ئاژانسی كاروباری هەڵگرتنەوەی مین، سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (UNMAS) رایگەیاند كارەكانی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنییەكان لە عێراق، پێویستی بە 10 ساڵ و 216 ملیۆن دۆلارە.
بێیر لودهامار بەڕێوەبەری ئاژانسەكە لە عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری جێنڤ سازی كرد گوتی: هەڵگرتنەوەی ئەو مینانەی كە داعش لەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵی كردبوون، كارێكی زۆر ئاڵۆزە.
جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستیی پاككردنەوەی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
بەڕێوەبەری ئاژانسی كاروباری هەڵگرتنەوەی مین گوتیشی: بۆ ماوەیەكی زۆر كاری هەڵگرتنەوەی مین و ماددە تەقەمەنیم لە 14 وڵاتدا كردووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئەم بڕە زۆرە لە مین و ماددەی تەقەمنیم وەك ئەوەی لە شاری موسڵدا هەن نەبینوە كە بە هیچ جێگەیەكی دیكە بەروارد ناكرێت و كاری هەڵگرتنەوەیان زۆر ئاڵۆزە.
بێیر لودهامار ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ساڵی رابردوو، فەرمانبەرانی ئاژانسەكەیان، 45 هەزار پارچە ماددەی تەقەمەنییەكان لە عێراق هەڵگرتووەتەوە، هەروەها مەشق و راهێنانیان لەسەر مەترسی و پاراستنی گیانیان لە میانی هەڵگرتنەوەی میندا، بە 415 هەزار كەس كردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.