Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 19:34

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی چیک ڕه‌وشی عیراق و هه‌رێمی کوردستان تاوتوێ ده‌که‌ن

باڵیۆزی چیك ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ هاوكاریكردنی حكوومه‌تی هه‌رێم نیشان دا
کوردستان TV
100%


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14/12/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز یان ڤیتشال باڵیۆزی وڵاتی چیك له‌ عیراق و خاتوو ئیڤا درداكۆڤا كونسوڵی چیك له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز ڤیتشال مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته ‌ڕوو كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارى‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و میكانیزمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخ و قه‌یرانه‌كانى ئێستا ببێت، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم كۆببێته‌وه‌ و سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان بكات.


پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانیان له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان و گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانیان به‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كان و به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ داموده‌زگا‌كانی حكوومه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هاوكاریكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا نیشان دا.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌كانی چیكى بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به هۆكاره‌كانی دروستبوونی قه‌یرانه‌كان كرد، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌‌ وێڕاى كه‌مبوونه‌وه‌ى گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڵام هیچ گفتوگۆیه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نییه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ستووری عیراق وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌بینێت.

پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌ت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی كۆده‌نگیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌م قۆناغه‌دا، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان‌، چۆنیه‌تیی تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌ ئابووری و سیاسییه‌كان، پلانی حكوومه‌ت بۆ چاكسازی له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كان، خسته ‌ڕوو. به‌ پێویستیشى‌ زانى كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵی زیاتر ببینێت له‌ هاوكاریكردنی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پشتگیریكردنی ژێرخانی ئابووریی‌ هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.