Erbil 13°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 12:09

سەرۆک بارزانی: ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە کاتییە و تێدەپەڕێت

سەرۆك بارزانی له‌گه‌ڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كه‌ركووك گه‌رمیانی پارتی كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
100%

 

سەرۆك بارزانی رایگه‌یاند هۆكاری ئەو بارودۆخە ڕیفراندۆم نییە بەڵكو زۆر لەمێژەیە كە بەغدا نییەتی پەلاماردانی كوردستانی هەبووە. ڕیفراندۆم ئەنجامیش نەدرابا پیلان لەدژی كەركووك هەر لە ئارادا بوو، گوتیشی ڕیفراندۆم دەنگی ڕەوا و ئاشتیانەی گەلە و بە هیچ یاسا و حكوومەتێك ئەو دەنگە ئاشتیانەیە هەڵناوەشێتەوە.

ڕۆژی یه‌كشەممە 26ـی 11ـی 2017 لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی و بەرپرس و كارگیڕانی لق و ناوچە و بەرپرسانی ئیداری و ئەندامانی پارلەمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری كەركووك گەرمیان كۆبۆیەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و لە دەستپێكی وتەكەیدا هاوسۆزیی خۆی دەربڕی بۆ ئامادەبووان و ئەو خەڵكەی كە لە دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر تووشی ئێش و ئازار و ئاوارەیی هاتوون و جەختیشی كردەوە كە ئەو ئازیزانە هەمیشە لەپێناو مەبادئی و كەرامەتی كوردستان بە درێژایی مێژوو قوربانیان داوە.

سەرۆك بارزانی بە تێروتەسەلی باسی لە ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و ئەو بارودۆخە ناخۆشە كرد كە بەسەر كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاتووە و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان نەشكاوە بەڵكو خیانەتی لێكراوە، شكستیش كاتێك دەبێت كە ئیرادە تێكشكابێت.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە هۆكاری ئەو بارودۆخە ڕیفراندۆم نییە بەڵكو زۆر لەمێژە كە بەغدا نیەتی پەلاماردانی كوردستانی هەبووە. ڕیفراندۆم ئەنجامیش نەدرابا پیلان لەدژی كەركووك هەر لە ئارادا بوو. سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكەیدا ڕیفراندۆمی بە بڕیارێكی ڕاست و دروستی گەلی كوردستان زانی كە دەبوایە زووتر ئەنجام درابا و بە پیرۆزترین و ڕەواترین دەستكەوتی نیشتیمانی و نەتەوەیی گەلی كوردستانی لەقەڵەم دا. هەروەها گوتیشی ڕیفراندۆم دەنگی ڕەوا و ئاشتیانەی گەلە و بە هیچ یاسا و حكوومەتێك ئەو دەنگە ئاشتیانەیە هەڵناوەشێتەوە. ئەوەی كە كۆسپی بۆ ئەو دەستكەوتە مەزنە دروست كردووە خیانەتی تاقمێك بوو كە پشتیان لەگەلی كوردستان كرد و كەركووكیان فرۆشت و ڕادەستیان كرد و ئەگەر خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر نەبا ئێستا گەلی كوردستان لە دۆخێكی تر دا بوو.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان شیی كردووە، كە دۆخی خیانەت و داگیركاری و فەرزی ئەمری واقع بە زۆر و چەك، ناسنامەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناگۆڕێت. ئێمە هەمیشە، ئێستا و پێشتریش گوتوومانە كە دەمانەوێ كەركووك و ناوچەكانی تر بكرێنە نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و پێكهاتەكان و فەرزی ئەمری واقع بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێت.

لە كۆتاییدا سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كرد و داوایشی كرد كە ئیرادە و ئومێدیان بەهێز بێت چونكە دۆزی گەلی كوردستان ڕەوا و عادیلە و ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە كاتییە و تێدەپەڕێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.