Erbil 4°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 05:25

19 ماده‌ى تر له‌ پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان په‌سند کرا

له‌ دانیشتنی ئه‌مرۆی په‌رله‌مانی كوردستان
کوردستان TV
#7
100%


پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (7)ى ئاساییی خولی پاییزه‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامدا.

سه‌ره‌تا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌چوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئاماده‌كراوه‌، به‌پێی بڕیاری ژماره‌ (26)ى ساڵی 2014 و بڕگه‌ی (8) له‌ مادده‌ى (په‌نجاو شه‌شه‌م)ى یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو و پاڵپشت به‌ مادده‌ى (94)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ ئه‌و دوو پڕۆژه‌ یاسایه‌: (پڕۆژه‌ یاسای ده‌سته‌به‌ركردنی نوێنه‌رانی ئافره‌تان له‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پڕۆژه‌ یاسای رێكخستن و یه‌كخستنی عه‌لوه‌كان)، به‌پێی ماده‌ی (71) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ى هه‌مواركراو،خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ زیادكردنی ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز په‌رى صالح حه‌مید، بۆ سه‌ر لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی)، به‌پێی ماده‌ی (44) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی چواره‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی ده‌وڵه‌ت، به‌پێی ماده‌كانى (72،74،75)، له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو.
 
پاشان له‌لایه‌ن خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، پوخته‌ى كۆنووسی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان خوێندرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ناوى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى په‌رله‌مانیش خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌دانیشتنی پێشوو مۆڵه‌ت بوون یاخود ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نه‌بوون و ناوى ئه‌و ئه‌ندامانه‌شی كه‌ بۆ دانیشتنی ئه‌مڕۆ مۆڵه‌تیان وه‌رگرتبوو خوێندرایه‌وه‌.

پاشان به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، داوا له‌ لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان كرا بێنه‌ شوێنی تایبه‌ت بۆ خوێندنه‌وه‌ى ئه‌و ماده‌ و بڕگانه‌ی كه‌ ئاماده‌یان كردبوو بۆئه‌وه‌ی بخرێنه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی په‌سندكردنیان كه‌ بریتی بوو له‌ به‌شی پێنجه‌می پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وه‌كه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان و لیژنه‌ كاتییه‌كانی په‌رله‌مان كه‌ له‌ بیست ماده‌ پێكهاتبوو له‌ ماده‌ی 28ى په‌یڕه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌ستیپێده‌كرد كه‌تێیدا ئاماژه‌ به‌ چۆنیه‌تیی هه‌ڵبژاردن و پێكهاته‌ و ماوه‌ی پێكهێنان و دیاریكردنی ژماره‌ى ئه‌ندامان له‌ لیژنه‌كاندا كراوه‌، سه‌باره‌ت به‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می ماده‌كه‌ كه‌ باس له‌ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان ده‌كات له‌ ماوه‌ی 25 رۆژدا، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازكرا ئه‌و 25 رۆژه‌ لابدرێت و ماوه‌كه‌ كراوه‌ بێت، به‌ڵام پێشنیازه‌كه‌ ده‌نگی پێویستی نه‌هێناو بڕگه‌كه‌ وه‌ك خۆی مایه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێشنیاز كرا كه‌ لیژنه‌كان بۆیان هه‌بێت سكرتێرێك یان زیاتریان هه‌بێت بۆ لیژنه‌كه‌، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.

پاشان كۆی ماده‌كه‌ كه‌ له‌ پێنج بڕگه‌ پێكهاتبوو خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.

ماده‌ی 29 كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ژماره‌ی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان، دوای پێشنیازى ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان بۆ لێكدانی چه‌ند لیژنه‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه‌ و مانه‌وه‌ى هه‌ندێ لیژنه‌ش وه‌كو خۆیان و یه‌كلاكردنه‌وه‌یان به‌ ده‌نگدان ژماره‌ی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ 22 لیژنه‌وه‌ كرا به‌ 15 لیژنه‌.

ماده‌كانی 30 و 31ى په‌یڕه‌وه‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ كارى لیژنه‌كان و كۆبوونه‌وه‌كانی و وه‌رگرتنى بڕیاره‌كان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ و دانیشتنه‌كانى و تۆماركردنیان له‌ كۆنووس و خستنه‌ به‌رده‌مى هه‌ر بابه‌تێك له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌رده‌م لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان، دواى خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا په‌سند كران.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی 32ى پىیڕه‌وه‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و راوێژكارانی په‌رله‌مان به‌پێی پسپۆڕییان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كان، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیاز كرا بڕگه‌ی دووه‌مى ماده‌كه‌ لابدرێت، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا، دواتر كۆی ماده‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كرا.

