Erbil 9°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 19:06

نێچیرڤان بارزانی: پارتی پێشەنگی خەباتی پێشمەرگایەتی بوو، پارتی پێشەنگی خەباتی دیموکراسیش دەبێ

لە فێستیڤاڵی بانگەشەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، 184
کوردستان TV
#7
100%


جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە فێستیڤاڵی بانگەشەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، 184 گوتارێکی پێشکەش کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 7\5\2018، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە فێستیڤاڵی بانگەشەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، 184 گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: ”پارتی بۆیە سەری هەڵدا، تا خەڵکی کوردستان بتوانێ لە ڕێی ململانێی دیموکراسییەوە داهاتووی خۆی دیار بکات، لەو بڕوایەدام وەک چۆن پێشەنگی خەباتی پێشمەرگایەتی بوو، پارتی پێشەنگی خەباتی دیموکراسی دەبێ.

ئه‌م وتانه‌ی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كەمپینی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی عێراق له‌ هۆڵی مامۆستا سه‌عد عه‌بدوڵڵا لە شاری هەولێر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێكخراوی لاوانی كوردستان و یەكێتیی قوتابییانی كوردستان گوتی، ئێمە دڵنیاین لە پشتگیری پارتی دیموكراتی كوردستان ئاسۆیەكی باش و سەركەوتنی پارتی مسۆگەر دەكات.


نێچیرڤان بارزانى گوتیشى: ئه‌وان ئاماده‌ن بچنه‌ هه‌ر به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دژى مافى ره‌واى میلله‌ته‌كه‌شیان بێت بۆ نه‌هێشتنى پارتى، به‌ڵام پارتى به‌ هیچ هێزێك كۆتایى ناهێنرێت.

نێچیرڤان بارزانى، داواشى له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى پارتى كرد، رێگه‌ نه‌ده‌ن پارته‌كه‌یان ریزى پێشه‌وه‌ به‌جێبهێڵێت و داوایكرد به‌ پشتیوانیان بۆ لیسته‌كه‌یان سه‌نگى پارتى له‌ پرۆسه‌ى دیموكراسى و سیاسیدا بپارێزن.

جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: ململانێى ئه‌م جاره‌ ململانێى نێوان ره‌ش و سپى و سه‌ركه‌وتن و دۆڕانه‌. ئه‌وانه‌ى ململانێى پارتى ده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێت پارتى به‌ دۆڕان بده‌ن و ئه‌مه‌ش ئه‌و هێڵه‌ سووره‌یه‌ كه‌ حسابیان بۆ نه‌كردووه‌. پارتى حزبى ترس و دوو دڵى نییه‌. ئێمه‌ له‌ وه‌ته‌ى هه‌ین وشه‌ى ترسمان له‌ قامووسى خۆمان سڕیوه‌ته‌وه‌. ترس و دوودڵى ئێمه‌ ته‌نیا بۆ مافى گه‌لى كوردستانه‌ ئه‌گه‌ر نا ئێمه‌ ئه‌و په‌ڕى بڕوامان هه‌یه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، كێشه‌ى ناحه‌زانى پارتى ئه‌وه‌ نییه‌ كێ هه‌ڵه‌ى زۆره‌ و كێ هه‌ڵه‌ى كه‌مه‌، كێشه‌ رێگاكه‌یه‌. رێگاى ئێمه‌ رێگاى راسته‌قینه‌ى به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانى گه‌لى كورده‌ و رێگاى ئه‌وانیش خۆتان پێناسه‌ى بكه‌ن.

نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌شى گوت: له‌ كورده‌واریدا ده‌وترێت دار پیر بوو ناچه‌مێته‌وه‌. پارتى ئه‌و داره‌ پیره‌یه‌ كه‌ نه‌ پیلانى ناحه‌زان و نه‌ ره‌شه‌باى ده‌ره‌كى نایچه‌مێنێته‌وه‌.
جێگری پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەو هەڵبژاردنە یەكەمین هەڵبژاردنە لە عێراقی فیدراڵ دوای ڕووخانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، هەروەها پارتیش لە شەڕی داعش لە هێزی پێشەوە بوو، بۆیە دەچینە سەر سندووقی دەنگدان بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆمان یەكلا بكەینەوە.

