆژی ھەڵبژاردن سەفەر بۆ وڵاتی عێراق نەکەن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداد رایگەیاندووە کە ئێران ھەموو سنوورە زەمینی و ھەوایی و دەریاییەکانی لەگەڵ وڵاتی عێراق تا تەواو بوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەبەستێت.
رۆژی 12 ی ئایار کە شەممەی داهاتوو دەکات 24 ملیۆن دەنگدەری عێراقی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.