Erbil 8°C یەکشەممە 26 کانوونی دووەم 09:27

ده‌قی په‌یامه‌که‌ی مه‌سرور بارزانی له‌ که‌مپینی پاڵپشتی له‌ لیستی 184ی پارتی

به‌شداریكردنتان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نووسسازه‌
کوردستان TV
#7
100%

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26-4-2018 مه‌سرور بارزانی، له‌ ئاهه‌نگێكی جه‌ماوه‌یی یه‌كێتییه‌كانی لاوان و قوتابییانی كوردستان له‌ هه‌ولێر بۆ بانگه‌شه‌كردن بۆ لیستی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، وتارێكی پێشكه‌ش كرد، و له‌ میانی وتاره‌كه‌یدا گوتی:

 به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

خوشك و برایانی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست

پڕ به‌ دڵ به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م

زۆر خۆشحاڵم كه‌ ئیمڕۆ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پێك ده‌گه‌ین و له‌ خزمه‌تی ئێوه‌ی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست دام.

خوشك و برایان..

هه‌روه‌ك ده‌زانن ئێمه‌ خه‌ریكه‌ به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێكی تر ده‌ڕۆین، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ وابزانم ڕه‌نگه‌ بۆ زۆر له‌ ئێوه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار بێت به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن. به‌شداریكردنتان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نووسسازه‌، چاره‌نووسسازه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگی ئێوه‌، بڕیاری ئێوه‌، حوكمدانه‌ به‌سه‌ر ڕابردوو و درووستكردنی ئاینده‌یه‌. ئێوه‌ن كه‌ ده‌توانن به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بڵێن ئایا ئێوه‌ له‌ جۆری ئه‌دای ئه‌وان ڕازی بوون یان نا، وه‌ متمانه‌تان به‌ كێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو سه‌ركردایه‌تیتان بكات.

خوشك و برایان..

هه‌موو لایه‌ك قسه‌ی خۆیان كرد، ئه‌مه‌ چه‌ند ڕۆژه‌ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌گبه‌یاندا بوو خاڵییان كرد. هاتن باسی چۆنیه‌تی به‌رنامه‌ و پرۆگرامی خۆیان كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌، زۆربه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ وا باسی

ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنی كوردستانه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنی عێراقه‌ و گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ كه‌ كێ ده‌توانێ به‌ باشترین شێوه‌ نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان بكات له‌ به‌غدا. بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ ئێوه‌ پێش هه‌موو كه‌س و هه‌موو شتێك، بیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ متمانه‌تان به‌ كێیه‌ و پشتتان به‌ كێ قایمه‌، ده‌بێ ده‌نگ به‌و لایه‌نه‌ بده‌ن. ئێوه‌ خۆتان خاوه‌نی هزر و بیری خۆتانن و هه‌ر خۆتان ده‌توانن هه‌موو شته‌كان لێك بده‌نه‌وه‌ و بزانن چ شتێك باشه‌ و كامه‌شی له‌وانه‌یه‌ به‌ زه‌ره‌ری نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌كه‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌. بۆیه‌ ده‌بێ زۆر وریا بن. پێش هه‌موو شتێك وه‌ك كوردستانییه‌ك بیر بكه‌نه‌وه‌ و بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خاك و نیشتمانه‌كه‌تان بكه‌نه‌وه‌ و داهاتووی ئه‌م كوردستانه‌ ده‌ده‌نه‌ ده‌ست كێ و كێ له‌ ئاستی ده‌نگه‌كانی ئێوه‌ و ئه‌و بڕوایه‌ دایه‌ كه‌ ئێوه‌ ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن.

خوشك و برایان..

بۆ ئێمه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ته‌حه‌دایه‌كه‌، چونكه‌ به‌شداریمان له‌ ڕیفراندۆمێك كرد بۆ ده‌ستنیشانكردنی مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌، به‌هۆی خیانه‌تی چه‌ند لایه‌نێك، به‌هۆی خیانه‌تی ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌، ئه‌و ئه‌نجامه‌ی چاوه‌ڕێی بووین، تا ئێستا نه‌هاتۆته‌ دی. به‌ڵام مانای وانییه‌ كه‌ ڕیفراندۆم ڕێگه‌مان لێ ده‌گرێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك خه‌بات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌م مافه‌ بكه‌ین.

ئه‌و ڕۆژه‌ی ڕیفراندۆمیشمان كرد، بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ بڕیاری میلله‌ته‌كه‌مان به‌ده‌سته‌وه‌ بێت كه‌ چۆن له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكه‌ین بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ئاسایی و پێشكه‌وتوو له‌گه‌ڵ عێراق.

