لیوا "تاریق نوری" به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی هه‌ولێر، له لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان ره‌تی كرده‌وه كوژرانی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێم په‌یوه‌ندی به كرده‌ی تیرۆره‌وه هه‌بێت و ڕایگه‌یاند: ناوبراو به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خوێنداریه‌وه كوژراوه‌و ئێمه وه‌ك ئاسایشی هه‌ولێر ئیدانه‌ی كوشتنه‌كه‌ی ده‌كه‌ین و پێویستیشه له دادگا ئه‌م دۆسیه‌یه یه‌كلایی بكرێته‌وه.
هه‌ر له‌باره‌ی كوژرانی "فارس مه‌حه‌مه‌د سادق" به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێم له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتی : لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت" به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر، به ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: كوژرانی فارس مه‌حه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كارگێری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێم به هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان چند بنه‌ماڵه‌یه‌كی شاری هه‌ولێر ڕویداوه‌و پێشینه‌ی هه‌یه‌وه پێشتر دۆسیه بۆ ئه‌م رووداوه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گستی پۆلیسی هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه .
راشیگه‌یاند: ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر برازایه‌كی ناوبراو به هۆی هه‌مان كێشه‌ی خوێندارییه‌وه كوژراوه و بكه‌رانی كرده‌كه‌ش كه 6 كه‌س بوون هه‌ڵاتوون بۆ ئیسته‌نبوڵ و له ئه‌وێ ده‌ستگیر كراون.
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس، ڕه‌تی ده‌كاته‌وه ناوبراو تیرۆر كرابێت یا به‌هۆی كێشه‌ی سیاسی و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه كوژرابێت و ده‌ڵێت: دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه بۆ ڕووداوه‌كه كراوه‌ته‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه لێی به‌رده‌وامه.
شایانی باسه "فارس مه‌حه‌مه‌د سادق" دوای نیوه‌ڕۆی دوێنێ له نزیك فاملی مۆڵی هه‌ولێر له لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه له سه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌مێژینه درایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌و به‌هۆیه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا.
له باره‌ی كوژرانی ناوبراوه‌وه به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیش سه‌ره‌ڕای زانینی بابه‌ته‌كه‌و ئاگاداربوون له كێشه‌ی خوێنداری ئه‌و بنه‌ماڵیه له‌گه‌ڵ چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كی تر بۆ مه‌به‌ستی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان وچهواشهكاری كرده‌كه‌یان به كرده‌ی تیرۆری ناوبردووه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.