Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 07:57

ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان یادی رۆژی جیهانی سینه‌ما ده‌کرێته‌وه‌

كۆمه‌ڵێك چالاكی جۆراوجۆری هونه‌ری تێدا نمایش ده‌كه‌ین
yide senami
کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ ڕۆژی پێنجشه‌م 28/12 له‌ یادی ڕۆژی جیهانی سینه‌ما، هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ كوردستان شانبه‌شانی وڵاتانی جیهانی یادی ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و چالاكی جۆراوجۆری هونه‌ری تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌ هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی ئاماده‌كارییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ كۆتا و ئه‌مڕۆ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن.

له‌ شاری هه‌ولێر، هونه‌رمه‌ند پشتیوان عه‌بدوڵا سه‌رپه‌رشتیاری رێوڕه‌سمی یادكردنه‌وه‌ی رۆژی جیهانی سینه‌ما له‌ شاری هه‌ولێر راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌ سه‌عات پێنجی ئێواره‌ له‌ هه‌ولێر رێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت به‌ڕۆژی جیهانی سینه‌ما و 122 ساڵه‌ی ساز ده‌كه‌ین و كۆمه‌ڵێك چالاكی جۆراوجۆری هونه‌ری تێدا نمایش ده‌كه‌ین، ئه‌و رێوڕه‌سمه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك سینه‌ماخواز له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان ساز ده‌كرێت له‌به‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی كوردستانی تێدایه‌.

كاوه‌ قادر به‌ڕێوه‌به‌ری سینه‌مای سلێمانی ڕاگه‌یاند: ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ كه‌ ده‌كاته‌ ٢٨/١٢/٢٠١٧ هاوكات ساڵڕۆژی جیهانی سینه‌مایه‌، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ فیلمێكی سینه‌مایی به‌ ناونیشانی. (Releta) له‌ هۆڵی سیتی سینه‌ما له‌ شاری سلێمانی نمایشده‌كرێت

فیلمه‌كه‌ باس له‌ كچانی ئێزیدی ده‌كات له‌ ساتی ڕاوه‌دونانیان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌، به‌ زاراوه‌ی بادینی، پێشتر له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی سینه‌مای دهۆك به‌شداری كردووه‌ و بۆ دووه‌مین جاره‌ له‌ كوردستان نمایشده‌كرێت.

فوئاد جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای مه‌ستی فیلم راگه‌یاند: بۆ پیرۆزكردنی رۆژی سینه‌مای جیهانی، به‌هاوكاری سینه‌ما سالم ئێواره‌یه‌كی تایبه‌ت به‌فیلم ساز ده‌كه‌ین به‌ نمایشكردنی چه‌ندان فیلمی كوردی، ئاهه‌نگی گۆرانی و موزیك به‌به‌شداری گۆرانیبێژانی ناسراوی كورد دیاری قه‌ره‌داغی و بڵند قه‌ره‌داغی و توانا فه‌ره‌ج و پێشكه‌شكردنی شه‌هێن سابیر .

شایه‌نی باسه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ فڕه‌نسا برایانی لۆمیر ده‌ستیان پێ كردووه‌ و له‌و ڕۆژه‌دا وێنه‌ی جووڵه‌ ده‌ستی كرد به‌نمایش و ساڵی 1895 یادی 100 ساڵه‌ی له‌ پاریس كرایه‌وه‌ و ئێسته‌ش ئه‌و هۆڵه‌ سینه‌مایییه‌ له‌ فڕه‌نسا به‌رده‌وامه‌ و ساڵانه‌ له‌ وڵاتان یادی ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌كرێته‌وه‌ به‌شێوه‌ی جیاواز.

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.