مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راگەیاند، کوردستان ئەرکە دەستوورییەکانی بەجێگەیاندووە و ئێستا کاتی ئەوەیە بەغدا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێبکات. دەشڵێت، هۆکاری بڕیاری داخستنی گەشتیی نێودەوڵەتی فڕۆکەخانەکانی کوردستان سیاسییە نەک تەکنیکی.
مه‌سروور بارزانی بە سەردانێکی چەند رۆژە لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکایە. لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و سیناتەکان کۆبووەتەوە و گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێک کراوە.
سەبارەت بە كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان شاندی کوردستان و حکومەتی عێراق لە میونشن، مه‌سروور بارزانی گوتی "ده‌توانم بڵێم ئێمه گه‌یشتینه رێكکه‌وتنێك بۆ چۆنێتی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان به‌ڵام هه‌موو رۆژێك بیانوویه‌كی دیكه دەهێننه پێشه‌وه. وادیاره مه‌به‌ست سیاسییه و ته‌كنیكی نییه ئه‌گه‌رنا هیچ بیانوویه‌ك نه‌ماوه بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان نه‌كرێنه‌وه".
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مریكا، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت، سه‌ره‌ڕای بوونی بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌ت به‌ڵام ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان زۆر باشن و كوردستان و ئه‌مریكا دۆست و هاوپه‌یمانی یه‌كدین.
له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسان له ئیداره و كۆنگرێسی ئه‌مریكا ئه‌نجامداوه. مەسروور بارزانی رایگەیاند، ئامانج له‌و دیدار و كۆبوونه‌وانه باشتركردنی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.