Erbil 11°C شەممە 23 تشرینی دووەم 22:34

هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق بۆ ماوه‌ی ساڵێک یان دوو ساڵ دواده‌خرێن

واده‌ی به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان كێشه‌ ده‌خاته‌ نێوان شیعه‌و سوننه‌كان
کوردستان TV
100%

بارودۆدۆخی ناهه‌موارو هه‌لومه‌رجی ناجێگیری  سیاسی عێراق ئه‌گه‌ری دواخستی هه‌ڵبژاردنه‌كان زیاتر ده‌كات

له‌ ئێستادا مشت و مڕ و مژاری گه‌رمی شیعه‌كان و سوننه‌كان له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ شیعه‌كان و سوننه‌كان ده‌یانه‌وێت به‌ دوای ده‌رچه‌ی یاسایی بگه‌رێن بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ندێك له‌ شیعه‌كان ده‌یانه‌وێ هه‌ڵبژاردن  ساڵێك دوابخرێت و سوننه‌كانیش رایان وایه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ دوا بخرێن.

له‌م باره‌یه‌وه‌ نه‌دا مێرگه‌سۆری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: بارودۆخی عێراق ئه‌وه‌نده‌ ناجێگیره‌ پێشبینی ده‌كه‌ین هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ كاتی خۆیدا ئه‌نجامنه‌درێن.

هه‌روه‌ها گوتی : له‌ ئێستادا قه‌یرانه‌ داراییه‌كان و سیاسیه‌كان و ناوخۆییه‌كان به‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌یان گرتووه‌و توانای چاره‌سه‌ركردنیان نه‌ماوه‌، عێراق زۆربه‌ی یه‌ده‌گه‌كانی خۆی له‌ بانكى ناوه‌ندی به‌كار هێناوه‌و یه‌ده‌گی كه‌می ماوه‌ ، ئه‌وه‌ش دیسانه‌وه‌ هۆكاره‌ بۆ  ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی خۆیدا.

گوتیشی: له‌ ئێستادا شیعه‌كان له‌ ناو خۆیاندا چه‌ند كوتله‌ن، كوتله‌ی مالیكی و كوتله‌ی عه‌بادی له‌ دیارترین كوتله‌كانی شیعه‌ن و ململانێیه‌كی زۆر گه‌وره‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و حوكمداری له‌ نێوانیاندایه‌ و هه‌ر كامێكیش له‌و كوتلانه‌ پشت ئه‌ستووره‌ به‌ پشتگیری وڵاتی زلهێز.

سه‌باره‌ت به‌ سوننه‌كانیش رایگه‌یاند: ئه‌وان ده‌یانه‌وێ 2 ساڵ ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و حكومه‌ت درێژ بكرێته‌وه‌ تاوه‌ك و خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌ ، چونكه‌ هه‌روه‌ك ئاگادارن كۆی شه‌ره‌كان له‌ ناوچه‌ سونییه‌كان كراوه‌و زۆربه‌ی سوننه‌كانی عێراق ئاواره‌ی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی عێراقن، بۆ ئه‌مه‌ش سوننه‌ ده‌یه‌وێت سوود له‌و 2 ساڵه‌ وه‌ربگرێت تا خۆی كۆبكاته‌وه‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق به‌ سه‌نگ و ده‌نگێكی به‌هێزترو گه‌وره‌تر بێته‌وه‌ ناو گۆره‌پانی سیاسی، چونكه‌ گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی خۆیاندا بكرێن سوننه‌ ئه‌وه‌ی هه‌شیه‌تی له‌ ده‌ستی ده‌دات و ده‌نگی كپ ده‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌ كورده‌كانیش نه‌دا مێرگه‌سووری رایگه‌یاند: تا ئێستا  سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد هیچ بریارێكی نه‌داوه‌ ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق.

پێداچوونه‌وه‌: رزگار   

كوردستان TV

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.