Erbil 34°C دووشەممە 30 ئەیلوول 16:33

خەسرۆ گۆران: ئامادەکاریی خۆمان کردووە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا

گۆران: لە وادەی یاساییدا  لیستی ناوی خۆمان ئامادە دەکەین
کوردستان TV
100%


بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی کاندیدانی خۆمانین بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لە وادەی یاساییدا  لیستی ناوی خۆمان ئامادە دەکەین.

خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند" ئامادەکاریی خۆمان کردووە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراقدا و ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی کاندیدانی خۆمانین بۆ ئەو ھەڵبژاردنە، بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە لق و ئەنجومەنی سەرکردایەتییەکانی خۆمان کردووە، ناوەکانی خۆیان بۆ ئێمە ڕەوانە بکەن و دواتریش ئێمە پێویستمان بە چەند ڕۆژێکە بۆ ئەوەی پۆڵێنیان بکەین و دواتریش لەگەڵ سەرکردایەتیی خۆمان تاوتوێیان بکەین."

خەسرۆ گۆران گوتی" بۆ دیاریکردنی کاندید بۆ ئەو ھەڵبژاردنە، ڕێنمایی و پێوەرو فێلتەرمان داناوە، کە پێیدا تێپەڕ دەبن، لەوانە دابەشکردنێکی دادپەروەرانە دەبێت لە ڕووی جوگرافییەوە و پێویستە کەسانی پسپۆڕ و لێھاتوو و شارەزا بن و خۆشەویست بن لای خەڵک و کەسانی دەستپاک بن و شەعبیەتێکی باشیان ھەبێت، بۆیە دەمانەوێت ئەم جارە جیاواز بن و باشترینیان ھەڵبژێرین."

لەبارەی بەشداریکردنیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان گوتی" جگە لە پارێزگای کەرکووک، لە ناوچەکانی دیکە زۆر بە ھێزەوە بەشداری دەکەین و ھەوڵ دەدەین زۆرترین کورسی بەدەست بێنین."

بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا ٢٠٥ قەوارەی سیاسی خۆیان تۆمار کردووە لە کۆمسیۆن، کە لەوانە ٢٧ ھاوپەیمانی پێک ھێندراون، کە خۆی  لە ١٤٣ قەوارە پێک دێت و ئەوانەی دیکەش بەجیا بەشدارییان کردووە و لە چواری ئەم مانگەوە پرۆسەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدان دەستی پێ کردوووە و تاوەکو ١٠ی مانگی دابێ بەردەوام دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.