Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 07:28

کۆمسیۆن داوا ده‌کات هەرسێ هەڵبژاردنی هەرێم لە یەک کاتدا ئەنجام بدرێن

کۆمسیۆن: ئێمە نووسراوێکمان ئاراستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە
کوردستان TV
100%


سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، نووسراوێکمان ئاراستەی حکوومەتی ھەرێم کردووە و تێیدا داوامان کردووە، ھەرسێ ھەڵبژاردنی ھەرێم لە یەک کاتدا ئەنجام بدرێت.

بڕیار بوو ئەمساڵ لە سەرەتای مانگی ١١دا ھەردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر بۆ کاتێکی نادیار دوا خران و تەمەنی پەرلەمان بۆ دوو خول درێژ کرایەوە، بۆ ئەوەی بۆشاییی یاسایی دروست نەبێت، تا ئەوکاتەی ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.

لەم بارەیەوە، (ھندرێن محەمەد ساڵح)، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە نووسراوێکمان ئاراستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، کە وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان دیاری بکات و پێمان باشە ھەرسێ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و سەرۆکایەتیی ھەرێم لە یەک کاتدا ئەنجام بدرێن.''

لەبارەی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانەوە، گوتی: ''ئەو یاسایەی پەرلەمان وادەی خۆی پێ درێژ کردووەتەوە و باس لەوە دەکات تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە، ئێمە پەیڕەوێکمان دەرکردووە بۆ خاوێنکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ناوی دووبارە و مردووەکان و دیاریکردنی دەنگدانی تایبەت و دەرھێنانی ناوی ئاوارەکان.''

لەبارەی ئەوەی چ کاتێک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان باشە، (ھندرێن محەمەد ساڵح) باسی لەوە کرد: ''پێمان باشە لە سەرەتای مانگی چواری ساڵی دابێدا ئەنجام بدرێت و تا ئەوکاتە دەتوانین ھەموو ئامادەکارییەک بکەین و بوودجەشمان زۆر پێویست نییە و نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلار بەسە بۆ ئەنجامدانی ئەو ھەڵبژاردنانە.''

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.