ئێمه‌ نه‌مانویستووه‌ شه‌ڕ ببێ و ناخۆشی ڕووبدات و دوژمنكاری له‌ نێوان ئێمه‌ و عێراق هه‌بێت. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر لایه‌ن هه‌بوون كه‌ ویستیان به‌ ئه‌نقه‌ست نیه‌ت و مه‌رامی میلله‌تمان لێك بده‌نه‌وه‌ و هێرشێكی ناڕه‌وایان كرده‌ سه‌ر كوردستان و به‌ هاوكاریی چه‌ند لایه‌نێكی خۆفرۆش و خاك فرۆش، توانییان كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ وڵاته‌كه‌مان دروست بكه‌ن.

ڕیفراندۆممان بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌و مافه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین، ئێستاش ئه‌گه‌ر بتوانین به‌ ناردنی نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه‌ بۆ به‌غدا داكۆكی له‌ هه‌مان ماف بكه‌ین، له‌و ڕێچكه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بین و دڵنیا بن ئه‌وانه‌ی دژایه‌تیی ڕیفراندۆمیان كردووه‌، سبه‌ی له‌ به‌غداش پشتگیری له‌ مافه‌كانی ئێوه‌ ناكه‌ن.

خوشكان برایان..

ئه‌وه‌ی مێژووی خۆی نه‌زانێت، ناتوانێ بڕیارێكی دروستیش بۆ ئاینده‌ی خۆی بدات، بۆیه‌ حه‌ز ده‌كه‌م هه‌ندێك شتتان بیر بێنمه‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی خه‌باتی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بكه‌ین، هه‌ركاتێك ده‌ستكه‌وتێك به‌ده‌ست هاتبێت، له‌ژێر سێبه‌ر و سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بووه‌. له‌ شۆڕشی گه‌وره‌ی ئه‌یلووله‌وه‌ بگره‌ و دواتر گوڵان و ڕاپه‌ڕین، دروستكردنی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان، دابینكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان له‌ ده‌ستووری عێراق و به‌رگریكردن له‌ خاك و نه‌ته‌وه‌ له‌ هێرشی داعش و دواجار به‌رگریكردن له‌ خاكی نیشتمان له‌ پردێ و له‌ سحێلا، هه‌موویان شایه‌دیی گه‌وره‌یی و وه‌فاداریی پارتین بۆ ئێوه‌.

هه‌ڤاڵان..

من به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌تان پێ ده‌ڵێم، كاتێك ڕیفراندۆم كرا، بینیمان هه‌موو لایه‌ك به‌ په‌رۆشه‌وه‌ كه‌ زانییان ناتوانن ڕێگری له‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بكه‌ن، هاتنه‌ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان ده‌كرد و كێبڕكێیان بوو كه‌ كێ زیاتر له‌ شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن ده‌ربچێت. ئێستاش ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم به‌ شێوازێكیتر بووایه‌، وه‌كوو ئه‌و مردارخۆرانه‌ی دێنه‌ سه‌ر لاشه‌ی مرداری ده‌ستكه‌وتی خه‌ڵكیتر، خۆیان ده‌كرده‌ خاوه‌نی ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕیفراندۆم. به‌ڵام كاتێك هه‌ر خۆیان هۆكاری دواخستنی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ده‌نگه‌كانی ئێوه‌ بوون له‌ ڕیفراندۆم، هه‌ر خۆیان دێنه‌وه‌ و گله‌یی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ڕیفراندۆم تووشی شكه‌ست بوو، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕیفراندۆم تووشی شكست نه‌بووه‌ و مافی چاره‌نووسی ئێمه‌ش به‌ ئه‌وان ناسڕێته‌وه‌. شێواز و ڕێكاری خه‌باتكردن له‌ پێناو مافی چاره‌نووس ده‌كرێ له‌ قۆناغی جیاوازدا به‌ شێوازی جیاواز ئه‌نجام بدرێ، له‌م قۆناغه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ مافه‌ چاره‌نووسسازه‌كانمان بكه‌ین، ده‌توانین ده‌نگ به‌وانه‌ بده‌ین كه‌ له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تیی جه‌نابی سه‌رۆك له‌ به‌غدا پارێزگاری له‌ مافه‌كانتان ده‌كه‌ن.

