Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 23:23

سەفین دزەیی: هه‌رێم ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەسەر نەوتی کەرکووک لەگەڵ بەغدا

سەفین دزەیی: تاوەکو ئێستا رێککەوتنێکی کۆنکریتی لەسەر ئەو پێشنیازە نەکراوە
کوردستان TV
100%

حكومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆرییە نەوتییەکانی کوردستان وەک چۆن بەغدا داوای دەکات نیشاندەدات. پەرلەمانتارێکی شیعەش دەڵێت، نەوتی کەرکووک بە بۆری بڕوات ئیدی لە رێگەی تانکەرەوە نادزرێت.

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەوەی ئاشکراکرد، کە داوایانکردووە هەولێر دەرگا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بکاتەوە.

دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بەغدا دەستی بەسەر نەوتی کەرکووکدا گرت ، بەمەش هەناردەکردنی نەوتی ئەو شارە راگیرا. 

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی بیرۆکەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ دەرەوە و داواکاری بەغدا لە هەولێر دەخاتەڕوو.

سەفین دزەیی ، گوتەبێژی حکومەتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "هەرێمی کوردستان ئەو پێشنیازەی پێشکەش بە بەغدا کردووە، لە دیداری دواجاریش جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە. پێدەچێت بەغداش پێشوازی لەو پێشنیازە بکات، چونکە بینیمان کە حەیدەر عەبادی خۆی ئاماژەی پێدا وەکو بیرۆکەیەک، هەرچەند بیرۆکەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پێشکەشکراوە، بەڵام کێشە نییە، گرنگ ئەوەیە بکرێت، هەنگاوێکی پۆزەتیف بەرەو پێشەوە بچین بەتایبەت لەسەر دۆسیەی نەوت، تاوەکو ئێستا رێککەوتنێکی کۆنکریتی لەسەر ئەو پێشنیازە نەکراوە، تەنیا پێشنیازە پێدەچێت بەغدا بە جددی هەڵوەستە لەسەر ئەو پێشنیازە بکات، ئێمەش هیوادارین رێککەوتنێکی باشی لێبکەوێتەوە".

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێستا پێویستە بڕیاری سیاسی لەسەر ئەوە بدرێت کە ئایا مووچەی ئەو دوو وەزارەتە دەدرێت یان نا. تەنیا یەک بڕیاری سیاسی ماوە لە بەغداوە بدرێت، ئەگینا لەڕووی هونەرییەوە کاری هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی تەواو بووە، بەشێک لە وەزارەتەکانی دیکەش ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت، بەڵام ئەولەویەت دراوەتە ئەو دوو وەزارەتە".
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.