Erbil 32°C ھەینی 27 ئەیلوول 10:19

داواى لێکۆڵینەوە لە یاسایی بوونی دانیشتنى پەرلەمانى عێراق ده‌کرێت

ڕێژەى یاسایی ئەندامان تەواونەبووە
کوردستان TV
100%


پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ لە دانیشتنێکى مشتومڕ ئامێزدا هەموارى دووەمى یاساى هەڵبژاردنەکانى پەسەندکرد، کە تێیدا گۆڕانکارى کرا لە ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمان و بڕوانامەى کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان، یان ئەو بڕوانامەیان هەبێت کە هاوتاى ئامادەیین کە ئامادەیی بازرگانى و پیشەسازیش دەگرێتەوە، هەروەها خاوەن بڕوانامەکانى دبلۆم و دبلۆمى باڵاش دەتوانن خۆیان کاندید بکەن.

لای خۆشیه‌وه‌ هومام حەمودى جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق هەردوو فەرمانگەى پەرلەمان و ڕاگەیاندنى ڕاسپارد، لێکۆڵینەوە بکەن لە یاسایی بوونى دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمان.

حەمودى لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ژمارەیەک ئەندامى پەرلەمان ناڕەزایی خۆیان نیشانداوە لەبارەى یاسایی بوونى دانیشتنەکەى پەرلەمان و ئامادەبوونى رێژەى یاسایی ئەندامان.

ئاماژەى بەوەش کردووە، وەک ڕێزگرتن لە ڕێڕەوى پرۆسەى یاسادانان و پارێزگاریکردن لێی، داواى لێکۆڵینەوەى لە دانیشتنەکەى ئەمڕۆ کردووە، کە تێیدا دەنگدرا لەسەر هەموارى دووەمى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تیایدا دەنگی دا بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و دواتر دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ ڕۆژی سێشەممە.

دواى دانیشتنەکە ژمارەیەک ئەندامى پەرلەمان ڕایانگەیاند کە ڕێژەى یاسایی ئەندامان بۆ بەڕێوەچوونى دانیشتنەکە تەواونەبووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.