Erbil 37°C ھەینی 27 ئەیلوول 12:37

بەرپرسی ده‌روازه‌ى پیشابور: مانگانە بە هەزاران تۆن خۆراک و دەرمان له‌ پیشابووره‌وه‌ دەگەیه‌نرێتە رۆژئاوای کوردستان

لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی بە رووی ھاووڵاتییاندا کراوەتەوە
کوردستان TV
#7
100%

لە روونکردنەوەیەکدا شەوکەت بەربەھاری، بەرپرسی خاڵی سنووریی دەروازەی پیشابوور، وەڵامی گوتەکانی سالار مەحموود، پەرلەمانتاری یەکێتی داوەتەوە، کە بەرپرسانی ئەو خاڵە سنوورییەی تۆمەتبار کردووە بە رێگە نەدان بۆ سەردانی رۆژئاوای کوردستان و راشی گەیاندووە: "ئەو دەروازەیە، لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی لە 16ی کانوونی دووەمی 2013ەوە بە رووی ھاووڵاتییاندا کراوەتەوە.

 


ده‌قى روونكردنه‌وه‌كه‌

روونکردنەوەێک لەسەر گوتەکانی بەڕێز سالار محمود

رۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 8/2/2018 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ناووی پێنج ئەندام پەرلەمانمان پێگەیشت لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، شیوعی کە بڕیار درابوو رۆژی شەممە ڕێکەوتی 10/2/2018 سەردانی شاری عفرین، بکەن بەڵام ناووی بەڕێز سالار محمودی تێدا نەبوو.

لە کاتی هاتنیاندا خۆم لە پێشوازیکردنیاندا بووم و هەموو ئامادەکاریێک بۆ پەڕینەوە و سەفەری ئەم بەڕێزانە کرابوو.

لەم دوو رۆژەی رابردودا بەڕێزیان کۆمەلێک بابەتی لە میدیاکاندا وروژاندوە کە دورن لە راستی بۆیە ناچار بووین به كورتى هەندێک خاڵ بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو:

1.کاک سالار باسی ئەوە دەکات کە پێمان گوتووە بەڕێز حەمید دەربەندی گوتویەتی رێگەی پێ نەدەین. بەڵام بە هیچ شێوەێک شتی وا نەگوتراوە و ناوبراو ئێستا بۆ چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی کوردستانە و لە دوور و نزیکەوە ئاگاداری سەفەری کاک سالار نەبووە.

2.کاک سالار دەلێت "ڕێگریێکی گەورە هەیە لە دەروازەی پیشابور بۆ پشتگیری کردن لە ڕۆژئاوای کوردستان". لێرەدا دەبێت بە بەڕێزیان بلێن:

*ئەگەر وایە ئەی بۆ پێنج ئەندام پەرلەمانە بەڕێزەکەی تر بە حورمەتێکی زۆرەوە بەڕێ کران.

*لەم خاڵە سنورییە ڕۆژانە بە سەدان کەس هاتن و چوون دەکەن.

*نزیکەی ٤٠ رێکخراوی خێرخوازی بیانی مانگانە بە هەزاران تۆن خۆراک و دەرمان لەم خاڵە سنورییەوە دەگەێننە ڕۆژئاوای کوردستان.

*تەنیا لەم سێ هەفتەیەی دواییدا بە دەیان ڕۆژنامەنوس لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ ڕوماڵکردنی هێڕشی سەر عفرین لەم خاڵە سنورییە پەڕیونەتەوە.

*ڕۆژانە بە دەیان بارهەڵگر کاڵای بازرگانانی ڕۆژئاوای کوردستان دەگوازنەوە ئەوبەری سنور.

*ڕۆژانە دەیان نەخۆش بۆ چارەسەری پزیشکی لە سنور دەپەڕنەوە.

*هاتوچۆی هەموو کوردانی ڕۆژئاوا لە هەندەران و ئەوانەی کاری کۆنسولخانەکانیان هەیە تەنیا لەم خاڵە سنورییەوەیە.

3.لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا كاك سالار دەلێت " یەکێک لە پێشنیارەکانی کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوویان کردنەوەی خاڵی سنوری پیشابور بووە بە ڕووی ڕۆژئاوای کوردستاندا". لێرەدا پێویستە بە بیر جەنابیان بێنیننەوە کە ئەم خاڵە سنورییە لە 16/1/2013 بە فەرمانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بەڕێز مسعود بارزانی بە ڕووی هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستاندا کراوەتەوە و ئەم سنورە لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەڕووی هاتن و چوونی نەخۆش و بریندار و كاری ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و هیتر تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش داخراو نەبووە. نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسولخانەکانی وڵاتانی بیانی لە کوردستان شایەدی ئەم ڕاستییەن.

بۆیە بەڕێز سالار محمود نەدەبوایە لەسەر گرفتێکی ئیداری کەسیی هەموو ئەم شتانە بسترێتەوە و دونیاێک بوختان و شتی هەڵبەستراو لە پێناو وروژاندنی هەستی خەلک بێنێتە سەر زمان و ململانێی حزبی و شەڕی اعلامی تێکەڵی بابەتی سنوور بکات.

شەوکەت بربەھاری
بەرپرسی خاڵی سنووریی پیشابوور

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.