Erbil 33°C ھەینی 20 ئەیلوول 12:35

مەلا بەختیار رەخنەی توند لەو بەرپرسانه‌ی حیزبەکەی دەگرێت، کە جیابوونەتەوە

مەلا بەختیار: خۆتان سەرۆکی حکومەت بوون بۆ باشترتان بونیاد نەنا
کوردستان TV
100%

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رەخنەی تووند لە هەندێ بەرپرسی حیزبەکەی دەگرێت ، کە جیابوونەتەوە و ئێستا رەخنەی تووند لە یەکێتی و پارتی دەگرن و دەپرسێت، خۆتان سەرۆکی حکومەت بوون بۆ باشترتان بونیاد نەنا؟. هەروەها دەڵێت: "ئەوەی بێباکبێت بەرامبەر بەو رابردووە کە بۆی کراوە بێگومان لەگەڵ ئێستاشی راستگۆ نابێت".

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک بۆ خەڵکی سەید سادق، کە بەشێکی زۆری قسەکانی ئاراستەی ئەو لایەنانەبوو کە رەخنە لە دەسەڵات و بە دیاریکراوی خودی یەکێتی دەگرن ، رایگەیاند: "مەڵێن مێژوو تەواو بووە ئەو حیزبانە تەواوبوونە ، ئێوە ناتوانن بە ئاسانی بەدیل بن، دەتوانن بەشێک بن لەناو ئەو چوارچێوەیەی کە پێی دەڵێن ئەزموونی کوردستان ، بەڵام ناتوانن لە یەکێتی و پارتی بە گوتارەکانتان و قسەکانتان ، بەوەی پێمان دەڵێن مافیاکانی کوردستان ، ناتوانن ئێوە لە ئێمە باشتر بن".

مەلا بەختیار دەپرسێت "ئەگەر مافیا هەبوو لە کوردستان ئەی جەنابی سەرۆکەکان بۆ سزاتان نەدان؟ یان شەریکى مافیای بووی، یان پێت نەکرا کەس سزا بدەی، ئەگەر شەریکى مافیا بووی تۆش دەبێت دادگایی بکرێیت، ئەگەر پێت نەکراوە هیچ مافیایەک سزا بدەی، دەبوایە ئەوکاتە دەست لەکار بکێشیتەوە، نەک چاویان لێ بپۆشی مافیاکان قەڵەوتر و دەوڵەمەنتر و دزتر و گەندەڵتر بن".

هەر لە میانی پێشکەشکردنی گوتارەکەی ، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوتی: "ئێمە ناڵێین گەندەڵی نییە ، دزی نییە ، کاری دزێو نییە ، هەموو ئەمانە دانی پێدادەنێین ، بەڵام دەڵێین پرۆسەیەکە دەستی پێکردووە لە مێژوودا، ئەزموونێکە بونیاتمانناوە لە 25 ساڵی رابردوو، دەبێت هەموومان بیپارێزین و گەشەی پێبدەین بە هەموومان خەریکی بین کەموکوڕییەکانی چارەسەر بکەین".

مەلا بەختیار ، دەڵێ: "گریمان پارتی و یەکێتی سێ چوار ساڵ دەڵێین خواحافیز بڕۆن ئێمە پەیوەندیمان بەو حکومەتەوه‌ نەما ، پەیوەندیمان بەو دانوستاندنە نەما لە بەغدا ، چی دەبێت لە کورستاندا؟ چی دەبێت بە دەستی ئەو حیزبانەی کە دەتوانن لە ئێمە باشتر ئیشەکان بکەن ، یان دەتوانن لە پاڵماندا ئیشەکان باشتر بکەن؟ ئێمەش بە هاوکاری ئەوان و هەموو لایەک دەتوانین ئیشی باش بکەین".

 لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، دەشڵێ: "با یەکتر نەفی نەکەین ، با یەکتر لە گۆڕەپانەکە دەرنەپەڕینین ، جێگەی شانازیتان بێت کە ئێوە کەمتان کردووەو درەنگیش نەهاتوون ، ئێستا خۆتان بە سەرۆک و بە بەدیلی ئێمە دەزانن و ئازادیشن و موڵک و ماڵی ئێمەشتان لایە ، پێی بزانن ، سپڵە مەبن".

مەلا بەختیار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "هەر هێزێک تازە بێت ، هەر سەرکردەیەک خۆی بە گەورەتر لەوە بزانێت کە هەیە ، پێویستە بەقەد ئەوەی خزمەتیش کراوە ، گەورەکراوە ، پەروەردەکراوە لە حیزبی دایک پێی بزانێت باشە ، ئەوەی بێباکبێت بەرامبەر بەو رابردووە کە بۆی کراوە بێگومان لەگەڵ ئێستاشی راستگۆ نابێت ، هەرگیز ناتوانێت ئاییندەیەکی باشتر لە ئێستا دابین بکات".

