ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو پرۆسەیەی ناونراوە ھەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی جگە لەبانگەشەی پێشوەختی ھەڵبژاردن ھیچی تر نییە.
عەلاوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەچەندین ساڵی رابردوودا بەردەوام قسە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکرێت و لەبەرامبەریشدا رۆژ لەدوای رۆژ گەندەڵی لەناو پرۆسەی حکومڕانیدا زیاتر دەبێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنەکانیش ئەو پرۆسە گەرم دەکرێتەوە، ھیچ کاریگەرییەکی نەبووە.
وتیشی، ماوەی چەند رۆژێکە جارێکی قسە لەسەر ھەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکرێت، بەڵام ئەمەش جگە لەبانگەشەی پێشوەختی ھەڵبژاردنی ھیچی تر نییە، بەھیچ شێوەیەکیش ئەو ھەڵمەتە دەستپێناکات، چونکە سەرەتا لێپرسراوانی باڵای حکومەت دەگرێتەوە.
عهلاوی رونیكردۆتهوه كه بنەبركردنی گەندەڵی تەنها بەیەك كەس ئهنجامنادرێت، چونكە ئەم نەخۆشیەیە ماوەی 13 ساڵە بەناو عێراقدا بڵاوبۆتەوەو هەمو جومگەكانی داگیركردووە، بۆیە پێویستی بەهاوكاری دامەزراوەو دادگاو پەڕلەمان هەیە.
چهند رۆژێك لهمهوبهر لهسهر زاری چهند بهرپرسێكی حکومەتی عێراقهوه باس لهوه كرا كه حكومهت بەھاوکاری تیمێکی نێودەوڵەتی، ھەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و تۆمەتبارانی دزینی نەوت و سامانی گشتی دەستپێدەکاتو لیستێکیش بەناوی گەندەڵکارەکان بڵاودەکرێتەوە.
ناوبراو لە 1ی حوزەیرانی 2004 تاکوو 3ی ئایاری 2005 سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە بەشێوەیەکی کاتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.