Erbil 5°C شەممە 28 کانونی یەکەم 06:38

فازڵ میرانی: دەبێ ڕێکخستنی نێوماڵی کورد لە کارە سەرەکییەکانمان بێت

فازڵ میرانی پێشوازیى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى سیاسیى كونسووڵخانه‌ى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێم كرد
کوردستان TV
100%


سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كیی ئێمه‌‌ له‌ عیراقدا عه‌قڵ و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی و‌ڵاته‌،‌ نه‌ك میكانیزم، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ ڕێكخستنی نێوماڵی كورد له‌ كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانمان بێت.

ئه‌مڕۆ له‌ باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسیی پارتى دیموكراتى كوردستان، فازڵ میرانى، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پێشوازیى له‌ لوسى سمیپ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى سیاسیى كونسووڵخانه‌ى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

لەو دیدارەدا دواى بەخێرهێنانى میوان، فازڵ میرانى باسى له بارودۆخى سیاسى و ئه‌منى و ئابووریى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و پێشهاته سیاسى و ئه‌منییه‌كان، به‌تایبه‌تى دواى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ڕیفراندۆم و هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ى ناده‌ستوریى حكوومه‌تى عێراق كرد.

سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا، كه‌ هۆكارى سه‌ره‌كیی ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بێئومێدیى خه‌ڵكى كوردستان بوو له‌ جێبه‌جێنه‌كردنى ته‌واوى مادده‌كانى ئه‌و ده‌ستووره‌ى كه‌ كورد پشتگیریى كرد و‌ ڕۆڵى سه‌ره‌كى بینى له‌ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى نوێی عێراقدا پاش ساڵى 2003 و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ به‌شدارى له‌ پێكهێنانى حكوومه‌تێكى نیشتمانى و ته‌وافوقى و به‌ له‌به‌رچاوگرتنى مافى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق و جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانیان به ‌پێى ده‌ستوورى په‌سه‌ندكراوى هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد، به‌ڵام كێشه‌ى سەره‌كیى ئێمه‌‌ عه‌قڵ و چۆنییه‌تیى به‌ڕێوه‌بردنى و‌ڵاته،‌ نه‌ك مێكانیزمه، چونكه‌ ئه‌وان به‌ ویست و خواستى خۆیان كار به‌ مادده‌كانى ده‌ستوور ده‌كه‌ن بۆ مه‌رامه تایبه‌تى و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، نه‌ك جێبه‌جێكردنى ته‌واوى ده‌ستوور.

دواتر میرانى له سه‌ر پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كان یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى زۆر به گرینگ زانى‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ر ئه‌گه‌رێك و دەبێ ڕێكخستنى نێوماڵى كورد له‌ كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانمان بێت.

به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى سیاسیى كونسووڵخانه‌ى به‌ریتانیاش، سوپاسى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسیى كرد بۆ ئه‌م دیداره‌ و ته‌ئكیدى كرد، كه‌ گرینگه‌ كێشه‌كان له‌ ڕێگاى دیالۆگه‌وه‌  چاره‌ بكرێن و نابێ ده‌ست بۆ به‌كارهێنانى هێزى سه‌ربازى ببرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.