مەلا بەختیار بە ئاماژەدان بەوەی ، ئێستا دۆخێکی یەکجار مەترسیدار لە نێوان رووسیا ، ئەمریکا ، سووریا ، ئێران ، حیزبوڵڵا ، ئیسرائیل و وڵاتانی دەورووبەرمان هەیە گوتی: "هیچ دوور نییە ئەو مەترسییە ناوچەکە بگرێتەوە ، ئەو ئەزموونەی ئێمە لەناو ئەو شەڕ و شۆڕە بە ئازادی رەهای حیزبەکان و رەخنەی بێبنەما و بێسەروبەر و ئەو هەموو هێرشە لەسەر حکومەت ، ئەو ئازادیە ناپارێزێت ، ئۆپۆزیسیۆن ئەرکی هەیە رەخنە بگرێت ، مافیشی هەیە حکومەتەکە و ئەزموونەکە بپارێزێت و مافیشی هەیە مافەکانی دیکەی داوا بکات ، ناکرێت بڵێت من ئیشم ئەوەیە رەخنەتان لێبگرم و بتانڕووخێنم ، ئێمە لەبەردەم ئەوەین ئەو ئەزموونە یان تێکی بدەین یان پەرەی پێبدەین، ئەگەر تێکدان بێت ئاسانە ، ئەگەر پەرەپێدان بێت گرانە ، ئەوانەی نایانەوێت ئەو ئەزموونە پەرە پێبدەن ، ئەوانەن دێن خەڵک نائومێد دەکەن لە ئاییندەی ئەو ئەزموونە".

مەلا بەختیار، سەرسوڕمانی خۆشی لەوە ناشارێتەوە، کە "هەڵبژاردنی عێراقە ، رەخنەیەک لە حکومەتی عێراقی ناگرن دێن رەخنە لە ئێمە و پارتی دەگرن! بابە ئاراستەکەت بەغدایە نەک هەولێر ، مانگی 9 و 10 هەڵبژاردنی کوردستان دەستپێدەکات ، ئەوکاتە هەرچیت پێیە بەرامبەر بە ئێمە بەکاری بهێنە ، هیچ لارییەکمان نییە، بەڵام ئێستا هەموومان ململانێمان بۆ ئەوەیە کە مافەکانمان لە بەغدا دابین بکەین".

مەلا بەختیار، بە ئاماژەدان بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و ئەو رەخنانەی لەبری ئەوەی لە بەغدا دەگیرێت لە هەولێر دەگیرێت ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "لە عێراقدا پێشمەرگە مووچەی پێنادرێت ، کێشەی نەوت و غاز لە عێراق چارەسەر ناکرێت ، بودجە لە عێراق نادرێت ، خەڵک نائومێد دەکرێت لە عێراقدا ، کەرکووک و خانەقین و ماددەی 140 جێبەجێ ناکرێت لە عێراقدا ، وەرە بەرامبەر ئەوانە قسە بکە ، مەچۆ لەناو کەرکووک خەڵکی کەرکووک و بریندار کۆبکەیتەوە لەبری ئەوەی ئومێدیان بدەیتێ ، بۆ ئەوەی ململانێ بکەن لەپێناوی گێڕانەوەی مافەکانیان ، کەچی نائومێدیان دەکەی ، دەتەوێت بڵێیت ئەمە هۆکارە سەرەکییەکەی 14-15 ساڵی حکومڕانی دوای رووخانی سەدامە و ئەو رۆیی ئاواتان بەسەرهاتووە ، 14 - 15 ساڵی رابردوو کەرکووک و خانەقینمان بە وێرانەیی وەرگرتووە ، پێشتر مەخموور و شنگالمان بە وێرانەیی وەرگرتووە".

مەلا بەختیار، دەڵێ: "ئەگەر مێژوونووسێک بچێت بەراوردێک لەنێوان ئێستای کەرکووک و خانەقین و شنگال بە پێش رووخانی سەدام بکات ، بزانە سەد بەرامبەر و دووسەد بەرامبەر خزمەتکراوە یان نەکراوە ، کەموکوڕیش هەیە ، رەخنە لە شوێنی خۆی ، پاراستن و دەستکەوتەکان و مێژوومان و ئەو ئەزموونەی هەمانە وەکو بیلبیلەی چاوی خۆمان بیپارێزین ، بۆ؟ چونکە دەزانم ئەگەر ئەوە لەدەست بچێ کەس لەمە باشترمان ناداتێ و هیچ لایەکیش لەوە باشترمان بۆ بونیاد نانێ".
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.