ئێستا دوو به‌ره‌ دروست بووه‌،به‌ره‌ی پارێزگاریكردن له‌ شكۆ و ڕه‌مزی خه‌بات و نه‌ته‌وه‌یی كوردستان و به‌رگریكردن له‌ خوێنی شه‌هیده‌كانمان، لایه‌نێكیتریش هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات تاوه‌كوو ئه‌و شكۆیه‌ بشكێنێت و ته‌سلیمی لایه‌نێكی تر بێت، هه‌موو مه‌به‌ستیان شكاندنی ئیراده‌ی میلله‌ته‌كه‌مانه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پارتی له‌ به‌ره‌ی به‌رگریكردن له‌ شكۆی كوردستان دایه‌.

هه‌ڤاڵان..

هه‌ر كه‌سێك ئازاده‌ كه‌ چۆن باسی كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن ده‌كات و چ جۆره‌ به‌ڵێنێك ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ و له‌بیرتان بێت و خۆشتان شاهێندن، ده‌بێ تۆ كیانێكت هه‌بێ، وجودت هه‌بێ و كه‌رامه‌تت هه‌بێ و خۆت هه‌بیت، تاوه‌كوو بتوانیت به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانت بكه‌یت. هه‌موو باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ناو خاكی كوردستاندا ده‌توانن چیتان بۆ بكه‌ن، ئه‌وه‌ی ناتوانن ململانێی پارتی بكه‌ن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی ئه‌م كیانه‌ی دروست كردووه‌. پارتی داهێنه‌ری ئازادی و دیموكراسی بووه‌ له‌م وڵاته‌ و به‌رگری له‌م كیانه‌ كردووه‌، ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌ڵێن ناوماڵی ئه‌م كیانه‌ والێده‌كه‌ین، ده‌بێ بزانن كه‌ ئه‌وان باسی ده‌ستكه‌وتی پارتی و ڕه‌نج و خه‌باتی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ن.

ئێمه‌ ناڵێین پارتی ناتوانێ خۆشگوزه‌رانی بۆ ئێوه‌ به‌ده‌ست بێنێت، به‌ڵێ پارتی زیاتر له‌ هه‌موو كه‌سێك، په‌رۆشی ئه‌وه‌یه‌ ئاینده‌تان ڕووناك بێت و به‌خته‌وه‌ر و سه‌ركه‌وتوو بن و ئاینده‌تان ڕووناك بێت، له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی ئێوه‌، پارتی له‌ هه‌موو لایه‌ك زیاتر خه‌بات ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌، پارتی توانی ئه‌م كیانه‌ دروست بكات، هه‌م له‌م كیانه‌دا به‌ پشتیوانیی خوای گه‌وره‌ و ئێوه‌، له‌ هه‌موو لایه‌نێك زیاتر خزمه‌ت به‌ ئێوه‌ بكات.

هه‌ڤاڵان، له‌ كاتی هه‌ڵبژاردندا هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ قسه‌ بكات، له‌ كاتی خۆشیدا هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت به‌ڵێن بدات، به‌ڵام له‌ كاتی ته‌نگانه‌ و ناخۆشیدا، ئێوه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌تان بیر بێته‌وه‌ كه‌ كێ بوو به‌رگری له‌ كه‌رامه‌ت و مافی ئه‌م میلله‌ته‌ كرد؟ كێ بوو له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌دا به‌رگرییان له‌ خاك و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌م وڵاته‌ كرد؟ پارتی بوو.

هه‌ڤاڵان..

ئه‌و كاته‌ی كه‌ كوردستان كه‌وته‌ به‌ر شاڵاوی هێرشی دڕنده‌ی تیرۆریستانی داعش، ڕۆڵه‌كانی ئێوه‌، خوشك و براكانی ئێوه‌، پێشمه‌رگه‌ سه‌ربه‌رزه‌كانی پارتی و بارزانی، پێش هه‌موو كه‌سێك، له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌دا بوون و به‌هاوكاریی تێكۆشه‌رانی تری ئه‌م وڵاته‌ و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شدارییان له‌ به‌رگریكردن له‌ كه‌رامه‌تی وڵاته‌كه‌یاندا كرد، پارتی سه‌ركێشی ئه‌م جه‌بهه‌یه‌ و ئه‌م به‌رگرییه‌ بوو كه‌ توانی نه‌ك ته‌نیا تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، به‌ڵكوو شكۆی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو وڵاتانی دونیا بناسێنێت.

خوشك و برایان..

