شانديَكى پەرلەمان سەردانی کونسوڵی ئێرانیان لە هەولێر کرد
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە یاوەریی سکرتێری پەرلەمان سەردانی کونسووڵی ئێرانیان لە هەولێر کرد و هاوخەمیی پەرلەمانی کوردستانیان بۆ قوربانیانی بومەلەرزە گەیاندە کونسووڵی ئێران.
بە مەبەستی گەیاندن و دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانییانی بوومەلەرزەكەى كرماشان و سەرپێلی زەهاو و ناوچەكانی تر لە كۆمارى ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢/١١/٢٠١٧، (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە یاوەریی خاتوو (بێگەرد تاڵەبانی)، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانى پەرلەمان و ڕاوێژكارانی پەرلەمانی كوردستان سەردانی كونسووڵخانەی ئێرانیان لە شاری هەولێر كرد.
لەو سەردانەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پرسە و هاوخەمیی خۆی و پەرلەمانی كوردستانى سەبارەت بە قوربانییانی بوومەلەرزەكەى هەفتەی ڕابردوو، كە بەشێكی زۆرى شار و شارۆچكەكانى هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆمارى ئیسلامیی ئێرانی گرتەوە، گەیاندە كونسووڵخانەی ئێران و ڕایگەیاند: ''تەواوی قوربانیانی بوومەلەرزەكە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ گەورەیی كارەساتەكە بەتایبەتی لە ئێران، كە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵكێكى زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیل.''
هەر لەو سەردانەدا جێگرى سەرۆكی پەرلەمان، باسی هەرێمی كوردستانیشى كرد كە بێبەش نەبوو لەو ڕووداوە و زەرەر و زیانەكانی ئەو بوومەلەرزەیە و هیوای خواست كە گیانی قوربانییانی بوومەلەرزەكە بە بەهەشت شاد بێت و هیوای زوو چاكبوونەوەشی بۆ بریندارەكان خواست.
لەبەرامبەردا كونسووڵی ئێران لە شاری هەولێر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو سەردانە دەربڕی و باسی لە پەیوەندیی مێژووییی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمارى ئیسلامیی ئێران كرد و هیوای خواست كە پەیوەندییەكان زیاتر بەرەوپێشەوە بچن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.