Erbil 22°C ھەینی 20 ئەیلوول 21:43

ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان: هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرپەرشتی شەڕەکەی ئەمڕۆیان کردووە

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بلاوکردەوه
کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕی ئەمڕۆی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە رایگەیاند، هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرپەرشتیی شەڕەکەیان کردووە.

لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 26-10-2017)ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستاندا ناوی ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبی ئاشکراکراوە دژی پێشمەرگە شەڕیانکردووە، کە پێکهاتوون لە "کەتیبەکانی ئیمام عەلی، بزووتنەوەی نوجەبا، لیوای تەوافوق، لیوای حوسەین، فەیلەقی بەدر، لیوای ئەلعەباس، کەتیبەکانی جوندی ئیمام و بەرپەرچدانەوەی خێرا و ئەوانەش هەموویان لەژێر سەرپەرشتی هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس بەشدارییان لە شەڕەکەدا کردووە".

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی ئێران لە چوار قۆڵەوە لە باکووری رۆژئاوای موسڵ هێرشیان دەستپێکردووە، ئەوانیش بەردییە و حەمەد ئاغا بەرەو ئاراستەی عەین کوەیس، موشەرەف بە ئاراستەی سوفەییە، لە رەبیعەوە بەرەو مەحموودییە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان دەڵێت "بەپێی زانیارییەکان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕەوە هێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی، ئەو چەکانەی کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕی دژی داعش بە عێراق دراون، ئەوەش دژی دەستووری عێراقە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا زیانەکانی هێزە عێراقییەکان ئاشکرا کراوە و دەڵێت "پێشمەرگە بەشێوەیەکی قارەمانانە بەرپەرچی هێرشەکانی سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی سوپای پاسدارانی ئێران دایەوە و لە ئاکامدا سێ تانک، پێنج هامڤی و یەک باجەری دووژمن تێکشکان".

ئەنجوومەنی ئاسایش داوا دەکات، بەزووترین کات ئەو هێرشانە بوەستن و عێراق هێزەکانی بکشێنێتەوە، عێراق بۆ گفتوگۆ بگەڕێتەوە تاوەکو ناکۆکییە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.