خوێنی ئێمه‌ له‌ خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌ ئاڵتر نییه‌ كه‌ بۆ ئه‌م وڵاته‌ ڕشتوویانه‌، ئێمه‌ هه‌موومان قه‌رزاری ئه‌و شه‌هیدانه‌ین، قه‌رزاری خه‌باتی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ین كه‌ تائێستاش له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری داین، ناكرێ له‌سه‌ر حیسابی خوێنی شه‌هیدان و زه‌حمه‌تیی پێشمه‌رگه‌ و خۆڕاگریی گه‌له‌كه‌مان، خه‌ڵكێكی دیكه‌ بێن خۆیان بكه‌ن به‌ خاوه‌نی ئێوه‌.

خوشك و برایان..

ئه‌و كاته‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌كانی پارتی و ڕێبازی بارزانی و تێكۆشه‌رانی كوردستان له‌ سه‌نگه‌ری خه‌بات و به‌رگری دا بوون، لایه‌ن هه‌بووه‌ لێره‌ كه‌ ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و لایه‌نه‌ هانی خه‌ڵكی داوه‌ بچێت په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ بكات، ئێستاش داوای ده‌نگی ئێوه‌ ده‌كه‌ن. به‌ به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ كه‌ چۆن یارمه‌تیی خه‌ڵكیان داوه‌ و پشتیوانیی خه‌ڵكیان كردووه‌ و هانیان داون، بچن بۆ دژایه‌تیكردنی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ بكه‌ن، ئێستا باشترین وه‌ڵام كه‌ ئێوه‌ ده‌توانن پێیان بده‌نه‌وه‌، پێیان بڵێن ئێوه‌ خۆشه‌ویست نین و ناتوانن یه‌ك ده‌نگی ئێمه‌ش ببه‌ن.

ئه‌وه‌ی ڕۆژێك ئاماده‌ نه‌بووبێت سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌ بكات و له‌ سه‌نگه‌ردا به‌رگری بكات و ته‌نانه‌ت سه‌ردانی ماڵه‌ شه‌هیدێك و برینداره‌كانیش بكات، شایسته‌ی ئه‌وه‌ نین كه‌ ئێوه‌ ده‌نگیان پێ بده‌ن.

ئێمه‌ شانازی ده‌كه‌ین، هه‌رچی كردوومانه‌ شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ین، له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كاندا، له‌ نسكۆ و شكسته‌كانیشدا ته‌حه‌مولی هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌كمان كردووه‌ و ته‌حه‌مولی هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌كیش ده‌كه‌ین.

هه‌ڤاڵان..

بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ئێوه‌ چه‌ند سه‌ربه‌رزن، ئێمه‌ خاوه‌نی سه‌رۆكێكین كه‌ چه‌ندین شه‌و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا له‌ جه‌بهه‌ی پێشه‌وه‌دا بووه‌. ئێمه‌ خاوه‌ن سه‌رۆكێكین كه‌ ته‌نیا و ته‌نیا كه‌رامه‌ت و گه‌وره‌یی ئێوه‌ی لا مه‌به‌ست بووه‌. ئێمه‌ خاوه‌ن ڕێباز و پارتییه‌كین كه‌ له‌ ته‌مه‌نی دورستبوونیدا تا ئێستا، ئه‌وه‌ی كردوویه‌تی له‌ پێناو خزمه‌تی گه‌ل و خاكه‌كه‌یدا بووه‌ و ڕۆژێكیش سه‌ری بۆ دوژمن شۆڕ نه‌كردووه‌.

خوشك و برایان..

وه‌ك ده‌زانن ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ ده‌نگی ئێوه‌ بڕیارده‌ره‌، ئێوه‌ ده‌توانن بڕیار بده‌ن كه‌ كێ بچێته‌ به‌غدا، من داوایه‌كی برایانه‌م له‌ ئێوه‌ هه‌یه‌، پێش ئه‌وه‌ی بكه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریی هیچ په‌یامێكی هه‌ڵبژاردن، یان هیچ دروشمێك، هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێوه‌، وه‌ك خۆتان، ساتێك بوه‌ستن و بیر بكه‌نه‌وه‌، ئایا ئێوه‌ ئاماده‌ن ده‌نگ به‌ لایه‌نێك بده‌ن كه‌ سبه‌ی خۆتان دڵنیان و ده‌شزانن ناتوانێت ساتێكیش به‌رگری له‌ مافی ئه‌م وڵاته‌ و مافی ئێوه‌ بكه‌ن؟ خۆتان ده‌بێ ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ن و ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ڵبژێرن، گوێ به‌ هیچ په‌یامێكی حزبی و هه‌ڵبژاردن نه‌ده‌ن كه‌ كه‌س پێتان ده‌ڵێ، خۆتان بیر بكه‌نه‌وه‌ و بزانن و سه‌یری مێژووی خۆتان بكه‌ن، سه‌یری كرده‌وه‌ی ئه‌م لایه‌نانه‌ و مه‌وقیفیان بكه‌ن، بزانن ته‌نیا به‌ قسه‌ نا، به‌ كرده‌وه‌ كێ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ بووه‌ و كێ به‌رگری لێتان كردووه‌ و كێ ده‌توانێ جێگه‌ی متمانه‌ی ئێوه‌ بێت.

