ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان بووەتە مژارێکی گەرمی میدیای ناوچەکە بەتایبەت لە تورکیا و زۆربەیان تیشکیان خستووەتەسەر کشانەوەی رووسیا لەو شارە و گەمارۆدانی لەلایەن سوپای تورکیاوە.
دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەرەشەی ئەنجامدانی هێرشی بۆ سەر عەفرین کرد، رۆژانە میدیاکانی تورکیا بەچڕی باس لەو ئەگەرە دەکەن و خستوویانەتە بەر باس و شرۆڤە.
"رووسیا کشایەوە و عەفرین گەمارۆدراوە" ئەمە مانشێتی سەرەکی رۆژنامەی ستاری تورکییە. رۆژنامەکە دەڵێ، سەربازەکانی رووسیا ناوچەکەیان بە تەواوەتی چۆڵکردووە و ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن ئەمریکاوە بە چەکی قورس پڕچەککراون، گەمارۆدراون.
سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد کە تورکیا پاڵپشتی دەکات بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنی گەمارۆدان و بە تۆپ و چەکی قورس بنکەکانی پەیەدەیان کردووەتە ئامانج.
رۆژنامەی ئەکشامی تورکی "رووسیا دەکشێتەوە، ئۆپەراسیۆنی عەفرین لە ئان و ساتدایە"ی کردووە بە مانشێت و دەڵێ، کشانەوەی سەربازەکانی رووسیا دوای سەردانی سوپاسالاری تورکیا و راوێژکاری میت بۆ ئەو وڵاتە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنی سەربازی رووسی، رێگاکان لەبەردەم تورکیا کرانەوە.
"دواجار پەنجە بە دوگمەدا نرا" ئەمە مانشێتی ئەمڕۆ رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکییە، کە تێیدا ئاماژە بەوەدراوە، تورکیا لەبارەی عەفرین لەگەڵ رووسیادا رێککەوت، سەربازەکانی رووسیا کە وەک چاودێر لە عەفرین دەمانەوە دەستیان بە کشانەوە کردووە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی سووریا. بە کشانەوەی دوایین سەرباز گەورەترین ئۆپەراسیۆن دژی پەکەکە لەو ناوچەیە دەستپێدەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.