دوای ئەوەی وا بڵاوكرایەوە كە كوردانی فەیلی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستانن ناتوانن دەنگ بدەن و تەنیا لە بەغدا دەتوانن، رێكخراوێكی كوردانی فەیلی داوا دەكات رێگە بدرێت كوردانی فەیلی لە هەرێم لێرەوە دەنگ بدەن و لە دەنگدان بێبەش نەكرێن.
رێكخراوی بیشتكۆی كوردانی فەیلی و كوردانی دەرەوەی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا داوا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دەكات كە رێگە بە كوردانی فەیلی لەوانەی دانیشتووی هەرێمی كوردستانن بدرێت بەوەی لە شوێنی نیشتەجێبوونیان تۆماری دەنگدانیان بۆ نوێ بكرێتەوە و مافی دەنگدانیان پێ بدرێت، وەك هەر هاووڵاتییەكی تر كە بۆی هەیە هەر چوار ساڵ لە هەڵبژاردن دەنگ بدات.
ئەم رێكخراوە ئاماژەیدا كە كوردانی فەیلی لە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی زانیاریمان بە دەست گەیشت كە مافی دەنگدانیان تەنیا لە بەغدا هەیە و ئەوەیش شتێكی سەختە لە رووی كردەییەوە، چونكە ئەوان لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن و ناتوانن بچن بۆ بەغدا بۆ دەنگدان.
رێكخراوەكە هۆشداریدا لە بێبەشكردنی كوردی فەیلی لە دەنگدان و داوایشی لە چالاكانی كوردی فەیلی كرد كە لەو بارەوە جموجۆڵ بكەن بۆ پاراستنی دەنگیان و مافی رەوای خۆیان لە دەنگدان و هاوشێوەی ئاوارەكان مامەڵەی تایبەتیان بۆ بكرێت كە دەتوانن لە هەرێمی كوردستان دەنگ بدەن كە بە پێی ئامارەكانی ئەم رێكخراوە نزیكەی 3 هەزار كوردی فەیلی لە هەرێمدا ژیان بە سەر دەبەن .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.