Erbil 12°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 17:41

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دۆخی ئاواره‌کانی که‌رکووک و دووزخورماتوو تاوتوێ ده‌کات

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
100%


ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌یڕه‌وى دامه‌زراندنى ئه‌نجومه‌نه‌كانى شاره‌وانى له‌ هه‌رێمى كوردستان په‌سه‌ند كرد به‌مه‌به‌ستى ڕێكخستنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كان له‌به‌ر ڕۆشناییى یاساى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان ساڵى 2009،  ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داواى له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كرد به‌په‌له‌ هاوكارییان پێ بگه‌یه‌نن و وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تیشى ڕاسپارد له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ هاوكاریى ئاواره‌كان بكه‌ن، جه‌ختیشى له گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێد و ماڵ و حاڵى خۆیان كرده‌وه‌.
 

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27/11/2017 به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوایین سه‌ردانى شاندى باڵاى حكوومه‌ت بۆ لاى حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ تاوتوێكردنى دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ى ده‌رچه‌یه‌ك بۆ دۆخى ئێستا و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا.

دواتر به‌ڕێز فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، ڕاپۆرتێكى ده‌رباره‌ى سه‌ردانێكى فه‌رمیى خۆى بۆ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا پێشكه‌ش كرد. تیایدا ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ دیداره‌كانیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆشكى سپى و كۆنگرێس و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا، دۆخى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى كوردستان، ڕووداو و گرژییه‌كانى دواى ڕیفراندۆم و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا، تاوتوێ كراون.

به‌ڕێزیان جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا خوازیارى ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان په‌ره‌ پێبدات و پشتگیرى له‌ قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تێكى به‌هێز و یه‌كگرتووى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، به‌ هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش خۆشحاڵه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات، بۆیه‌ هه‌ردوولا هان ده‌دات ئاگربه‌ست به‌رده‌وام بێت و به‌ گفتوگۆ بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ر.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌یڕه‌وى دامه‌زراندنى ئه‌نجومه‌نه‌كانى شاره‌وانى له‌ هه‌رێمى كوردستان په‌سه‌ند كرد به‌مه‌به‌ستى ڕێكخستنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كان له‌به‌ر ڕۆشناییى یاساى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان ساڵى 2009، كه‌ له‌لایه‌ن خاتوو نه‌ورۆز مه‌ولوود وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزاره‌وه‌، خرایه‌ ڕوو.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌روه‌ها پلانى وه‌زاره‌تى بۆ په‌ره‌پێدان و چاكسازى له‌ به‌ڕێوه‌بردنى چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنى زبڵ و خاشاك له‌ هه‌رێمى كوردستان په‌سه‌ند كرد كه‌ مه‌به‌ست لێى ڕاگرتنى پاكوخاوێنى زیاترى شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕینمایى و هۆشیاركردنه‌وه‌، چاره‌سه‌ركردنى پاشماوه‌ ته‌ندروستییه‌كان و زبڵ و خاشاكه‌ به‌ سیسته‌مێكى پێشكه‌وتوو له‌پێناو ژینگه‌یه‌كى خاوێنتر و ته‌ندروستدا وه‌ك له‌ پلانى وه‌زاره‌تدا هاتووه‌.

به‌ڕێز مه‌حموود حاجى ساڵح وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، تایبه‌ت به‌ ڕووداوه‌كانى دووزخورماتوو و كه‌ركووك و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ئاواره‌كانى هه‌ردوو شاره‌كه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیداره‌ى گه‌رمیان، كه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌نجامى دابوو، ڕاپۆرتێكى پێشكه‌ش كرد. تیایدا ئاماژه‌ى بۆ دۆخى سه‌ختى ئاواره‌كان كرد و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ پێویستییان به‌ كۆمه‌ك و هاوكارى هه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش پێداویستیى هه‌نووكه‌یى و خێرا، وه‌ك دابینكردنى چادر و هۆكاره‌كانى خۆگه‌مكردنه‌وه‌ و بنیاتنانى كه‌مپ و بنكه‌ى ته‌ندروستى و قوتابخانه‌ى گه‌ڕۆك و پێداویستییه‌كانى دیكه‌ى ژیان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داواى له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كرد به‌په‌له‌ هاوكارییان پێ بگه‌یه‌نن و وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تیشى ڕاسپارد له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ هاوكاریى ئاواره‌كان بكه‌ن. جه‌ختیشى له گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێد و ماڵ و حاڵى خۆیان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى ڕاسپارد بۆ كۆكردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌ و دۆكیوومێنت له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ى دژ به‌ خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام دراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.