Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 21:02

ئه‌کره‌م که‌عبی: هه‌ندێک له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ هاوکارییان کردین بۆ گرتنه‌وه‌ی که‌رکووک

له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (الاخبار)ی لوبنانی
کوردستان TV
100%


ئه‌كره‌م كه‌عبی، سكرتێری گشتی میلیشیای چه‌كداری "نوجه‌با"ی عێراقی، كه‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ ئێرانه‌ رایگه‌یاند، حاجی قاسم سوله‌یمانی رۆڵێكی باشی هه‌بوو له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌ "جێناكۆكه‌كان" و چوونی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بۆ ئه‌و ناوچانه‌.
 
كه‌عبی گوتیشی: "هه‌ندێك له‌ هێزه‌ نیشتمانییه‌كانی (پێشمه‌رگه‌) هاوكارییان كردین و به‌بێ هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك و قوربانییه‌ك هێزه‌كان چوونه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌".

كه‌عبی له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "الاخبار"ی لوبنانی، سه‌ر به‌ حزبوڵڵا، رایگه‌یاندووه‌، شێوازی چۆنیه‌تی گه‌یشتنی چه‌كدارانی میلیشیاكه‌ی و میلیشیا شیعه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ ئێران، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ده‌جه‌نگن روونكرده‌وه‌ و گوتی: "وه‌كو گرووپێكی گه‌شتیاری و سه‌ردانیكار ده‌چنه‌ سووریا، له‌وێش چه‌كوچۆڵ و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازییان بۆ ئاماده‌ كراوه‌".

روونیشیی كرده‌وه‌، حكوومه‌تی عێراق  هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ هێزه‌كانی ئه‌وه‌وه‌ نییه‌ و ئه‌وان گرووپێكی گه‌شتیارین به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی و یاسایی چوونه‌ته‌ سووریا.

میلیشیای "نوجه‌با" راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ عه‌قیده‌ی عه‌لی خامه‌نه‌یی، رێبه‌ری باڵای ئیسلامی ئێرانه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و ده‌یان میلیشیایه‌ی كه‌ ئێران بۆ شه‌ڕكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د، ره‌وانی سووریای كردوون.

میلیشیاكان رۆڵێكی دیارییان له‌ شه‌ڕه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی دیمه‌شق و ده‌شته‌كانی حیمس و دێره‌زوور و حه‌له‌ب هه‌بووه‌ و له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ش، شانبه‌شانی سه‌ربازانی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د جه‌نگاون.

له‌ باره‌ی "لیوای ئازادكردنی جۆلان"ی سه‌ر به‌ میلیشیای "نوجه‌با" رایگه‌یاند، لیواكه‌ له‌ناو خاكی سووریا بوونی هه‌یه‌ و ده‌جه‌نگێت، دووپاتیشی كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن رژێمی سووریاوه‌ بۆ "ئازادكردنی جۆلان" داوایان لێبكرێت، به‌شداری له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا ده‌كه‌ن.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، میلیشیاكه‌یان هاوكاری هه‌ر هێزێك ده‌كات، كه‌ له‌ دژی ئیسرائیل ده‌جه‌نگێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.