Erbil 3°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 05:21

پەرلەمانی کوردستان ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ حکومەت خستەڕوو

سندوقى خانەنیشنى کارادەکرێت و میکانیزمى خانەنیشنى کارى پێدەکرێت
کوردستان TV
100%


پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و  قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و هه‌ندێك له‌ وه‌زیره‌كان و سكرتاریه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و سه‌رۆكی لیژنه‌كانی پیشه‌سازی و وزه‌و دارایی و یاسایی كۆبوونه‌وه‌.


له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ 2017/12/13، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هۆڵی پرۆتۆكۆل له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.

شاندی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و خاتوو بێگه‌رد  تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان و ئه‌ندامییه‌تیی  سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌رى لیژنه‌كانی دارایی و كاروبارى ئابوورى و وه‌به‌رهێنان و پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان و كاروباری یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكارانى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان پێكهاتبوو، شاندی حكومه‌تیش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌ندامییه‌تی مه‌ولود باوه‌موراد، وه‌زیری كاروباری په‌رله‌مان و سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی یاسایی و ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكارانی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران پێكهاتبوو.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌رخان كرابوو بۆ خستنه‌ڕووی راپۆرتی وه‌زراتی دارایی و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ داهات و خه‌رجییه‌ گشتییه‌ خه‌مڵێندراوه‌كان بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی داراییی 2018 و خستنه‌ڕووی بژارده‌كانى به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌گه‌رى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕالیی عێراق یاخود رێكنه‌كه‌وتن.

به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌رخان كرابوو بۆ خستنه‌ڕووی پڕۆژه‌ی چه‌ند بڕیارێكی چاكسازی له‌ بواری رێكخستنه‌وه‌ی كه‌رتی وه‌زیفه‌ی گشتی و خانه‌نشینی و مووچه‌ (له‌ كه‌رته‌كانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی و هێزه‌كانی ئاسایشى ناوخۆ).

سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مان، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی حكومه‌ت، كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی به‌ره‌و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت وه‌سف كرد و ئاماده‌یی په‌رله‌مانیان بۆ هه‌ر هه‌نگاوێكی جدیی چاكسازیكردن له‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم  ده‌ربڕی، به‌ تایبه‌ت له‌ نزیكه‌وه‌ كاركردن و به‌دواداچوونی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ كاروبارى وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌ت.

پاشان سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم سوپاسی پێشوازیی ئاماده‌بووانی كرد و خۆشخاڵیی خۆی به‌ ئاماده‌بوون له‌ په‌رله‌مان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: "ئامانجمانه‌ په‌رله‌مان له‌ دۆخی دارایی و هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت بۆ چاكسازی ئاگادار بكه‌ین دوای ئه‌و قه‌یران و دۆخه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمدا هات، راسته‌ دۆخێكی تا بڵێی سه‌خت هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام به‌ ته‌نسیق و هه‌ماهه‌نگیی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت ده‌توانین ئه‌و دۆخه‌ تێپه‌ڕێنین.

جه‌ختیشی له‌سه‌ر فاكته‌رى یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرده‌وه‌ و ستایشی هه‌ڵوێستی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانیشی كرد كه‌ له‌ به‌غدا به‌یه‌كهه‌ڵوێست به‌رگرى له‌ ماف و ده‌سكه‌وته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم گووتیشی: "هه‌رچه‌نده‌ تابلۆی ئێستای په‌رله‌مان خواستراو نییه‌ به‌ڵام سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان خه‌مخۆری تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ن.

دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت، تیشك خرایه‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌  ئامانج رەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران، رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا دوو بژاردە باسکراوە ئەوانیش رێكکەوتن لەگەڵ بەغدا یان رێکنەکەوتن، هەردوو ئەگەرەکەش بەوردى گفتوگۆى لەسەرکرا و هەموو ئەگەرەکانیش بۆ دابینکردنى مووچە تاووتوێ کران".
 
