ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دانیشتنی شەوی رابردوویدا سەبارەت بەو هێرشەی توركیا بۆ سەر شاری عەفرین لە سوریا هیچ بڵاوكراوەیەكی ئیدانەكردنی هاوبەشی دەرنەكرد .
ئەم دانیشتنە بەپەلەیەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر داوای فەرەنسا ئەنجامدرا و باڵیۆزی فەرەنسا لە نەتەوە یەكگرتوەكان فرانسوا دۆلاتر نیگەرانی خۆی بەرامبەر بەو بارودۆخە سەختەی باكووری سوریا دەربڕی بەوەی توركیا هێرشێكی زەمینی و ئاسمانی بەرفراوانی بۆ سەر هێزە كوردیەكان دەستپێكردووە .
باڵیۆزی فەرەنسا هەمان لێدوانی جان ئیف لۆردیان وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی دووبارە كردەوە كە داوای لە دەسەلاتدارانی توركیا كرد كە دان بە خۆدا بگرن ، ئەم داوایەش كۆدەنگی تەواوی ئامادەبووانی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی بوو .
دۆلاتر تەئكیدی كردەوە كە یەكێتی هاوپەیمانان لە شەری دژ بە داعش لە پێشینەی كارەكانمانە و عەفرین كێشەیەكی ئەوتۆ نیە تەنها قەیرانێكە لە نێو قەیرانەكانی سوریا .
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس ، هیچ لێدوانێك لە لایەن هیچ نوێنەرێكی دیكەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرنەچوو دوای ئەوەی كە نیكی هیلی باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتوەكان بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكرد .
سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.