بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی پارێزگای هەولێر پێکهاتوو لە بەرپرسانی گومرکی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ژووری بازرگانیی هەولێر بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتیی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و ورمێ سەردانی پارێزگای ورمێ بکەن.
ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی تارانی کرد و لەگەل سەرکۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکاندا بڕیار لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەڕووی سیاسی و بازرگانی و ئابوورییەوە درا.
هەر لەو پەیوەندییەدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کونسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر سەردانی ژووری بازرگانیی هەولێری کرد و لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانیی هەولێر، لەسەر چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ڕێکخستنەوەی خاڵە سنوورییەکان گفتوگۆ کرا، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و ژووری بازرگانیی هەولێر لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.