جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێ، ئه‌گه‌رچی ئێستا له‌ژێر كاریگه‌ری ڕووداوه نه‌خوازراوه‌كانی ئه‌مدواییه‌دا كه به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی پێشوه‌خته‌ی پلان بۆ داڕێژراو له‌لایه‌ن نه‌یارانه‌وه جارێكی تریش شاری كه‌ركوك كه‌وتۆته‌وه ژێر غه‌زه‌بی په‌ڵه هه‌ورێكی ڕه‌شی زریاناویهوه، دڵنیاشتان ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌م هه‌لومه‌رجه ناهه‌مواره‌ی ئێستا له كه‌ركوكدا به‌رقه‌راره ته‌مه‌نی كورته‌و ڕۆژی سه‌رفرازبوون و ڕزگاربونتان له‌و نه‌هامه‌تیانه زۆر نزیكه.
كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌یادی بیست وحه‌وت ساڵه‌ی ئازادكردنی شاری كه‌ركوك په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه كه له ده‌قه‌كه‌یدا هاتووه..
خه‌ڵكی دڵسۆز‌و كوردپه‌روه‌ری شاری كه‌ركوكی خۆڕاگر
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان
پێشمه‌رگه دلێره‌كان
له‌یادی بیست وحه‌وت ساڵه‌ی ئازادكردنی شاری كه‌ركوكی قودس و سه‌ری كوردستان، پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم و سه‌رجه‌م هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تی و كادر‌و ئه‌ندامانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پێشمه‌رگه گیانبازو پارێزه‌رانی خاكی نیشتمانتان لێده‌كه‌م، كه بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی هاوچهخی گه‌له‌كه‌مان له ئێواره‌ی نه‌ورۆزی 1991 ئاگره سووره‌كه‌ی بابه گووڕ گووڕو كڵپه‌و بڵێسه‌ی مه‌شخه‌ڵی نه‌ورۆزه‌كه‌ی كاوه‌ی زووحاك به‌زێن به ئازایه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌و جوامێری خه‌ڵكه تێكۆشهرو ڕاپهڕیوهكهی یه‌كیان له‌ئامێز گرته‌وه‌و له‌ژێر چه‌تری ڕاپه‌ڕین و ئازادی‌دا كه‌ركوك و نه‌ورۆز ده‌ست له‌ملانی یه‌كتر بوونه‌وه، به‌م سه‌ركه‌وتنه مه‌زن و مێژووییه‌ش ڕاپه‌ڕینی به‌هاری كوردان تاجی سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی له‌سه‌رناو شاری كه‌ركوكیش كوردستانی بوونی خۆی به خوێنی ده‌یان سه‌ركرده‌و ڕۆڵه‌ی نهبهزوئازا بۆ هه‌تا هه‌تایه سهلماندهوهو بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌شمان پێینایه قۆناغێكی نوێی تێكۆشانه‌وه. ئه‌گه‌رچی ئێستا له‌ژێر كاریگه‌ری ڕووداوه نه‌خوازراوه‌كانی ئه‌مدواییه‌دا كه به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی پێشوه‌خته‌ی پلان بۆ داڕێژراو له‌لایه‌ن نه‌یارانه‌وه جارێكی تریش شاری كه‌ركوك كه‌وتۆته‌وه ژێر غه‌زه‌بی په‌ڵه هه‌ورێكی ڕه‌شی زریاناویهوه كه ژیان و گوزه‌رانی له خه‌ڵكه‌كه‌ی تاڵ كردوه‌و دانیشتوانی ڕه‌سه‌نی شاره‌كه‌ی به‌ته‌واوی پێكهاته‌كانیه‌وه وه‌ڕس و هه‌راسان كردووه‌و ناوشاره‌كه‌و ده‌وروبه‌ریشیان لێكردونهته سه‌ربازگه‌یه‌كی وێرانه كه سیمای مه‌ده‌نی و شارستانی تیادا لاواز كردووه.
هاونیشتمانیان و دڵسۆزانی كه‌ركوك... ئه‌وه خودی كورد‌و كه‌ركوكیه‌كان نین به‌ته‌نها كه بانگه‌شه بۆ كوردستانی بوونی كه‌ركوك ده‌كه‌ن به‌ڵكو ئه‌وه ڕاستیه كه مێژوو سه‌لماندویه‌تی و له‌دێر زه‌مانیشه‌وه ناحه‌زانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌پێش دۆسته‌كانمان دركیان به‌و ڕاستیهكردووه، هه‌ر بۆ دژایه‌تیكردنی ئه‌و ڕاستیه‌ش له‌هه‌موو قۆناغه جیاجیاكاندا به ئێستاشه‌وه لهپیلانگێڕی هاوبه‌ش و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدابوون له‌دژمان. له‌به‌رامبه‌ریشدا گه‌لی كورد هیچ كات مه‌سه‌له‌ی كوردستانی بوونی كه‌ركوكی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌و به‌مافێكی سروشتی نه‌ته‌وه‌یی خۆی زانیوه‌و به درێژایی ماوه‌ی شۆڕشه یه‌ك له‌دوا یهكهكانیشی سازشی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نه‌كردووه‌و نه به مافی خۆی و نه به مافی هیچ نهوهیهكیشی نه‌زانیوه كه ئه‌و سازشه بكات، هه‌ربۆیه‌ش شاری كه‌ركوك له ویژدانی هه‌ر كه‌ركوكیه‌ك و بگره ههركوردێكی نیشتمانپه‌روه‌ریشدا شارێكی كوردستانیه‌و هه‌ر به‌كوردستانیش ده‌مێنێته‌وه.
هه‌ر له‌و سۆنگهیهشهوهو بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستیه‌ش، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هه‌میشه خۆی به خه‌مخۆرو پارێزه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ژیان و ماڵ و حاڵی هه‌مووانتان ده‌زانێت و هه‌ست به ووردو درشتی ئێش و ئازاره‌كانی ڕۆژانه‌تان ده‌كات و دڵنیاشتان ده‌كاته‌وه كه ئه‌م هه‌لومه‌رجه ناهه‌مواره‌ی ئێستا له كه‌ركوكدا به‌رقه‌راره ته‌مه‌نی كورته‌و ڕۆژی سه‌رفرازبوون ڕزگاربونتان له‌و نه‌هامه‌تیانه زۆر نزیكه. ئاماده‌گی ئێوه‌ی كه‌ركوكیه ڕه‌سه‌نه‌كان به گوڕ‌و تین و حه‌ماسی شۆڕشگێڕانهتانهوه بۆ هاتنه مه‌یدانی خه‌باتی دیموكراسیانه‌و سووربوونتان له‌سه‌ر به ئازادی ژیان و به‌ده‌ستهێنانی سه‌رفرازی هه‌میشه‌یی زامنی ته‌واوی هه‌ڵهاتنی خۆری ئازادی و باڵا پۆشی كه‌ركوكه به ڕه‌نگی ئاڵ‌و واڵای به‌یداغی سه‌ربڵندی كوردستانه‌وه.
درود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕۆژی ئازادی كه‌ركوك و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كورد و كوردستان
ئازادی و سه‌رفرازی بۆ كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان
كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی
جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك)
20 ی ئازاری 2018
ئاماده‌كردنی: رزگار
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.