مهسعود حهیدهر ئەندامى پەرلەمانی عێراق، له پێگهى تایبهتى خۆى له تۆرى كۆمهلایهتى "فهیسبووك" وتارێكى لهبارهى پێشێلکارییهكانى دەستوری عێراق و ئەرکی پارتهكانى کوردستان لهم رووهوه دهخاتهروو، كه ئهمهش دهقى وتارهكهیهتى:-
پێشێلکارییهکان لە دەستوری عێراق و ئەرکی حزبەكانى کوردستان!!
بەرنامەی ھەڵبژاردنی بەشێک لە حزبەکانی کوردستانم خوێندۆتەوە، شتی باش و جوان خراوەتە سەرکاغەز، پێویستی بە ئیش لەسەرکردنە لە بەغداد. ئەوەی جێگەی تێڕامانە بەشێک لە حزبەکان خەریکی یەکتر شکاندنن و باسی بەرنامەکەی خۆشیان ناکەن . وەکو پەرلەمانتارێکی عێراق گەشبین نیم بە خولی داھاتوو ئەگەر بەم نەفەسەوە کورد بیەوێ ئیش بکات لەبەغداد. حزبێک یان دوو ئەتوانن بچن لەگەڵ لایەنە عەرەبێکان رێکبکەون و پلەو پۆست و دەسکەوتی ماددی بۆ حزبەکەیان بەدەست بێنن، وەلێ گورزی کوشندە ئەدەن لە پێگەی کوردو ھیچ رۆڵیان نابێ لە بڕیاردان لە عێراق، بەڵکو رۆڵیان ئەبێ لە خراپترکردنی بارودۆخی کورد. کورد سەرەڕای ھەموو جیاوازی و کێشەکانی ھەرێم دەبێ لە عێراق وەکو نەتەوە مامەڵە بکات، ئەو سەرکردانەی کورد کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستوری عێراقیان نووسیوە، بەرگریان لە کورد کردوە وەکو نەتەوە. ئەوەی سەرکردەکانی کورد چەسپاندویانە لە دەستوور ھیچ کەسێک لەوە باشتری پێ نەدەکرا لەو بارودۆخەدا و گرنگترین دۆکیومێنتە لە مێژووی عێراق. قسەکردن و رەخنەگرتن ئاسانە، ئیشکردن و بەرگری پیاوی خۆی دەوێ.
لە دوای ١٣ ساڵ لە نووسینەوەی دەستوری عێراق دەبینین پەشیمان بوونەوە ھەیە لەلایەن پێکھاتەی شیعەو ھەتا توانیبێتیان بنەماکانی دەوڵەتی فیدراڵی و پرنسیپی شەراکەیان پێشیل کردوەو زۆرترین سامانی ووڵاتیان بەھەدەر داوە کە زیاتر بووە لە ھەزار ملیار دۆلار، زیاتر لە 55 ماددەی دەستوریان پێشێل کردوە کە لە چەند تەوەرێک کورتی دەکەمەوەو پێویستە حەوت قەوارەکەی ھەرێم بە خەلکی کوردستان بلێن دوای ٢٠١٨/٥/١٢ کە چوونە بەغداد چۆن ئیشی بۆ دەکەن، بەدەر لەم چوارچێوەیە ھەرچی بووترێت ئەچێتە قاڵبی گەوجاندن وگێلاندنی خەڵکەوە.
پێشێلکارییهکانی دەستوور زیاتر لە 55 ماددەیەو ئەم تەوەرانە لەخۆ دەگرێت:-
١- پێشێلکاری پرنسیپەکانی فیدراڵی و شەراکەی راستەقینە.
٢- پێشێلکاری پرنسیپەکانی دیموکراسی و سەربەخۆیی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان
٣- خۆدزینەوەی حکومەتی فیدراڵی لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستوری عێراق بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانێکانی دەرەوەی ھەرێم.
٤- بڕینی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵی.
٥- پابەند نەبوونی حکومەتی فیدراڵی بە مەبدەئی شەراکەت لە دارشتنی سیاسەتی سەرچاوە سروشتێکان بۆ گەلی کوردستان.
٦- پێشێلکردنی ماف و ئازادێ گشتییهکان.
٧- کامل نەبوونی سیستمی یاسایی و تەشریعی لە عێراق.
٨- بەکارھێنانی ھێزە چەکدارەکان بە پێچەوانەی دەستور بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێ سیاسسێکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.
٩- فاشل بوونى پرۆسەی سیاسی لە دەوڵەتی عێراقی دوای ٢٠٠٣.
پێویستە حزبە سیاسییهکانی ھەرێمی کوردستان موناقەشەی ئەم نۆ تەوەرە بکەن لە بانگەشەو بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستانی روون بکەنەوە چۆن و بە چی میکانیزمێک کاری بۆ دەکەن. کرۆکی ئەرکەکان لەم نۆ تەوەرەیە. جنێودان بەیەکتری کێشەکانی خەلکی کوردستان چارەسەر ناکات.
پێویستە خەڵکی کوردستان بە تێبینی بێت و داوای روونکردنەوە بکات لە لایەنەکان بۆ شەرحکردنی چۆنێتی چارەسەری کێشەکانی کورد لە بەغداد. کێشەکانی ھەرێم لە کوردستان چارەسەر دەکرێت نەوەک لە بەغداد. کورد لە عێراق کێشەی جێبەجێنەکردنی دەستوری ھەیە، ئەم کێشەیە لە خولی داھاتوو گەورەتر دەبێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.