ماده‌كانی (37،36،35،34،33)ى په‌یڕه‌وه‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ جێبه‌جێبوونی ئه‌و حوكمانه‌ی كه‌ له‌و په‌یڕه‌وه‌دا هاتوون بۆ ئاماده‌بوون له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان به‌سه‌ر ئاماده‌بوون له‌ دانیشتنی لیژنه‌كان و جێگرتنه‌وه‌ی شوێنی ئه‌ندامێكى لیژنه‌كان له‌كاتی به‌تاڵبوونی شوێنه‌كه‌ى به‌پێی په‌یڕه‌و و به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه‌ له‌ كارى لیژنه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كران.

ماده‌ی 38ى په‌یڕه‌وه‌كه‌ش له‌سه‌ر پێشنیازی لیژنه‌ی كاتیی پێداچوونه‌وه‌ و پێشنیازی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ لادرا.

هه‌روه‌ها پێشنیاز كرا ماده‌ی 39ی په‌یڕه‌وه‌كه‌ش لابدرێت به‌ڵام پێشنیازه‌كه‌ ده‌نگی پێویستی نه‌هێناو ماده‌كه‌ وه‌ك خۆی په‌سند كرا.

ماده‌كانی (43،42،41،40)ى په‌یڕه‌وه‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌شێواژی راوێژكردنی لیژنه‌كان به‌شاره‌وایان و پێسپۆڕانى په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كان  و داواى دانیشتنی گوێگرتن له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك كه‌په‌یوه‌ست بێت به‌كارى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه‌رتى حكومى و تایبه‌ت و هه‌روه‌ها به‌دواچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ و سه‌ردانی مه‌یدانیی لیژنه‌كان و داواكاریی لیژنه‌كان بۆ ئاماده‌بوونى وه‌زیرى په‌یوه‌ندیدار و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ لیژنه‌كان و به‌شدارییان له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان، هه‌ر چوار ماده‌كه‌ به‌جیا وه‌ك خۆیان خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و په‌سند كران.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی 44یش پێشنیاز كرا كه‌ بڕگه‌ی چواره‌می ماده‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ دابڕێژرێته‌وه‌ (له‌كاتی كاركردنی لیژنه‌ نابێت نهێنیی كارى لیژنه‌كه‌ بدركێندرێت)، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ره‌تكرایه‌وه‌ و بڕگه‌كه‌ وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ (له‌كاتی كاركردنی لیژنه‌ هه‌ر ئه‌ندامێك نهێنیی كارى لیژنه‌كه‌ بدركێنێت ئه‌ندامییه‌تیی لیژنه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌دات)، پاشان كۆی ماده‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.

ماده‌كانی (47،46،45)ى په‌یڕه‌وه‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان لیژنه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و كارى به‌دواداچوون و پشكنین و گه‌ڕان به‌دوای راستییه‌كان و ئاراسته‌كردنی راپۆرت و راسپارده‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ، دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ وه‌كو خۆی به‌جیا په‌سند كران.

به‌مجۆره‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كۆتایی به‌ به‌شی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كه‌ هێنا و دوای پشوویه‌كی كورت دانیشتنه‌كه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌ و به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاساكانی (ده‌سته‌به‌ركردنی نوێنه‌رانی ئافره‌تان له‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، یاسای رێكخستن و یه‌كخستنی عه‌لوه‌كان) كران و له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كران و داواش كرا كه‌ هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاساكه‌ سیفه‌ی ئیستعجالیان پێبدرێت.

به‌پێی خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كاریش به‌ كۆی ده‌نگ په‌رله‌مانتار په‌ری صالح حه‌مید، بۆ سه‌ر لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی زیاد كرا.

سه‌باره‌ت به‌ خاڵی چواره‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش كه‌ بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی ده‌وڵه‌ت، له‌سه‌ر داوای وه‌زراه‌تی شاره‌وانی به‌مه‌به‌ستی ره‌خساندنی كاتی زیاتر بۆ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاساكه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتری، دواخرا بۆ دانیشتنی رۆژی دووشه‌مه‌ی داهاتوو و دانیشتنه‌كه‌ كۆتایی پێهات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.