خوشك و برایان..

ئێمه‌ خاوه‌ن حزبێكین كه‌ تا بڵێی یه‌كگرتووه‌، یه‌ك ده‌نگه‌، یه‌ك هه‌ڵوێسته‌، له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تیی یه‌ك سه‌رۆكه‌ و خاوه‌نی یه‌ك په‌یامه‌. جیاوازیی پارتی له‌مه‌دایه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ن، لایه‌نه‌كانی دیكه‌ په‌رته‌وازه‌ بوون و له‌تله‌ت بوون و ئه‌زمه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردنیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی نه‌توانێ نێوماڵی حزبه‌كه‌ی خۆی ڕێك بخات، چۆن نێوماڵی كوردستان ڕێك ده‌خات؟

خوشك و برایان..

من ئه‌و داوایه‌تان لێ ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپه‌رچی ئه‌و كه‌سه‌ خائینانه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی شكستپێهێنانی ڕیفراندۆمیان دا، كه‌ كه‌ركووك و خاكیان فرۆشت، ئێستا ئێوه‌ به‌ پشتگیریی خۆتان بۆ پارتی و به‌ ده‌نگدانتان بۆ كاندیده‌كانی پارتی، وه‌ڵامی هه‌موویان بده‌نه‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ سوورن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و مافه‌ كه‌ خۆتان خاوه‌نین.

خوشك و برایان..

بینیمان له‌و ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا به‌ حیساب خه‌ڵكێك خه‌مخۆری چه‌ند چین و توێژێكی ئه‌م كوردستانه‌یه‌، هانی مامۆستایان ده‌دا بایكۆت بكه‌ن، هانی دكتۆریان ده‌دا نه‌چنه‌ ده‌وام، به‌ڵام ئه‌مه‌تان له‌بیر بێت، ئه‌و مامۆستایه‌ی كه‌ هانیان ده‌دا نه‌چێته‌ ده‌وام، بیرتان نه‌چێت كه‌ ئه‌و مامۆستایه‌ وانه‌ی به‌ منداڵی شه‌هید ده‌دایه‌وه‌، ئه‌گه‌ر خه‌می مامۆستایان بووه‌، بۆ خه‌می منداڵی شه‌هیدیان نه‌بوو كه‌ وانه‌كه‌ی ده‌ڕۆشت؟ ئه‌گه‌ر خه‌می دكتۆریان بوو، بۆ خه‌می ئه‌و هه‌ژاره‌یان نه‌بوو كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و دكتۆره‌ بوو كه‌ دكتۆری تێدا نه‌بوو؟ ئێمه‌ پشتگیری له‌ مامۆستا و دكتۆر و هه‌موو توێژێكی ئه‌م وڵاته‌ ده‌كه‌ین. پشتگیری له‌ مافی قوتابیان و ئێوه‌ ده‌كه‌ین، نه‌ك له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وه‌ بێت كه‌ خه‌ڵكێكی دیكه‌ به‌ بیانووی جیاواز له‌ مافه‌كه‌ی بێبه‌ش بێت، ده‌مانه‌وێ هه‌موو كوردستان پێكه‌وه‌ مافی هه‌بێت و سه‌ربه‌رز بێت و خاوه‌نی كوردستانێكی ئازاد و دڵگیر و خۆشگوزه‌ران بێت.

 هه‌ڤاڵان..

