لە پڕێس کۆنفرانسێکدا نێچیرڤان بارزانی و مەلا بەختیار ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی یەکێتیی و پارتییان ئاشكرا كردو رایانگهیاند كه کۆبوونەوەکەیان سەرکەوتوو بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا پارتی و یەکێتیی بڕیاریان داوە پێکەوە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بکەن و پێداگریان کردووە لەوەی کە بێ مەرج دیالۆگ لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەسەرپەرشتیی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فوئاد مەعسووم سەرۆک کۆماری عێراق نیزیکەی 5 سەعات لە دۆکان کۆبوونەوە.
لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە لە پرێسکۆنفرانسێکی هاوبەشدا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بە سەرکەوتووی راگەیاند.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، نابێ ئێران داخستنی سنوورەکان وەک فشار بەکاربهێنێ، چونکە لە بەرژەوەندی کەسدا نییە و هیچ کێشەیەکیش چارەسەر ناکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "هیوادارین بەغدا هێز بەکارنەهێنێت و ئەو هەڵەیە نەکات، چونکە لە حکومەتەکانی پێشوو بەهێزتر نییە".
نێچیرڤان بارزانی جەختیکردەوە، ئەنجامی ریفراندۆم هەڵناوەشێتەوە و ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەین.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی " بڕیارمانداوە ئەگەر گفتۆگۆ بکەین هەموو لایەنەکان پێکەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکەین".
لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا لە سەرەتای مانگی داهاتوو، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هەموو لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێ، بەڵام پەرلەمان بڕیار لەسەر وادەی هەڵبژاردن دەدات، بە دواخستن و دوانەخستن، ئەگەر دواشبکەوێ مانای ئەوە نییە زۆر دوادەکەوێت.
كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.