Erbil 5°C شەممە 18 کانوونی دووەم 01:43

کوردستان تیڤی نووسه‌ری په‌یماننامه‌ی 11ـی ئاداری ساڵی 1970 به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه‌

په‌یماننامه‌كه‌ له‌ 15 خاڵ خاڵ پێكهات بوو دانی نابوو به‌ به‌شێك له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد
کوردستان TV
#7
100%

یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی په‌یماننامه‌ی 11ـی ئاداری ساڵی 1970ـی به‌ ده‌ستی خۆی نووسیوه‌ته‌وه‌، ئێستا ته‌مه‌نی 67 ساڵه‌و دانیشتووی قه‌زای چۆمانه‌، ئه‌و كاته‌ی مسته‌فا بارزانی، رابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد حكوومه‌تی عێراق ناچار ده‌كات شاندێك به‌ دوو هه‌لیكۆپته‌ر بنێرێته‌ ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی و په‌یماننامه‌كه‌ له‌ قه‌زای چۆمان وه‌ك گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی مێژوویی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد واژۆ بكات، عه‌زیز عه‌لی ته‌مه‌نی 19 ساڵان ده‌بێت و له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كاری نووسه‌ری ده‌كات.

عه‌زیز عه‌لی، كه‌ به‌ سه‌ید عه‌زیز ناسراوه‌، 37 ساڵی ته‌مه‌نی خۆی له‌ وڵاتی ئێران له‌ ئاواره‌یی به‌سه‌ر بردووه‌ و بۆ سایتی كوردستان تی ڤی به‌سه‌رهاتی كاتی نووسینه‌وه‌ی په‌یماننامه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌: نۆزده‌ساڵان بووم له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تر له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ناوپردان كاری نووسه‌ریمان ده‌كرد، نزیك به‌ هه‌فته‌یه‌ك پێش یازده‌ی مانگ شاندێكی ئه‌وكاتی به‌غدا هاتنه‌ قه‌زای چۆمان و له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فای بارزانی له‌ قه‌سری سه‌لام كۆبوونه‌وه‌.

گووتیشی: ئامێره‌كانی ئه‌وكات تابیعه‌ی كۆن بوون، هه‌ندێكیان وه‌ك ده‌رزی كاغه‌زیان كون ده‌كرد و پیتچنینمان ده‌كرد، به‌ڵام بۆ ئه‌وكات ئامێری پێشكه‌وتووی سه‌رده‌م بوون، به‌ ده‌ست كاری ده‌كرد و ده‌مانسوڕاند و كاغه‌زه‌كه‌ كۆپی ده‌كرد، ئیدی په‌یماننامه‌كه‌مان له‌ پازده‌ خاڵ نووسییه‌وه‌".

په‌یماننامه‌كه‌ له‌ 15 خاڵ پێكهات بوو دانی نابوو به‌ به‌شێك له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد و گرنگترینیان  مافی ئۆتۆنۆمی و خوێندن به‌ زمانی كوردی، به‌ڵام رژێمی ئه‌وكاتی عێراق به‌ هاوكاری شای ئێران و سه‌رۆكی جه‌زائیر پیلانیان له‌ دژی خواسته‌كانی كورد داڕشت و به‌ رێكه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر، عێراق له‌ به‌ڵێنه‌كانی بۆ كورد په‌شیمان بووه‌وه‌.

ئه‌م نووسه‌ره‌ كه‌ ئێستا خانه‌نشینی ئه‌یلووله‌. ده‌ڵێت: نابێت سه‌ركردایه‌تی كورد متمانه‌ به‌ به‌ڵێنه‌كانی به‌غدا بكات، چونكه‌  به‌غدا هه‌ركاتێك له‌ لاوازیدا هه‌ستابێته‌وه‌، دژی گه‌لی كوردستان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.وه‌ك ئه‌م نووسه‌ره‌ باسی لێوه‌ ده‌كات له‌كاتی واژۆكردنی په‌یماننامه‌كه‌، سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ هه‌ناوی په‌یماننامه‌كه‌ تیشكی ده‌دا، بۆیه‌ له‌هه‌موو لایه‌ك شایی و لۆغان ده‌بینرا.

له‌كۆتاییشدا سه‌ید عه‌زیز به‌ گله‌ییه‌وه‌ گوتی: ئاره‌زووی دیداری سه‌رۆك بارزانیم، هه‌وڵی زۆرمداوه‌ به‌ دیداری بگه‌م، به‌ڵام تا ئێستا ده‌رفه‌تی دیداریان بۆ نه‌ڕه‌خساندووم.

په‌یامنێر: كه‌ریم سمكۆ               

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.