Erbil 31°C ھەینی 20 ئەیلوول 17:28

ته‌ندروستی سلێمانی ژمارەی توشبووانی ئایدز ئاشکرا ده‌کات

حەوت كەس لەشاری سلێمانی نەخۆشی ئایدزیان هەیە
کوردستان TV
100%


لەشاری سلێمانی سمینارێكی زانستی بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدز بەڕێوەچوو، له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری تەندروستی سلێمانی رایگه‌یاند: سلێمانی لەماوەی نۆ ساڵی رابردوودا 14 كەس نەخۆشی ئایدزییان هەبووە، لە ئێستاشدا حەوت حاڵەتی ئایدز لە شاری سلێمانی بوونی هەیە.

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29 تشرینی دووه‌می 2017، دیدارێكی زانستی لەشاری سلێمانی بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی ئایدز بەڕێوەچوو، كە تێیدا بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد، حەوت كەس لەشاری سلێمانی نەخۆشی ئایدزیان هەیە.

له‌ دیداره‌كه‌دا، د.میران محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: ڕێوشوێنی تەواویان گرتۆتەبەر بۆ بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی ئایدز، لەناو پڕۆگرامی خوێندنی پەروەردە نەخۆشی ئایدز دەخوێندرێت، هاوكات كاتێك دوو كەس هاوسەرگیری دەكەن، محازەرەی تایبەتیان پێدەدرێت كە باس لەنەخۆشی ئایدز دەكرێت.

د.میران وتیشی: لەكاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری یان دەرهێنانی ددان یان هەر كەسێكی دیكە كە گومانیان لێی هەبێ و لەكاتی خوێنبەخشین یان كەسێك لەدەرەوەی وڵات بێتەوە هەرێم پشكنینی بۆ دەكەن.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ده‌ڵێت: لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا چواردە نەخۆشی ئایدز لەشاری سلێمانی هەبوو، كە هەندێكیان مردوون یان ڕۆشتونەتەوە بۆ دەرەوەی هەرێم، ئێستاش لەشاری سلێمانی حەوت كەس نەخۆشی ئایدزیان هەیە و لەژیاندان، بەڵام چارەسەر و دەرمان وەردەگرن و ژیانیان ئاساییە و خێزان و منداڵیان هەیە و كەسوكاریان دەزانن كە نەخۆشن، لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردووشدا 55 كەسیان ناردۆتەوە بۆئەوروپا كە نەخۆشی ئایدزیان هەبووە.

جێگه‌ی باسه‌، تاكو ئێستا لەجیهاندا 36.6 ملیۆن كەس نەخۆشی ئایدزیان هه‌یه‌ و یەك ملیۆن كەس تەنها لە ساڵی 2016دا گیانیان لەدەستداوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.