بارزانی زیاتر گوتی، ئەو خەباتەی كوردستان ئەمڕۆ بارەكەی كەوتووەتە سەر كچ و كوڕانی وڵات بە شانازییەوە ئێوە دەتوانن ئەو بارە هەڵبگرن، بۆیە ئێمە دڵنیاین ڕێ نادەن پارتەكەتان لە دیموكراسی ڕێزی پێشەوە بەربدات پارتی وەك چۆن لە ڕۆژی لە دایكبوونەوە سەركێشی دیموكراسی بوو بە ماندووبوونی ئێوە لە خەبات دەمێنێتەوە.

سەرۆكی كەمپینی پارتی دەڵێت، ئێوەی لاوان نابێت ڕێ بدەن لە دیموكراسی كەس پێش پارتی بكەوێت، بۆیە دواكەوتنی پارتی واتە دواكەوتنی دیموكراسی ناحەزانی پارتی باش دەزانن خەبات بە دەستی ئێوەیە ئەوان باش دەزانن باشترین دەستكەوتەكان پارتی بەدی دێت، لەبەر ئەوە تەنیا ئەوەیان لە دەست دێت پاشقولتان لێ بگرن، بەڵام هەرگیز ناتوانن.

ناحەزانی ناوخۆ هەرگیز سڵ لەوە ناكەنەوە دژی پارتی هەموو شتێك دەكەن تەنانەت ئەگەر لەسەر بەرژەوەندی گشتی وڵاتیش بێت، بەڵام هەرگیز ناتوانن بە پاڵپشتی ئێوە ڕەگی پارتی قووڵە وەك ڕەگی كێوەكانی گارە و سەفین كێوەكانی تر ئەندامان و لایەنگرانی پارتی ئەو جەماوەرە فراوانە خۆی لە بەرەی پارتی دەبینێت، چاوەڕوانین سندووقەكانی دەنگدان بكەن بە دەنگی پارتی ئێمە زۆر دڵنیاین جەماوەری پارتی سارد نابێتەوە. نێچیرڤان بارزانی وای گوت.

لە بەشێكی وتارەكەی گوتی، ململانێی ئەمجارە تەنیا ململانێی نێوان چەند حزبێك نییە، ململانێیە لە نێوان ڕەش و سپی ململانێیە لە نێوان دۆزی سیاسی كورد، ئەوانەی ململانێی پارتی دەكەن، دەیانەوێت كوردستان بە دۆڕان بدەن، دەبێت ئەوەشتان لەبیر بێت پارتی حزبی ترس و دوودڵی نییە، ئێمە لەوەتەی هەین وشەی ترسمان لە قامووس سڕیوەتەوە، ترس و دوودڵی ئێمە تەنیا بۆ مافی گەلی كوردستانە.

بارزانی ئاشكرای كرد كە ئێمە هیچ ڕۆژێك نەمانگوتووە بێ هەڵەین، بەڵام هەموو هەڵەیەك شایانی ئەوەیە بەیانی ڕاست بێتەوە، كێشەی ئێمە ئەوە نییە كێ‌ هەڵەیە، بەڵكو كێشەی ئێمە ئەو هێڵە سوورەیە كە مافی كوردە كێشەی ئەوانیش ئەوەیە ئێوە پێناسەی بكەن كە چۆن پێناسەی دەكەن.

لە بەشێكی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی بە قسەیەكی كوردەواری گوتی، "دار بەپیری ناچەمێتەوە" ئینجا پارتی ئەو دارە پیرەیە تەنیا بە پلانی دوژمنانی ناوخۆ دەچەمێتەوە نە بەپلانی دوژمنانی دەرەوە، پارتی لە مێژووی خۆیدا نسكۆی بینیوە هەموو جارێك هەڵساوەتەوە، هەموو جارێك بووەتەوە شۆڕەسواری چاپووكتر لە جاران ئەمەش بە پاڵپشتی كۆمەڵگەی كوردایەتی.

