عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی» کوڕی حاجی مەلا محەممەد بووە و لە ڕۆژی 13-4-1921 دا لە مەھاباد لە دایک بووە و بە لاویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونە تەرەغە.
لە ساڵانی سەرەتای ژیانیدا لە لای باوکیدا و دواتر لە مەکتەبخانەکاندا و لە بەر دەستی چەند مامۆستایهكی ئایینی، دەرسی گولستان و بووستانی سەعدی خوێندوە. بەڵام بە پێی ئەو شتەی کە لە چێشتی مجێوردا باسی دەکات، دەستکەوتێکی زۆر کەمی ههبووه.
باوکی ھەژار کەسایەتیەکی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە کوردی بخوێنێت و بنووسێت، ھەر ئەمەش ھانی داوە کە کوڕەکەی خۆی (ھەژار) ھەر لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بکات و دواتریش بینێرێتە مەکتەب و حوجرە.
بۆ یهكهمجار ههژاری شاعیرلە ساڵی 1940 دەستی بە ھۆنراوە وتن کردووە و ھۆنراوەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لە سەر ھەستی بووە.
ھەژار ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، تێیدا ئەندام بووە و بەشداری کارە حیزبییەکانی كردووه . ئەو بڕوایەکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی ژ. ک. بووە ههرلهبهر ئهوهش بوو لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام.
ھەژار لە کۆماری کوردستاندا دەورێكی باڵای ھەبووە و لەگەڵ ھێمن لە لایەن کۆمارەوە بە «شاعیرانی نەتەوەیی کوردستان» دەناسرێن. دوای تێکچوونی کۆماری مەھاباد لە ئازاری ١٩٤٧دا ناچار دهبێت وڵات جێبهێلێت و روو له باشووری كوردستان دهكات و ماوەی ٣٠ ساڵ لە باشوور و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە.
لە پایزی ١٩٤٧ بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیی سیل بوو، دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق، پاشان جارێکی تر لە حکومەتی ئەوسای عێراق قاچاخ دهبێت بۆیه بەرەو سوریا ڕادەکات، و ماوەیەک لە سووریا دەمێنێتەوە.
دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی و لە ساڵی ١٩٦١دا، ھەژار دەچێتە پاڵ شۆڕش ، کاتێک ڕێککەوتتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوانی سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکومەتی عێراق مۆرکرا، لهسهر داوای شۆرش و بۆ ڕێکخستنی کاروباری یەکێتی نووسەرانی کورد کە تازە لە ١٠ی شوباتی ١٩٧٠دا دامەزرا بوو چوو بۆ بهغدا .
لە کۆنگرەیەکەی ئەو یەکێتییە بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەر ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتیشدا کرا بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد ، توانی لە ساڵی ١٩٧٢دا پەرتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بکاتە کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپی بکات.
لەدوای بە ئاکام نەگەشتنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥دا گهرایهوه بۆئێران وله شاری کەرەج نیشتهجێ بوو و تا کۆتایی ژیانی (ساڵی ١٩٩١) لەوێ مایەوە. ھەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. دوای مردنی تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندراوە و لە گۆڕستان (باغ فردوس) ی شاری مەھاباد نیژرا.
ھەژار لە پەرتووکی چێشتی مجێوردا کە ژیاننامەیەکی خۆیەتی کە بە دەستی خۆی نووسراوە، دەڵێ:
بۆ خۆم لە بیرم نییە کەنگێ بۆ یەکەم جار ھاتوومە دنیاوە! بەڵام وەک بۆیان گێڕاومەوە و باوکم لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا نووسیبووی، ڕۆژی شەشی شابان، ساڵی ١٣٣٩ی ھیجریی ، بەری بەیانی کە ڕۆژێکی زۆر تووش و بارانی بووە لە دایک بووم و بریا ھەر نەبووبام.
وەک دەڵێن زۆر منداڵێکی گرینۆک و بە گروو بووم، کەم وەختان ژیربوومەتەوە... ھەروەھا سەبارەت بە ھێمن دەڵێ: لە خانەقا دەگەڵ ھاوتەمەنیکی خۆمدا بوومە ئاشنا، ناوی "محەمەد ئەمینی شیخولئیسلام" و پوورزای منداڵە شێخەکان بوو. ئەویش دەبوایە بۆ بەرەکەت دەرس لای مامۆستا مەلا سەعید بخوێنی و لە ماڵی شێخ بژی.
