Erbil 17°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 00:15

ئاسایشی سلێمانی دانپێدانانی گرووپێکی تیرۆریستی بڵاوکرده‌وه‌

پیلانیان دانابوو بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و سلێمانی
کوردستان TV
#7
100%


دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ، لەسەر بنەمای زیاتر لە 100 رۆژ، لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون، زانیاری ورد بەدەستدەهێنن، لەسەر بوونی چەندەها گروپی تیرۆرستی داعش، كە پیلان دادەنێن بۆ تێكدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم و سلێمانی.

بەپێی راگەیێندراوێکی ئاسایشی سلێمانی، دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لەسەر بنەمای زیاتر لە 100 رۆژ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، توانیویانە زانیاری ورد بەدەستدەھێنن لەسەر بوونی چەندەها گرووپی تیرۆریستی داعش کە پیلانیان داناوە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و سلێمانی.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، دوای دەستکەوتنی سەرەداوی پیلانەکان و بەرچاوڕوونی، دەرکەتووە ئەو گرووپانە بە دوو ئاراستە و دوو رێگەی جیاواز مەرامیان بووە ئارامی کوردستان تێکبدەن.

بەڕێوبەرایەتی  ئاسایشی سلێمانی گوتی: دوای دەستکەوتنی زانیاری، بۆیان دەرکەوتووە گرووپێک لەو تیرۆریستانە کە سەرجەم ئەندامەکانی ژنن لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشە بۆ بیر و فیکری داعش دەکەن و ئامانجیان بووە ژوورێکی راگەیاندنی ھاوبەش پێکبھێنن بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانی تیرۆرستانی داعش لە ھەرێمی کوردستان و ئامادەکاری بکەن بۆ ھاوکاریکردنی شانە نەنوستووەکان لە کاتی جێبەجێکردنی مەرامەکانیان.

ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاندووە، لەسەر ھەمان بنەما، شوێن و ناسنامەی ئەندامانی ئەو گرووپە، کە بۆ یەکەمجارە لە ھەرێمی کوردستان سەرھەڵدەدەن و سەرجەمیان ژنن دیاریکراوە و بە فەرمانی دادوەر ھەڵمەتی دەستگیرکردنیان دەستیپێکردووە.

دوای ئەوەی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنی پلانەکانی دەرکردووە  بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی گرووپەکە، دواتر  ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی پلانەکانیان بەسەر چەند قۆناخێکدا دابەشکردووە، لەو رێگەیەوە بە ھاوکاری  بەڕێوبەرایەتییەکانی ئاسایشی راپەڕین، رۆژئاوای سلێمانی، شارەزوور، کۆیە، کەرکووک و گەرمیان لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرکەوتویی ھەڵمەتی دەستگیرکردنی گرووپەکەیان دەستپێکرد.

لە یەکەم ھەڵمەتی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانیدا  لە رۆژی 23-7-2017، "تیرۆرست (ک -ت) کە لە رەگەزی مێیە و خێزاندارە، خاوەنی سێ منداڵە دەستگیردەکرێت. دوای لێکۆڵینەوە دان بە تاوانەکەیدا دەنێت، کە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە،پەیوەندی بە تیررۆرست (ج - م)ـەوە دەکات، پاشان گەورە ترۆرست (عومەر مھاباتی)  دەناسێت و بەپێی چەند بەرنامەیەک کار بۆ بڵاوکردنەوەی، بیری تووندڕەوی داعش دەکەن و چەند جارێک داوای لێدەکرێت بچێتە ژێر دەستی داعش".

ھەر لە بەردەوامی ھەڵمەتەکانی ھێزەکانی دەزگای ئاسایش "لە رۆژی 23-7-2017 تیرۆرست (ن - ت) لە رەگەزی مێ دەستگیردەکەن کە خێزاندارە و خاوەنی پێنج منداڵە. پەیوەندی بە ھەمان گرووپەوە ھەبووە و بەھەمان شێوە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایە تییەکانەوە پەیوەندی دەبەستێت لەگەڵ تیرۆرست (عومەر مھاباتی) تاوەکو رۆژی دەسگیرکردنی بەردەوام دەبێت لەگەڵیاندا".

ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە  لە رۆژی 25-7-2017 تیرۆرست ( ب -ک) لە رەگەزی مێ، تەمەن 30 ساڵ کە خاوەنی دوو منداڵە دەستگیر دەکەن، کە بەھەمان شێوە، لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە دەکەوێتە ژێر كاریگەری فیکری داعش و پەیوەندی لە گەڵ گەورە تیرۆریست (چالاک عەبدوڵڵا)  کە پلەی ئەمیری ھەبووە لەناو داعش ناسراو بە ( ئەبو ئەنەس کەرکووکی ) دەبەستێت. کار دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانی داعش و چەند ئەرکێکی دیکەشی پێدەسپێردرێت، بەڵام پێش ئەنجامدانیان دەستگیردەکرێت".

ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە رۆژی 26-7-2017  ژنێک بەناوی (ر-  ف) کە ھەڵگڕی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە و تەمەنی 28 ساڵە دەستگیر بکەن، کە پەیوەندی لەگەڵ ( ب- ک ) ھەبووە و لەڕێگەی فەیسبووکەوە بانگەشەی  بۆ بڵاوکردنەوەی بیری داعش کردووە.

پێشتر بە چاودێری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە چەند شار و ناوچەیەکی جیاجیای ھەرێمی کوردستان "گرووپێکی تیرۆریستی" دیکەی سەر بە داعش ئاشکرادەکەن، کە "لە خۆڕێکخستن و ئامادەکاری بوون بۆ تێکدانی ئارامی سلێمانی و دەوروبەری".

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، چەند ئەندامێکی ئەو گرووپەش پەیوەندییان بە گرووپی ژنانی داعشەوە ھەبووە، ھەماھەنگ بوون بۆ بڵاوکردنەوەی بیری داعش و ئامادەکردنی چەند ژنێکیان تاوەکو لەکاتی کردەوە تیرۆریستیەکاندا ھاوکاریان بن، بەڵام ئاسایشی سلێمانی بە ھاوکاری ئاسایشی راپەڕین، رۆژئاوای سلێمانی، شارەزور، کۆیە، کەرکووک و گەرمیان ئۆپەراسۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی گرووپەکەی دەستپێکردووە.

لە رۆژی 21-7-2017 "تیرۆرست ( ج .م) کە پیشەی کاسبە و ناسراوە بە (ئەبو جیھاد) لە یەکێک لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان دەستگیر دەکەن، کە برایەکیشی لەناو داعشە بەناوی (ئیحسان). بڕە پارەیەکی لەلایەن داعشەوە بۆ دەنێردرێت و داوای لێدەکرێت چەندین پارچە چەک و پێداویستی تەقەمەنیان بۆ بکڕن، تەواوی ئەو کارانە بەھاوکاری چەند کەسێک جێبەجێدەکات، بەڵام پێش ئەنجامدانی  کردەوەی تیرۆریستی دەستگیردەکرێت".

پاشان لە ھەمان رۆژ  توانراوە تۆمەتبار (م - ئ) کە پیشەی چەک فرۆشتنە دەستگیر بکرێت، کە بێئاگایەنە چەک و تەقەمەنی بە ( ج - م) فرۆشتووە، بێئەوەی دەزگای ئاسایش ئاگاردار بکاتەوە لە بەرامبەر بڕەپارەیەک ئەو کارە لە دەرەوەی یاسا دەکات.

ھەر پەیوەست بە گرووپەکەی سەر بە داعش، رۆژی 21-7-2017 تۆمەتبار (ی -م) کە پیشەی ئەندازیارە، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیردەکرێت ،کە ھەماھەنگ و ھاوکاری دەربڕیوە بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنییەکان بۆ گرووپەکەی داعش بە شێوازی نھێنی.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئاسایش ئەندامانی ئەو گرووپە لەلایەن "ھەردوو گەورە تیرۆریست (عومەر مھاباتی و ئەبو ئەنەس کەرکووکی)  سەرپەرشتی کراون و ئامادەدەکران بۆ کردەوەی تیرۆریستی، ئەوە بوو لە رۆژی 3-8-2017 توانرا تیرۆست ( ع -ع) تەمەن 31 ساڵ دەستگیربکرێت، کە چەندین جار پەیوەندی لەگەڵ بەستراوە و ئامادەکراوە بۆ کارکردن لەگەڵ داعش، بەڵام پێش ئەوەی بەشداربێت لە کردەوەی تیرۆریستی دەسگیرکرا.

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی ئەو دوو گرووپەدا چەندین "تۆمەتبار و تاوانبار"ی دیکە دەستگیرکراون کە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدان بە بڕیاری دادوەر لە بەر سەلامەتی لێکۆڵینەوەکان و رەوتی دۆسیەکان ناسنامە و کەسایەتییان بەشاراوەیی ھێڵراونەتەوە.

وەك شارەزایانی بواری سەربازی و هەواڵگری باسی لێوەدەكەن ، ئەگەر چی داعش لە رووی سەربازییەوە شكستی هێناوە، بەڵام فكری توندڕەوییان و هێزیان بونی ماوە، هەتا ئێستاش مەترسین بۆ هەرێم ، بۆیە دەزگای ئاسایش، ئەركی قورستر دەبێت لە لایەك، بۆ دانانی پلانی تۆكمەتر، بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆرو رێگری لە هەر مەرامێك بیەوێت ژیان لە هەرێم تێكبدات، لەلاكەی دیكەش خەمی زیاتریان پاراستنی ئەزمونی هەرێم بێت، كە ئەم ئامانجەش بە هاوكاری هێزی پێشمەرگەو هەموو دەزگا ئەمنی و هێزەكانی ناوخۆو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دێتە دی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.