دڵنیابن كە خەونی گەورە و بچووكتان بەدی دێت خەونی ئابووریتان خەونی سیاسیتان خەونی خزمەتگوزاریتان، هەمووی مافی خۆتانە لە هەموو مێژووی خۆیدا پارتی پاسەوانی خەونی ئێوە بووە، بۆیە ئەگەر پارتی بمرێت دەنا ئەو خەونانەی ئێوە هەمووی بەدی دێت، هەروەها پارتی قوتابخانەی نەوەی دوای نەوەی وڵاتە، پارتی دروستكەری متمانەی هاووڵاتییانی كوردستانە، پارتی حزبی خەونەكان شەڕەفخانی بەدلیسی و ئەحمەدی خانی و حاجی قادری كۆیە، دەبێت ئێوە ئەو ئاڵایە هەر بە بەرزی بهێڵن و هەر بەشەكاوەیی بهێڵن و بمێنێتەوە. نێچیرڤان بارزانی وای گوت.

سەرۆكی كەمپینی پارتی زیاتر گوتی، ئەمڕۆش لە پێناوی بەرزی ئەو ئاڵایە كە پارتی 72 ساڵە خەباتی بۆ دەكات بۆ شەكانەوەی، بڕۆن دەنگ بدەن بە پارتی دەنگ بدەن بە لیستی ژمارە 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەنگی ئێوە داهاتوو دروست دەكات، بۆیە هیچ بیانوویەك مەدۆزنەوە لە دەنگدان ئێوە بزانن دەنگی ئێوە داهاتوو دەگۆڕێت، بڕۆن دەنگ بدەن بە پارتی دیموكراتی كوردستان، دەنگ بە حزبە ڕەسەنەكە بدەن، دەنگ بدەن بە بارزانی ئەو كەڵە پیاوەی هەزاران میلی دەبڕی لەپێناو خەونی ژن و منداڵی و پیر و لاوی ئەو وڵاتە، بڕۆن دەنگ بدەن بەو خوێنانەی سەدان ساڵە تێكەڵی خاك دەبن، دەنگ بدەن بەو خەباتەی هەرگیز ناوەستێت.

نێچیرڤان بارزانی زیاتر گوتی، ئێمە بۆ ئەوەی سبەی دروست بكەین دەبێت ئاوڕ لە ڕابردوو بدەینەوە، باوك و باپیرانتان خوێنیان ڕشت و دایك و داپیرەی ئێوە فرمێسكیان ڕشت، چونكە ئێمە بووین هەرێمی كوردستانمان كردە بەشە تەناهییەكەی عێراق، كردمانە بەشە ڕازاوەی عێراق، بۆیە جارێكی تریش بە گەرموگوڕییەكەی جاران دەست پێ دەكەینەوە، سەر لەنوێ‌ پرۆسەی خزمەتگوزاری دەست پێ دەكەینەوە، كاتێكیش دەچینەوە بەغدا وەك ئەو خەباتەی لە ساڵی 2005 دەستمان پێ كردووە، بۆ پاراستنی مافی ئێوە و كوردستانە، بۆیە هەموویان پێویستیان بە پارتی دیموكراتی كوردستانە.

دوو كێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق مافی هەرێمە لە داهات و مافی گشتی، كێشەی دووەم مادەی 140ـە كە 12 ساڵە جێبەجێیان نەكردووە، بۆیە داوای یەكڕیزی دەكەم، بۆیە لە كوردستان دەتوانین تیماری دەردی خۆمان بدۆزینەوە، بۆیە داوا دەكەم دەنگ بەلیستی 184 بدەن دایكی خەباتی سیاسی و خۆشگوزەرانییە لەو وڵاتە.

دووبارە سڵاو بۆ یەكە بەیەكەی هاووڵاتییانی كوردستان، سڵاو لە كەسوكاری شەهیدان و سڵاو لە هەموو چین و توێژەكان دەكەین بۆ دەنگدان بە لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.