Erbil 15°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 13:50

نێچیرڤان بارزانی و یان کۆبیش فراوانکردنی گفتوگۆکانی هه‌ولێر و به‌غدایان دووپاتکرده‌وه‌

هه‌نگاوی زۆر ماون بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان
کوردستان TV
#7
100%

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق له‌ دیدارێكدا فراوانكردنی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان دووپاتكرده‌وه‌.

به‌ پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ری فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4/2/2018 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز یان كۆبیش،نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق و خاتوو ئه‌لیس والبۆل جێگری نوێی نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا كۆبیش خۆشحاڵیی خۆی به‌ گفتوگۆكانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌تایبه‌تی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵدا ئه‌نجام دراون، ده‌ربڕی و ئاماده‌ییی خۆی بۆ هه‌ر هاوكاری و پشتگیرییه‌ك به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی زیاتری ته‌كنیكیی نێوان هه‌ردوولا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسی ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم، نیشان دا.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هه‌وڵ و پشتگیرییه‌كانی كۆبیشی بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش‌ دا كه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌نگاوی زۆر ماون بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ڵام ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای به‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی جددیتری نێوان هه‌ردوولا زانی.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

ئاماده‌كردنی: رزگار

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.