گووتیشی: "هەناردەى نەوتى هه‌رێم  بۆ نیوە کەمى کردووە و داهاتەکەشى کەمبۆتەوە  بۆ نیوە، کە دواى دەرکردنى خەرجى تەنها 400 ملیار بۆ مووچە دەمێنێتەوە".
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران،  رایگه‌یاند: "سندوقى خانەنیشنى کارادەکرێت و میکانیزمى خانەنیشنى کارى پێدەکرێت و  پێداچوونەوە بەخانەنیشنى دەکرێت و لەگەڵ پەرلەمانیش یەکدەنگین لەسەر بەدەستهێنانى مافى خەڵکى کوردستان و خەڵک هەیە چەندین ساڵ خزمەتى کردووە و خەڵکیش هەیە له‌ دامەزراوە کاتى خانەنیشنى نەهاتووە، بەڵام خانەنیشن کراوەو ئێستا ناکرێت بەیەکچاو سەیریان بکرێت".
گووتیشی: " پێداچوونەوە بە دەرماڵەى سەرجەم وەزارەتەکان دەکرێت و هەرکەسێک شایستەى مووچە نەبێت، مووچەى پێنادرێت و کاتى ئەوە هاتووە چاکسازیى گەورە و جدى لە لیستى مووچەخۆران بکرێت و نابێت خەڵکى شایستە بکرێتە قوربانى".

سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەشکرد، کە بەمنزیکانە کۆمپانیاى دیلۆت کە وردبینى لە فرۆشتن و داهاتى نەوت دەکات دێتە پەرلەمان.

سەبارەت بە ئامادە نەبوونى ئاشتى هەورامى، وەزیرى سامانە سروشتییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران گووتى: "لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران بەشداربووە، بەڵام ئەمڕۆ نەتوانرا بەشدارى کۆبوونەوە بکات".
سەبارەت بەو پڕۆژە یاسایەى كه‌ ئەمڕۆ فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى پێشکەشى کردووە تایبەت بە چاکسازیى سیاسى و ئابوورى، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران گوووتى: "پڕۆژەکە خاڵى گرنگى تێدایه‌".

باسى لەوەشکرد، ئەو بڕەى بۆ هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجە دیاریکراوە زۆر کەمترە لەو بڕەى ئێستا بەپاشه‌کەوتەوە دەدرێتە مووچەخۆران و رایگه‌یاند: "بەهیچ شێوەیەک باس لەوە نەکراوە هەشت سەد ملیار دینار کۆبکرێتەوەو ئینجا مووچە دابەشبکرێت و کێشەى گەورە لەگەڵ بەغدا لەسەر جێبەجێنەکردنى دەستوورە یاخود دوو مانگ جارێک نیو مووچە بدرێت ئەمانە بەهیچ شێوەیەک قسەى لەسەر نەکراوه‌".

هه‌ر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا شێرکۆ جەوده‌ت،  ئەندامى لیژنەکانى دارایى و كاروباری  ئابوورى و پیشە سازى و وزە و سامانە سروشتییەکان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، رایگەیاند: "لەگەڵ شاندى حکومەت بەوردى باس لە هەموو ئەگەرێک کراوە بۆ دابینکردنى مووچە و پێویستە لەمەودوا داهات بۆ پەرلەمان روونبکرێتەوه‌، چونکە دۆخەکە زۆر خراپە و قۆناغى داهاتوو قۆناغى چاکسازى و رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى ده‌بێت".

گووتیشی: "پێویستە هەمووان بەیەکەوە هاوکاربین بۆ تێپەڕاندنى ئەو دۆخە، چونکە دۆخەکە  زۆر هەستیارە و پێویستیى بە یەکدەنگى هەیە لە پێناو تێپەڕاندنى".
شێركۆ جه‌وده‌ت، گووتیشی: "نابێت مووچەخۆرى راستەقینە بکرێتە قوربانیى مووچەخۆرى وەهمى، بەڵکو پێویستە بەوردى مووچەخۆرانى راستەقینە جیا بکرێتەوە لەو مووچەخۆرانه‌ى کە وەهمین".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "شاندێکى پەرلەمانى کوردستان سەردانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەکات و وەک دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.