نازانم ئەو زیرەکتر بوو یا من! بەڵام ئەوەندە دەزانم لە دەبەنگی و ھیچ فێر نەبووندا، درۆزنیش فەرقی نەدەکردین. ھەر دووکمان وەک یەک دارکاری دەکراین و بە قەد یەک بەر جنێو دەدراین. تەنیا فەرقێکمان کە ھەبوو، ئەو بۆ نەگبەتی شێعری دەگوت و خۆی لە من بە ھونەرمەندتر دەزانی. بەڵام شێعری چۆن؟ یا خوا بە نسیبی دوژمنانت بێ! من لە بەغێڵیان گاڵتەم بە شێعرەکانی دەکرد. ئاخری ھەر وازی نەھێنا و لە دواڕۆژدا بوو بە شاعیرێکی ھەرەبەرز و بە ناوی ھێمن ناوبانگی کرد. کاری ھەرە گرینگمان ڕاوە دووپشک، دزی باخان، مریشک دزین لە ماڵە شێخان و ھەزار بەدفەڕی و کاری نالەباری دیکە بوو.
ههندێك له بهرههمهكانی ههژاری شاعیر :
به زمانی كوردی
١- بەیتی سەرە مەڕ، لە ١٩٥٧ لە شام چاپیکردووە
٢- چێشتی مجێور، یادداشتەکانی خۆیەتی
٣- ئاڵە کۆک
٤- بەیتی سەرە مەڕ
٥- مەم و زین، ھەر بە ھۆنراوە لە کورمانجییە وەریگێڕاوەتەوە بۆ سۆرانی
بۆ کوردستان، دیوانی ھەژار، ١٩٦٥
٦- شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، لە فارسییەوە بۆ کوردی
٧- چوارینەکانی خەیام. لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
٨- مێژووی ئەردەڵان
٩- یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە، نووسینی عەلی شەریعەتی، لە فارسییەوە بۆ کوردی
١٠- دایە، باوە، کێ خراوە؟
١١- شەرحی دیوانی مەلای جزیری
١٢- بیرەوەریەکانی ژیان
١٣- قورئان بە کوردی
١٤- ھۆزی لە بیرکراوی گاوان، نووسینی دوکتۆر مستەفا جەواد، لە عەرەبییەوە کردوویەتیە کوردی
١٥- فەرەنگی ھەنبانە بۆرینە «کوردی بە کوردی و فارسی»، تاران، ١٩٩٠
١٦- دیوانی شێخ ئەحمەدی جزیری، دەق و مانا لێکدانەوە.
بهزمانی فارسی
١- تاریخ سلیمانیە (مێژووی سلێمانی)
٢- روابگ فرھنگی ایران و مصر (پەیوەندیە کولتورییەکانی نێوان ئێران و میسر) .
٣- قانون در گب، نوسراوەی ئیبن سینا لە عەرەبییەوە بۆ فارسی .
٤- ێپارالبلاد و اخبارالعباد زکریا قزوینی لە عەرەبییەوە بۆ فارسی .
ههر كوردم
به دهربهدهری یا له ماڵ خۆم
له خاكی عهرهب ، له ێران و رۆم
كۆك و پۆشته بم ، رووت و ڕهجاڵ بم
كۆشكم ده قات بێ ، وێرانه ماڵ بم
ئازا و رشزگار بم شادان و خهندان
یان زنجیر له مل له سووچی زیندان
ساغ بم جحێڵ بم بگرم گۆێ سوانان
یان زار و نزار له نهخۆشخانان
دانیشم لهسهر تهختی خونكاری
یان له كۆڵانان بكهم ههژاری
كوردم و له رێی كورد و كوردستان
سهر له پێناوم گیان لهسهر دهستان
::: سەرچاوە:
١- دیوایی بۆ کوردستان
٢- چێشتی مجیور
٣- ماڵپەڕی ویکدپێدیا
٤- ماڵپەڕی ڤەژین
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.