شتێكی دیكه‌ هه‌یه‌ حه‌ز ده‌كه‌م پێتان بڵێم، له‌ ماوه‌ی ڕابردوو ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ن، یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا، جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستووری عێراق بووه‌، له‌ ماده‌ی ١٤٠ه‌وه‌ بگره‌ و مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و غاز و بودجه‌، به‌ڵام خاڵێكی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ حه‌ز ده‌كه‌م باسی بكه‌م، نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ چه‌ندین جار بووه‌ته‌ قوربانیی جینۆساید و كیمیاباران و ئه‌نفال و ئه‌و هێرشه‌ ناڕه‌وایانه‌ی كراوه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان. ماده‌ی ٣٢ی ده‌ستووری عێراقی باسی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كات كه‌ خاپور كراون و ده‌بێ قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ بكرێت، له‌ ڕێگه‌ی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژاردنی ئێوه‌ پرسیار له‌ به‌غدا ده‌كه‌ین كه‌ ئێوه‌ چیتان كرد بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی كیمیاباران و ئه‌نفالكراوان؟

له‌ ساڵی ١٩٦٣وه‌ تا ١٩٨٣، ملیاره‌ها دۆلار زیان به‌ كوردستان گه‌یشتووه‌، حكوومه‌تی عێراق له‌ جیاتی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی، ده‌چێ بودجه‌ی هه‌رێم ده‌بڕێت. ته‌نیا پارتی ده‌توانێ به‌رگری له‌ مافه‌كانتان بكات، چونكه‌ لایه‌نی دیكه‌ هه‌بووه‌ كه‌ چووه‌ داوای بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌ حكوومه‌تی عێراق كردووه‌، چووه‌ داوای له‌ به‌غدا كردووه‌ فشار له‌سه‌ر كوردستان بكات تا هه‌رێم تووشی شكست بێت. هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی تووشی ئێمه‌ بووه‌، حكوومه‌تی عێراق دروستی كردووه‌ تاوه‌كوو له‌ ڕێگه‌ی به‌كرێگیراوه‌كانیانه‌وه‌ په‌نجه‌ی تۆمه‌ت ڕووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵات بكه‌نه‌وه‌. به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك په‌لاماری هه‌رێمی كوردستان دراوه‌ و پارتییان كردووه‌ته‌ ئامانج، چونكه‌ ده‌زانن ته‌نیا به‌رگریكار له‌ مافه‌ ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستانه‌.

خوشك و برایان..

نامه‌وێ زیاتر له‌ كاتی ئێوه‌ بگرم، ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ وه‌كوو برایه‌ك داواتان لێ ده‌كه‌م، پێش ئه‌وه‌ی بڕیار بده‌ن، بیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ بڕواتان به‌ كێیه‌ بتوانێت سه‌ركردایه‌تیی خه‌باتی ڕزگاریخوازی كوردستان بكات له‌ داهاتوودا؟ بێگومان پارتی.

هه‌ڤاڵان..

په‌یام شتێكه‌ و چوونه‌ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان شتێكه‌ كه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ گرنگه‌، له‌ هه‌مووتان داواكارین، ئه‌وه‌ی پێتان بكرێ، خۆتان و هه‌رچی هاوڕێ و كه‌سوكاریشتان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌ی ئێوه‌ سه‌ربكه‌وێت و ڕای ئێوه‌ سه‌ربكه‌وێت، بڕۆن بۆ سه‌ر سندووقی ده‌ندان و ده‌نگی خۆتان به‌ لیستی ١٨٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن.

زۆر گرنگه‌ له‌ ڕۆژی ده‌نگداندا هه‌مووتان بڕۆن، ئه‌وه‌ی پێتان بكرێ، یارمه‌تی خه‌ڵكی دیكه‌ بده‌ن و هانیان بده‌ن و باوه‌ڕیان پێ بێنن، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌نگ نه‌ده‌ن، خه‌ڵكی دیكه‌ له‌ بری ئێوه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێوه‌ نه‌بێت، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ هه‌موو تاكێكی ئێوه‌ به‌شداری له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دووپاتی بكه‌نه‌وه‌ كه‌ سوورن له‌سه‌ر به‌دیهێنانی مافی چاره‌نووسی ئه‌م وڵاته‌ و مافی چاره‌ی خۆنووسینی ئێوه‌ له‌ ڕیگه‌ی نوێنه‌رانتان له‌ به‌غدا به‌رگری لێ بكرێ.

ئێوه‌ داوا له‌و نوێنه‌رانه‌تان بكه‌ن كه‌ دێنه‌ سه‌ر ئه‌م سته‌یجه‌، تاوه‌كوو نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌تان بن و به‌رگری له‌ مافه‌كانتان بكه‌ن، دڵنیا بن ئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، دڵنیابن له‌ هه‌موو كه‌سێك زیاتر له‌ خه‌می كوردستان و مافه‌كانی ئێوه‌ دایه‌.

جارێكی دیكه‌ داواتان لێ ده‌كه‌م، ده‌نگ به‌ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن، هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.