Erbil 19°C شەممە 21 ئەیلوول 08:18

ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانی نەمر بەرز ڕاگیرا

له‌ شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
کوردستان TV
#7
100%


لە ساڵڕۆژی لەدایكبوونی باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد، بارزانی نەمر، كوردستانیان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانەوە ڕوویان لە مەزاری نەمران لە بارزان كرد و سۆز و پەیمانیان بۆ ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان نوێ كردەوە.

ئەمڕۆ بە هەزاران هاووڵاتی لە شار و شارۆچكەكانی كوردستانەوە بۆ نوێكردنەوەی سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی بارزانی نەمر و پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد، ئەوانەی سەردانی مەزاری نەمرانیان كردبوو، ڕایانگەیاند، سۆز و پەیمان نوێ دەكەینەوە كە هەردەم درێژەپێدەری خەباتی بارزانی نەمر بین و هاوكار و پاڵپشتی سەرۆك بارزانی بین، بۆ ئەوەی گەلی كورد بەو ئاواتە بگات كە بارزانی نەمر و گەلی كورد خەباتیان بۆ كردووە.

ئاماژەیان بۆ ئەوەش كرد، هیوادارین لە ڕۆژی لەدایكبوونی بارزانی نەمردا هەموو هێز و لایەنەكان كێشەكان وەلاوە بنێن و خۆ بكەنە یەك و پشتگیری لە بڕیار و هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بكەن.

بۆ به‌رزراگرتنی ئه‌م یاده‌، كونسوڵی كوه‌یت له‌ هه‌ولێر و كه‌سایه‌تیانی بیانی ، جه‌ماوه‌ری ده‌ڤه‌ری شێخان و ئه‌لقوش و كه‌سوكاری شه‌هیدانی شه‌ڕی دژی داعش سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مرانیان كرد له‌ بارزان.

بۆ به‌رزراگرتنی یادی لەدایكبوونی بارزانی نەمر، چه‌ند وتارێك پێشكه‌ش كران و تیایاندا ئاماژه‌ به‌ خه‌بات و تێكۆشانی نیو سه‌ده‌ی بارزانی نه‌مر و رابه‌رایه‌تیكردنی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی كرا.

دوای دانانی تاجه‌گوڵینه‌ و خوێندنی سوره‌تی فاتیحه‌ ، شانده‌كان سۆز و وه‌فای خۆیان بۆ رێبازی بارزانی دووپات كرده‌وه‌ .

ئه‌مڕۆ چوارده‌ی ئادار یادی سه‌د و پازده‌ ساڵه‌ی له‌دایكبوونی باوكی رۆحی نه‌ته‌وه‌یی كورد مسته‌فا بارزانیی نه‌مره‌.

هه‌ر ئه‌مرۆ له‌ یادی سه‌د و پازده‌ی ساڵه‌ی له‌دایكبوونی باوكی رۆحی نه‌ته‌وه‌یی كورد مسته‌فا بارزانی نه‌مر، له‌ ته‌واوی شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان ئه‌و یاده‌ به‌ چاندنی نه‌مام و چه‌ندین چالاكی دیكه‌ به‌رز راگیرا، له‌ باره‌گای لێژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵمه‌تێكی نه‌مام چاندن بۆ مه‌به‌ستی یادی له‌دایك بوونی بارزانی نه‌مر به‌رێوه‌چوو.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامان و كادیرانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان لێژنه‌ی ناوچه‌ی پێنجوین بۆ به‌رز راگرتنی ساڵیادی له‌دایكبوونی مسته‌فا بارزانی نه‌مر و بۆ كوردستانێكی ژینگه‌ پاك هه‌ڵمه‌تێكی نه‌مام چاندنی له‌ باخچه‌ی قه‌زای پێنجوین به‌رێوه‌چوو.

له‌ ده‌ڤه‌ری ئامێدییش چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ به‌رێوه‌چوو، له‌ شاره‌دێی سه‌رسنگ له‌ رێوره‌سمێكدا و به‌ ئاماده‌ بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر به‌رپرسانی حزبی و حكوومی و جه‌ماوه‌رێكی زۆری ناوچه‌كه، هه‌ڵمه‌تێكی نه‌مام چاندن له‌سه‌ر رێگای گشتی سه‌رسنگ به‌رێوه‌ چوو.

هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ له‌ ئاكرێش به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی حزبی و حكومی و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و گه‌نجان و لاوان سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ئاكرێ هه‌ڵمه‌تێكی نه‌مام چاندن به‌رێوه‌چوو.  

هه‌ر به‌ بۆنه‌ی ‌ساڵیادی له‌دایكبوونی بارزانی نه‌مرو رێزگرتن له‌ هه‌وڵ و خه‌بات و قوربانیدانی له‌ سه‌نته‌ری قه‌زای به‌رده‌ره‌ش و هه‌ر سێ شاره‌دێیه‌كه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی نه‌مام چاندن به‌رێوه‌چوو.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.